"هەستی حوسەینپەناهی" ئەو قوتابییەی کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە شاری دێولان و بە هۆی سەرکوتی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بریندار کرابوو، چبووە حاڵەتی کۆماوە گڕایەوە بۆ ژیان.
ئەمڕۆ ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١، "کۆڵبەر نیوز"، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند "هەستی حوسەینپەناهی" لە کۆما هاتووەتەوە دەرەوە و باری تەندورستی جێگیرە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ماڵپەڕە هەستی حوسەینپەناهی کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکاندا لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە بە باتۆم لێیدرابوو و چبووە کۆماوە دوای زیاتر لە سێ مانگ لە کۆما هاتووەتە دەروە و باری تەندورستی جێگیرە.
لە دوایین وێنەدا کە لەم کچە قوتابییە بڵاو کراوەتەوە، نیشان دەدات وشیاری بەدەست هێناوەتەوە و باری تەندورستی بەرەو باش بوون دەڕوات.
هەستی حوسەینپەناهی، قوتابیی تەمەن ١٦ ساڵان، هاوڵاتی خەڵکی قوروچیای سەر بە شاری دێولان لە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە بە باتۆم لە سەری درابوو و بەم هۆیەوە چبووە کۆماوە.
پێشتر کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەوڵیان دابوو هۆکاری برینداربوون و خەواندنی ئەم قوتابییە وەک ڕووداوێک نیشان بدەن.
هەر لەم پێوەندییەدا سەرۆکی گشتی دادگوستەریی کوردستان ڕۆژی یەکشەمە ٢٢ی خەزەڵوەر، ڕایگەیاندبوو هەستی حوسەینپەناهی، چوارشەمە ١٨ی خەزەڵوەر، پێش گەڕانەوەی لە قوتابخانەوە بۆ گوندەکەیان، لە حاڵێکدا باری دەروونی باش نەبووە، خۆی لە ناو ئەو ماشێنەی هاتووچۆی پێکردوون خستووەتە خوارەوە.
هەروەها شۆرای هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان، لە زاری سەرچاوە خۆجییەکانەوە ڕایگەیاندبوو: "ناوەنده ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە باوکی هەستی کردووە کە خۆی مامۆستای پەروەردە و بارهێنانە، و پێیان وتبوو نابێت هیچ زانیارییەک لەسەر ئەم بابەتە بڵاو بکاتەوە."
لە دوایین زانیارییەکاندا وردەکاری زیاتر لەسەر هۆکاری چوونە کۆمای هەستی بڵاو کرایەوە و لەوێدا هاتبوو کە هەستی و چەند قوتابی دیکە ڕۆژی ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە لایەن بەڕێوەبەری قوتابخانە و حیراسەتەوە بانگهێشت کراون و پێیان وتراوە بەپێی ئەم گرتە ڤیدیۆیەی لەبەر دستماندایە ئێوە لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداریتان کردووە. هەر لەسەر ئەم بابەتە هەڕەشەیان لێکردبوون.
شایانی باسە لە کاتی هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکان بۆ سەر قوتابخانەکان ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان بریندار بوون و دەستگیر و ڕادەستی ناوەندەکانی ئیسڵاح و تەربیەت کراون.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە سەرەڕای گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان ناڕەزایەتییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر لە سەراسەری ئێراندا بەردەوامە.
تێبینییەکەت بنووسە