چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی هەینی ٥ی جۆزەردان باسیان لە گیان بەخت کردنی "ئەبولفەزل ئەمیرعەتایی"، یەکێک لە بریندارەکانی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئەم دواییانە کرد.
بەپێی نووسینی لاپەڕەی ١٥٠٠ تەسویر، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١دا لە شەهریڕەی تەقەیان لەسەری ئەبولفەزل ئەمیرعەتایی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەم لاپەڕە تویتێرییە، ئەم لاوە ١٦ ساڵ تەمەنە دوای چەند مانگ مانەوەی لە کۆمادا، وشیار بوەوە بەڵام لە کۆتاییدا گیانی لە دەست دا.
چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە تویتەر نووسیویانە، لای چەپی کاسەسەری ئەبولفەزل ئەمیرعەتایی بە هۆی تەقەی فیشەکەوە بە تووندی زیانی بینیوە و کۆمەڵێک لە دەمارە عەسەبییەکانی لەناو چووبوو.
پێش ئەمە کۆمەڵێک وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو ببوونەوە کە ئەم لاوە ١٦ ساڵانەی لە حاڵەتی کۆمادا نیشان دەدا.
ڕێکخراوی مافی مرۆیی ئێران ڕۆژی سیشەمە ١٥ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانەوە لە ئێران لانیکەم ٥٣٧ کەس بە دەستی هێزە چەکدارە چکوومەتییەکانەوە کوژراون کە لە نێویاندا ٨ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵانن.
تێبینییەکەت بنووسە