ئێلی کوهێن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کە سەردانی ئاڵمانی کردووە وتوویەتی بۆ سنووردار کردنی بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی تەنیا دوو بژاردە هەیە؛ گەڕاندنەوەی سەرجەم گەمارۆکان و هەبوونی بژاردەیەکی سەربازی باوەڕپێکراو.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەسۆشێدێت پرێس، کوهێن لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی ڕۆژی سێشەمە٩ی ڕەشەمە، لەگەڵ هاوتا ئاڵمانیەکەیدا جەختی کردووە لە ئێستادا دەبێت ئاڵمان و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا هەنگاو بنێن بۆ پێشگیری کردن لە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە وتارەکانیدا داوای بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی کرد و وتی سپای پاسداران بە شێوەی بەرین ڕۆڵی لە چالاکییە تیرۆریستییەکانی ناوچەکەدا هەیە.
پێشتر، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو ئامانجی سەرەکی لە ئامادەبوونی ئێلی کوهێن لە ئاڵمان "ڕێگری کردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دەستڕانەگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی بووە".
ئنالێنا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە پرێس کۆنفرانسی ئەمڕۆدا وتی وڵاتەکەی وەک ئیسرائیل نیگەرانە لە ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە پیتاندنی ٨٤٪ ی یۆرانیۆم لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە. بە وتەی خاتوو ئانالێنا، هیچ پاساوێکی ناسەربازی بۆ ئەم ئەم ئاستە لە پیتاندن نییە.
ئاڵمان یەکێک لە ئەندامانی شورای بڕیاردانی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆمی و هەروەها لە واژۆکارانی بەرجام لە ساڵی ٢٠١٥ دایە. خاڵی سەرەکی گفتوگۆکانی ئەندامانی شواری بڕیاردانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە دووشەمەی داهاتوودا پیتاندنی ٨٤٪ی یۆرانیۆمی کۆماری ئیسلامی دەبێت.
تێبینییەکەت بنووسە