دوای دەمەقاڵێی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و تاڵەبان لەسەر حەقئاوی هیرمەند، سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندووە کە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەمە لە ویلایەتی نیمروزی ئەفغانستان، هێزەکانی سەرسنووری ئێران لەگەڵ هێزەکانی تاڵەبان لە ناوچە سنوورییەکاندا تەقەیان لە یەک کردووە و تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە نێوانیاندا ڕووی داوە.
ڕۆژنامەی "٨ی سوبح"ی ئەفغانستان ڕۆژی شەمە ٦ی جۆزەردان، لە زمانی "بەرپرسانی خۆجێییەوە" نووسیویەتی کە هێزەکانی ئێران و تاڵەبان لە وێلسوالی کونگی ویلایەتی نیمروز "تێکهەڵچوونی چەکدارانە" لە نێوانیاندا ڕووی داوە.
بەشێک لە سەرچاوەکانی هەواڵی ئەفغانستان وەک هەرات نیوز کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیان بڵاو کردۆتەوە کە نیشان دەدات پاسەوانانی ئێرانی بە چەکی قورسەوە شاریان کردۆەتە ئامانج. لەم تێکهەڵچوونەدا زیاتر لە ١٠ کەس کوژراو و بریندار هەیە. بەشێک لە سەرچاوەکان کوژرانی ٤ کەس لە هێزەکانی تاڵەبانیان ڕاگەیاندووە. هەروەها سەرچاوەکانی تاڵەبان بانگەشەیان کردووە دوو بنکەی سنووری ئێرانیان داگیر کردووە.
هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران، بە پشتڕاست کردنەوەی ئەم تێکهەڵچوونە لە نێوان هێزەکانی ئێران لە سنووری نیمروز و ژمارەیەک لە هێزەکانی تاڵەبان لە سنووری ئەفغانستان، وتوویەتی: "هێشتا هۆکاری ئەم تێکهەڵچوونە دیاری نەکراوە."
هەر بەم پێیە لاپەڕەی تێلێگرامیی "سپای سایبریی پاسداران" بەبێ ئاماژە کردن بە هۆکارەکانی ئەم تێکهەڵچوونە، ڤیدیۆی تێکهەڵچوونی چەکدارانەی نێوان هەردوولای بڵاو کردۆتەوە. هەر لەم کاناڵەدا گرتە ڤیدیۆیەک لە هێرشی تۆپخانەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی تاڵەبان بڵاو کراوەتەوە.
گرژییەکانی نێوان بەرپرسانی تاڵەبان کاتێک زیاتر بوویەوە کە ئیبراهیم ڕەئیسی لە سەفەرێکدا بۆ سیستان و بەلووچستان "هۆشداریی جدی"ی دابوو بە ئەفغانستان کە لە ڕێگەی هیرمەندەوە حەقئاوی ئێران دابین بکات. ئەم هۆشدارییە کاردانەوەی گاڵتەجاڕانەی یەکێک لە فەرماندەکانی تاڵەبانی لێ کەوتەوە و وەزارەتی دەرەوەی تاڵەبان داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە پرسی کەم ئاوی سیاسی نەکاتەوە.
هاوکات باڵوێزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کابۆل مۆڵەتی "یەک مانگ"ی بە تاڵەبان دابوو بۆ جێبەجێ کردنی داواکارییەکەی ئێران. بە گوتەی حەسەن کازمی قومی، پێویستە ئەم پرسە یەک مانگە "ببڕێتەوە".
ئەم گرژیانە داوی لێداوانەکانی فەرمانداری ویلایەتی پێکتای ئەفغانستان سەری هەڵداوەتەوە. ئەو ئاواتی خواستبوو کە خوا دەرفەتی شەڕکردن بڕەخسێنێت تاکوو تاڵەبان "دەرسی عیبرەت بداتە منداڵەکانی زەردەشت".
ڕەئیسی داوای لە تاڵەبان کردبوو ڕێگە بە شارەزایان بدات سەردانی "بەنداوی کاجکی" بکەن تا بانگەشەی تاڵەبان سەبارەت بە کەمئاوی پشتڕاست بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی تاڵەبان ئەم داوایەی سەرۆک کۆماری ئێرانیان ڕەت کردۆتەوە.
تێبینییەکەت بنووسە