"ساڵح نیکبەخت"، پارێزەر دادگا، کۆبوونەوەکانی دادگایی کردنی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی "ئیلاهە موحەمەدی" و "نیلوفەر حامیدی"، ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراوی بە "یەکێک لە سەیرترین دادگاکانی وڵات دوای دادگاکانی خەڵخاڵی" ناودێر کرد.
بەڕێز نیکبەخت کە پارێزەریی بنەماڵەی "ژینا (مەهسا) ئەمینی"یشی لە ئەستۆیە، دەربارەی دادگای ڕۆژنامەنوسانی ڕۆژنامەکانی "هەممیهەن" و "شەرق" بە میدیاکانی ئێرانی وت: "تۆمەتبارەکان جگە لەوەی ڕاپۆرتیان لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی بەپێی ئەرکی پیشەیی خۆیان بڵاو کردۆتەوە، هیچ کارێکیان نەکردووە."
دادگای ئیلاهە موحەمەدی و نیلوفەر حامیدی بڕیارە ٨ و ٩ی جۆزەرددانی ١٤٠٢، بە سەرۆکایەتیی "ئەبولقاسم سەڵەواتی" بەڕێوە بچێت.
ساڵح نیکبەخت دەربارەی تۆمەتە هەڵبەستراوەکان دژی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە وتی: "وای دابنێین کە وتارەکان یاخود ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاویان کردۆتەوە هەڵگری پرسگەلێکی وەک بڵاو کردنەوەی درۆ، شێواندنی ڕای گشتی، پروپاگاندا بە دژی کۆماری ئیسلامی و تۆمەتگەلی لەم شێوە بن، ئەم تۆمەتانە شیاوی دەستگیر کردنی ٨ مانگ لە ژێر ناوی دەستگیریی کاتیدا نییە. چونکە یاسادانەر بۆ ئەم جۆرە تاوانانە، ئەوپەڕەکەی مانگێک دەسستگیریی کاتی و تازە کردنەوەی بۆ مانگێکی دیکەی لەبەرچاو گرتووە."
بەڕێز نیکبەخت هەروەها لە پێوەندیدا بە هێنانەئارای ناوی تۆمەتی کۆبوونەوە و پیلان دژی ئەم ڕۆژنامەنووسە وتی: "ئەم تۆمەتە بەندە بە ڕێکەوتنی سەرەتایی تۆمەتبارەکان لەگەڵ یەکتر بۆ ئەنجامدانی کارێک بە دژی ئەمنییەتی وڵاتەکە، بەڵام ئیلاهە موحەمەدی و نیلوفەر حامیدی هیچ ڕێکەوتنێکیان لەگەڵ یەکتر نەبووە و لە لایەکیتریشەوە بۆ نووسینی وتار یان ڕاپۆرتەکانیان، هیچ کارێکیان لەگەڵ یەکتر دابەش نەکردووە."
ئەم پارێزەرەی دادگا هەروەها تۆمەتبەخشینەوەی "هاوکاریی لەگەڵ دەوڵەتی دژبەر"ی دژی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە بە ناڕەوا دەزانێت و وتی: "پێ دەچێت کە جگە لە دادوەر سەڵەواتی هیچ کامە لە دادوەرەکان، تەنانەت لە دادگای شۆڕشی تارانیشدا ئامادە نەبێت کەسێک لە ژێر ئەم ناوەدا دادگایی بکات."
ئیلاهە موحەمەدی و نیلوفەر حامیدی دەربارەی کوژرانی ژینا ئەمینی و هەروەها ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی ڕاپۆرتیان ئامادە کردبوو و دواتر دەستگیر کران.
وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا لە ٨ی خەزەڵوەر لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشەوە، ئەم دوو ڕۆژنامەنووسەیان بە کەسانی ڕاهێنراو لە خولە جۆراوجۆرەکانی بە گوتەی خۆیان "ڕژێمی مافیایی ئەمریکا" ناساندبوو و تۆمەتباری کردبوون کە دەوری سەرچاوەی بنەڕەتیی هەواڵسازیی دەگێڕن بۆ "میدیا بیانییەکان".
"ئێرانوایەر" وەک میدیایەک کە یەکەم جار ناوی "ژینا (مەهسا) ئەمینی" بڵاو کردەوە، پێش ئەمە جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە کە سەرچاوەی زانیاریی ئەم میدیایە، ئیلاهە موحەمەدی و نیلوفەر حامیدی نەبوون.
تێبینییەکەت بنووسە