پاش تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان دوای کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە گرتووخانەی گەشتی ئیرشاد، بە هەزاران خەڵکی ناڕازی لە دەیان شاری ئێران سەرەڕای کەشی قورسی ئەمنییەتی، بە ئامادەبوون لەسەر مەزاری گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکان، جگە لە گوڵبارانکردن و بەرز ڕاگرتنی یادی گیانبەختکردووانی ناڕەزایتییەکانی ئەم دواییانە، لە دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان وتەوە.
بەپێی ئەم گرتە ڤیدیۆیە ئەمڕۆ پێنجشەمە ٢٥ی ڕەشەمە، هاوڵاتیانی شاری #سەقز بۆ یادکردنەوەی گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم داوییانە لە گۆڕستانی ئایچی ئەم شارە کۆبوونەوە.#مهسا_امینی #ناڕەزایەتی_سەراسەری pic.twitter.com/yvzT3sg7lX
— ئێرانوایەر (@kurdishiranwire) March 16, 2023
بەپێی ڕاپۆرتەکان پاش نیوەڕۆی ۲٥ی ڕەشەمه، خەڵک سەرەڕای کەشی قورسی ئەمنییەتی و ئامادەیی بەرینی هێزە ئەمنییەتییەکان، لە شارە جیاوازەکانی ئێران، بە ئامادەبوون لەسەر مەزاری گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە و گوڵبارانکردنی گڵکۆکانیان، لە دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان وتەوە.
لە ئارامگەی ئایچی سەقز و مەزاری ژینا (مەهسا) ئەمینی، بگرە تا بەهەشتی زەهرای تاران، لە بەهەشتی سەکینەەوە تا گۆڕستانی حەیاتەلغەیبی خۆڕەمئاباد، لە ئیزە، زاهێدان، ئەراک و بەهەشتی زەهرای مەشهەد، ناڕازیان بە بەرز ڕاگرتنی یادی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە، لەسەر بەردەوامبوونی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" جەختیان کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاو کراوەتەوه، ئارامگەی شارەکانی کرماشان، ڕەشت، ئەنزەلی، ئەهواز، تەورێز، جوانڕۆ، مهاباد، ئەسفەهان، سەمیرۆم، دیواندەرە، شاهینشەهر، فوومەن، لاهیجان، شیراز، ئێشتێهارد، جوونقان، کامیاران، دیولان، سنە و سەقز و زۆرەی شارەکانی دیکە شایەتی ئامادەیی بەرینی خەڵک و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکان، لەسەر گڵکۆی ئازیزانیان بوو.
بەپێی ئەم گرتە ڤیدیۆیە ئەمڕۆ خەڵک و بنەماڵەی گیانبەختکردووان لە گوندی ماویان سەر بە شاری #کامیاران لەسەر گڵکۆی #فواد_مەحەمەدی لە کوژراوانی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان، کۆبوونەوە و بە دانانی وێنەی گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە یادیان کردنەوە. #مهسا_امینی pic.twitter.com/xRBQIITkAo
— ئێرانوایەر (@kurdishiranwire) March 16, 2023
بەشێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن لەو ڕێوڕەسمانەدا کە لە بەهەشتی زەهرای تاران، بەهەشتی ڕەزای مەشهەد، ئارامگەی ئایچی سەقز، بەهەشتی محەمەدی سنە، ئارامگەی ئەراک و لە بەهەشتی سەکینەی کەرەج بەڕێوەچووە تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەتییەکان ڕووی داوە.
بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە دەیان شاری ئێراندا لە حاڵێک دایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بانگەشەی ئەوەیان کردووە ناڕەزایەتییەکان کۆتایی پێهاتووە.
تێبینییەکەت بنووسە