یەکێتیی ئازادی کرێکاران، لە هەواڵێکی کورتدا نووسیویەتی "عوسمان ئیسماعیلی"، چالاکی کرێکاری دانیشتووی سەقز بۆ دادسەرای گشتیی شۆڕشی سەقز بانگهێشت کراوە.
بەپێی ئەوەی لەم ئاگادارییەدا هاتووە، عوسمان ئیسماعیلی دەبێت ڕۆژی ۲٨ی جۆزەردانی ۱٤۰۲، بۆ بەرگریکردن لەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی، پێویستە سەردانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقز بکات.
ئەم چالاکە کرێکارییە بە "ئەندام بوون لە یەکێک لە گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی و پڕۆپاگاندە بە دژی کۆماری ئیسلامی" تۆمەتبار کراوە.
لە ناو چالاکانی کرێکارییدا عوسمان ئیسماعیلی یەکێک لە سیما ناسراوەکانە. ئەو لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ۱٤۰۱دا، بۆ هاودەردی و هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی داخدار و زیندانیان سەردانی بنەماڵەکانیانی دەکرد.
لە کاتی بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە بەرواری ۱۹ی ڕێبەندانی ۱٤۰۱، ئەم چالاکی کرێکارییە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بڕیاری دادگا و ڕوون کردنەوەی تۆمەتەکانی دەستگیر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز ڕاگوێزرا.
بەڕیز ئیسماعیلی دواتر بۆ قۆناغەکانی دیکەی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری سنە گوازرایەوە و لە ئەنجامدا لە بەرواری ۲٨ی گوڵانی ۱٤۰۲، دوای ۷۰ ڕۆژ دەستبەسەر بوون لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی شاری سەقزەوە، بە دانانی بارمتە بە بڕی یەک میلیارد تمەن بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە زیندانی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.
ئەم چالاکە کرێکارییە پێشتر لە ۱۰ی گوڵانی ۱٤۰۱ و لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری سەقز دەستگیر کرا و لە هەمان کاتدا ماڵەکەی پشکێندرا.
هەروەها عوسمان ئیسماعیلی لە ساڵی ۱۳۹٤، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئێتلاعات دەستگیر کرا و ۱۲ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا بوو. پاشان بە دانانی بارمتە بە بڕی ۷۲ میلیون تمەن ئازاد کرابوو. ئەو لە مانگی خەزەڵوەری ۱۳۹٤دا، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقزەوە بە تۆمەتی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا دادگایی کرا و سزای یەک ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو کە لە دادگای پێداچوونەوەدا سزاکەی بۆ دوو مانگ کەم کرایەوە.
لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا گوشار خستنە سەر چالاکانی پیشەیی لە جاران زیاتر بووە و زۆربەی چالاکانی کرێکاری و مامۆستایان بۆ تێپەڕاندنی سزاکانیان لە زیندان بەسەر دەبەن یان بە بەردەوامی ڕووبەڕووی دۆسیەی ساختە و تۆمەتی تازە دەکرێنەوە.
هەر بەم هۆیەشەوە، ناوەندەکانی داکۆکیکارانی مافی کرێکاران ڕایانگەیاندووە لە پازدەهەمین کۆنکرەی کۆنفدراسیۆنی یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەورووپا، بڕیارنامەیەکی نوێیان لەسەر ئێران دەرکردووە و ڕەخنە لە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کرێکاران گیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی کرێکاران، لەم کۆنگرەدا کە لە ڕۆژانی ۲۳ و ۲٦ی مانگی مەی لە شاری برلینی ئاڵمان بەڕێوەچوو، "یاسەمین فەهیمی"، سەرۆکی کونفدراسیۆنی یەکێتییە کرێکارییەکانی ئاڵمان [د گ ب] بڕیانامەی پشتیوانی کردن لە کرێکارانی ئێرانی خوێندەوە و لەوێدا داوای ئازاد کردنی سەرجەم کرێکاران و چالاکانی پیشەیی کرێکاری لە زیندانەکانی ئێران کرد.
لەم بڕیارنامەدا کە بە ناونیشانی بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بە "فێڵەکانی" کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتی "دڕندانەی بزوتنەوەی کرێکاری" کراوە.
جگە لەوە سەرکوت کردنی میدیاکان، مانگرتنەکان، ناڕەزایەتییەکان، دەستگیری، ئەشکەنجە و دەستدرێژی زیندانیان لەو بابەتانەنن کە لەم بڕیانامەیەدا ئاماژەی پێکراوە و لە هەمان کاتدا گوتراوە سەرەڕای سەرکوتی دڕندانە لە لایەن سپای پاسدارانەوە و "لات و لوتەکان"، ڕێپێوان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەردەوامە.
کۆنفدراسیۆنی یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەورووپا لە درێژەدا ئاماژەی بە خەباتی کرێکارانی ئێران بۆ دەستبەبەر کردنی ئازادیی سیاسی، بڵاوکراوە و هەروەها مافی بەڕێوەبردنی ڕێپێوان و پێکهێنانی ڕێکخراوە و باشتر بوونی دۆخی کرێکاران لە ماڵەوە و لە شوێنی کارەکەیاندا کراوە و ڕووە لە کرێکارانی ئێرانی وتراوە "ئێمە بە تەنیا جێتان ناهێڵین."
کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەبێت دژایەتی لەگەڵ هەر جۆرە چالاکییەکی کرێکاریی و ڕێکخراوەیی و چالاکانی پیشەییدا کردووە و لەگەڵ ڕێکخراوە سەربەخۆکانی وەک سەندیکای کرێکارانی شەریکەی اتوبوسڕانیی تاران، کرێکارانی پیشەسازیی نەوت، کرێکارانی فولاد و شۆفیری کامیونەکان بە هۆی زیندوو ڕاگرتنی چالاکییە پیشەییەکان ڕووبەڕوویان بووەتەوە.
هەموو ساڵێک لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا ژمارەیەکی زۆر له چالاکانی پیشەیی کرێکاران دستگیر دەکرێن و ڕووبەڕووی تۆمەتی ئەمنییەتی دەکرێنەوە.
لەو بڕیارنامەیەدا کە لە پازدەهەمین کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی ئەورووپا دەرچووە، جەخت لەسەر پێویستی ئازاد کردنی زیندانیان، بەڕێوەبردنی دادگاییەکی دادپەروەرانە و دەست ڕاگەیشتی تۆمەتباران بە پارێزەری هەڵبژێردارو کراوەتەوە.
هەروەها ئەم کۆنگرەیە هاوپشتی خۆی لەگەڵ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا و بزووتنەوەی کرێکاری دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە "ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە ڕەمزی بزووتنەوەی گەلانی ئێران لە جیهاندا.
لە کۆنگرەی پەنجاهەمین ساڵوەگەڕی کۆنفدراسیۆنی یەکێتییە کرێکارییەکان بە ئاماژە کردن بە دۆخی خراپی کرێکاران لە وڵاتانی ئەورووپایی، داوا لە پەرلەمانی ئەورووپا کرا تاکوو سەرنجی زیاتر بداتە سەر بابەتی کرێکاران، دۆخی گونجاو بۆ ڕۆڵی گەنجان لە بزوتنەوە کرێکارییەکاندا ساز بدات و یارمەتیدەر بێت لە بنیاتنانەوەی ڕۆڵی ژنان لە بزووتنەوەی کرێکاریدا.
هەروەها هەبوونی ڕێکخراوی کرێکاری و واژۆی گرێبەست بە شێوە دەستەجەمعی لەو خاڵانە بوو کە لەو کۆنگرەیەدا جەختی لەسەر کراوەتەوە.
تێبینییەکەت بنووسە