مامۆستایانی ناڕازی ئەمڕۆ سێشەمە ٨ی خاکەلێوەی ۱٤۰۲، لانیکەم لە شارەکانی تەورێز، بجنورد، زەنجان، مەلایەر، ئەردەبیل، کرماشان و هەمەدان لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە و بارهێنانی ئەم شار و پارێزگایانەدا گردبوونەوەی ناڕەزەیەتیان بەڕێوە برد.
ئەم گردبوونەوانە لە دۆخێکدا بەڕێوەچووە کە هێشتا پشووی نەورۆز لە ئێران کۆتایی نەهاتووە و قوتابخانەکان داخراون.
مامۆستایان وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە پرسی بژێوی ژیان لەو گردبوونەوەیانەدا بەشدار بوون.
لە کاتێکدا چەند ڕۆژێک بەسەر دەستپێکی ساڵی نوێ لە ئێران تێپەڕیوە، هەواڵی دژبەیەک لە لایەن بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان و میدیاکانەوە سەبارەت بە خەرجکردنی پاشەکەوتی مامۆستایان بڵاو کراوەتەوە.
یوسف نووری، وەزیری پەروەردە و بارهێنان و هەروەها بەرپرسانی بانکی ئێران ڕایانگەیاندووە مووچەی مانگی ڕەشەمەی "تەواوی مامۆستایان" دراوە، هەواڵدەری تەسنیم ڕۆژی چوارشەمە ۲ی خاکەلێوە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە: "بەپێی ڕاگەیاندنی مامۆستایان، هێشتا بەشێکی زۆر لە مامۆستایان لە پارێزگا جیاوازەکانی ئێران مووچەی مانگی ڕەشەمەی خۆیان بەتەواوی وەرنەگرتووە."
هەروەها ئەم هەواڵدەرییە نووسی مووچەی پەیوەست بە پلەبەندی مامۆستایان نەدراوە، بەڵام جێگرەوەی پلاندانان و گەشەپێدانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان پێنەدانی موچە نەدراوەکانی پلەبەندی ڕەت کردەوە.
پێشتر شورای هەماهەنگی ڕێکخراوە پێشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، لە پەیامی نەورۆزی خۆیاندا جەختیان کردەوە: "بەپێی بەڕێوەبردنی سەقەتی یاسای پلەبەندی، جێبەجێ نەکردنی یەکسانسازی مووچەی خانەنشینان، زیادکردنی هەڵاوسان و ڕاگەیاندنی هیڵی هەژاری، ئێمە هێشتا مافی ناڕەزایەتی دەربڕینمان هەیە و پاشەکشێ ناکەین."
ئەم شورایە بە ئاماژە کردن بە ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام و گردبوونەوەکان ڕایگەیاند: "داواکارییەکانی مامۆستایان کە بێگۆمان دەسپێکی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە گشتی و ئاسایی کردنەوەی شەقامەکان بووە، بەردەوام درێژەی دەبێت."
هەروەها شورای هەماهەنگی ڕێکخراە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران ڕایگەیاندووە کە بە نیازە بانکێکی زانیاری دروست بکات تا ناوی ئەو مامۆستا و قوتابیانەی بە شێوەی جیاواز لەوانە دەستگیر کردن، بانگهێشت کردن، هەڕەشە، تۆمارکردنی دۆسیە لە لێژەی سەرپێچی، تۆمار کردنی دۆسیە لە ناوەندە دادوەرییەکان یان بە شێوەی دیکە ئازاردراون، تۆمار بکرێت.
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە