"ژینا مودەڕسگورجی"، ڕۆژنامەنووسی ناسراو و چالاکی مافی ژنان لە سنە، ڕۆژی دووشەمە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، لەم شارە دەستگیر کرا.
"فەرزاد سەیفیکاران"، ڕۆژنامەنووس لە ئەکاونتی ئینستاگرامی خۆی نووسیویەتی کە خاتوو ژینا لە شوێنی کارەکەی کتێب فرۆشی ژیرا، لە لایەن چەند هێزێکی ئەمنییەتییەوە کە خۆیان نەناساندووە و ئاشکرا نەبووە سەر بە چ ناوەندێک بوون، "ڕفێندراوە".
بەڕێز سەیفیکاران لە زمانی سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی، ژینا مودەڕسگورجی بە شێوەی توندوتیژانە ڕفێندراوە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، پشتڕاستی کردووەتەوە لە ئێستادا ئەم چالاکی مافی ژنان لە زیندانی ژنان و لە ناوەندی ئیسلاح و تەربیەتی شاری سنە دەستبەسەر کراوە.
ژینا مودەڕسگورجی پێشتر لە بەرواری ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە شاری سنە بۆ کاردانەوە بەرامبەر کوژرانی "ژینا ئەمینی" لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستگیر کرابوو.
خاتوو ژینا پاش ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەر بوون لە بەندی ژنانی زیندانی سنە لە بەرواری ٨ی خەزەڵوەر، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیون تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
هەروەها لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا ئەم ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە ناسراوە بە ئامادەبوون لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنە تۆمەتە تازەکانی بۆ ڕوون کرایەوە و بەرپرسی دۆسیەکەی بڕیاری دەستبەسەر کردنەکەی گۆڕی بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی.
لەم کۆبوونەوەی دادگادا، ڕاگەیەندرا بە "هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی" لە ڕێگەی پێکهێنانی گرووپی نایسایی و ئەندام بوون لەوێدا تۆمەتبار کراوە. ئەمە لە حاڵێک دایە کە پێشتر بە "پڕوپاگەندە دژی سیستم" تۆمەتبار کرابوو.
زینا مودەڕسگورجی، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی شاری سنەوە بە نووسراوە و تەلەفۆن بانگهێشت کرابوو.
تێبینییەکەت بنووسە