ناڕازیانی شاری زاهێدان لە یەکەم هەینی ساڵی نوێی هەتاویی و مانگی ڕەمەزاندا وەک هەموو هەینییەکانی حەوتووەکانی ڕابردوو شەقامەکانیان داگیرکردەوە.
ناڕازیان لە زاهێدان ئەمڕۆ ٤ی خەکەلێوەی ۱٤۰۲، دروشمەکانی "سلطنت ولایت یکصد سال جنایت"، "میکشم میکشم آنکه برادرم کشت" و "این آخرین پیامه، هدف کل نظامه" یان وتەوە.
لە کاتی دەست پێکردنی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ۱٤۰۱ و پاش هەینی خوێناویی زاهێدان، خەڵکی ئەم پارێزگایە بۆ ماوەی ۲٥ حەوتوو بە شێوەی بەردەوام و لە دوای نوێژی هەینی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.
هەروەها مەولەوی عەبدولحەمید ئیمامی جومعە و جەماعەتی ئەهلی سونەتی زاهێدان، لە یەکەمین هەینی ساڵی نوێی هەتاوییدا، وێڕای ئاماژە کردن بە قوربانیانی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان بەتایبەت ناڕەزایەتییەکانی شاری زاهێدان وتی: "لێرەدا و لەم موسەلایەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان بەخۆڕایی شەهید بوون و ئەمە دەریدەخات چەندە هەڵە لە وڵاتەکەماندا دەکرێت کە کوشتنی خەڵک قورسترین گوناهە."
مەولەوی عەبدولحەمید بۆ جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی زاهێدان بە "فیشەکی جەنگی" هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون.
هەروەها مەولەوی عەبدولحەمید ئاماژەی بە "ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژانە" لەگەڵ زیدانیانی سیاسی لە زیندانەکانی کۆماریئیسلامی کرد و وتی سەرەڕای ئەوەی کە دبێت بۆ نەورۆز خۆشحاڵی بکرێت، بەڵام خەڵکی ئێران لە بری ئەوەی خۆشحاڵ بن، بە گریانەوە لەسەر "گڵکۆی شەهیدان" ناڕەزایەتیان دەست پێکردتووەتەوە.
بەڕێز عەبدولحەمید وتی: "ڕاستە لە ئێستادا ناڕەزایەتییەکان کەم بووەتەوە، بەڵام دڵەکان ڕەنجاو و بریندارن."
هەروەها مەولەوی عەبدولحەمید لە ساڵی تازەدا بۆ جارێکی دیکە پێشنیاری کرد بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کە لە ساڵی تازەدا دان بە"خواست و داواکارییە ڕەواکانی زۆرینەی خەڵک" بنێنن.
ئەو لە بەشێکی دیکەی وتارەکانی نوێژی هەینی زاهێداندا، بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ناویی عەلی خامنەیی بهێنێت، وڵامی وتارەکانی ئەو سەبارەت بە دۆخی ئابووریی ئێرانی دایەوە و وتی ئەگەر "گەورەکان" بە دوای گۆڕانکاریی لە ئابوورییدان، دەبێت سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بگۆڕن.
شایانی باسە ئەو سەبارەت بە کێشە ئابوورییەکانی ئێران جەختی کردەوە لە ئێستادا خەڵک "لە دەستەبەر کردنی ژیانێکی ئاساییدا ماونەتەوە".
تێبینییەکەت بنووسە