"موجتەبا پووربەخش" پێشکەشکاری پشووی ڕادیۆ و تێلێویزیۆن لە تویتێکدا، ڕایگەیاند "ڕێگە بەوریا غەفوری" نەدراوە بچێتە یارگای ئازادییەوە و نووسیویەتی: "چیرۆکی ڕێگە گرتن لە تەختی بەو هەمووە مەدالیا و خەڵکی بوونییەوە بۆ هۆڵی وەرزشی دووپات کرایەوە."
موجتەبا پووربەخش یەکێک لە پێشکەشکارانی ناسراوی ڕادیۆ و تێلێویزیون بوو کە دوای ڕاگەیاندنی پشتیوانی خۆی لە خەڵک لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ۱٤۰۱دا لە کارەکەی وەلا نرا.
وریا غەفووری سێشەمە ڕایگەیاندبوو کە بۆ سەیر کردنی دێربی پێتەخت لە یاری کۆتایی جامی دەرچوون، دەچێتە یارگای ئازادی تاکوو ماڵئاوایی لە فوتباڵ بکات. پێش دەستپێکردنی یارییەکە دەنگۆیەک لەسەر ئەگەری دەستگیرکردنی وریا غەفووری یان قەدەغەکردنی چوونی بۆ ناو یاریگا بڵاو بوویەوە.
ڕادیۆ و تێلێویزیونی حکوومەتی لە خولەکی ۲۱ دا دەنگی یارگای ئازادیان بچڕاند تاکوو چەپڵە لێدان و هاندانەکان کە بۆ وریا غەفووری کرابوو بڵاو نەبێتەوە. پێشتر "عەلی کەریمی" ئەستێرەی پێشووی فوتباڵی ئێران داوای لە لایەنگرانی ئیستقلال و پێرسپۆلیس کردبوو لە خولەکی ۲۱دا وریا غەفووری هان بدەن.
وریا غەفووری پێشتر و لە کاتی بەڕیوەچوونی پێشبڕکێکانی مۆندیالدا لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیرکرابوو. هیچ کام لە یاریزانانی هەڵبژاردەی فوتباڵی ئێران کە بەشداریان لە مۆندیالدا کردبوو، هیچ لێدوانێکیان لەسەر دەستگیرکردنی کاپیتانی پێشووی هەڵبژاردەی ئیستقلال نەبوو.
لە کۆتایی نیوەی وەرزدا یانەی فولاد بە شێوەیەکی تاکلایەنە گرێبەستەکەی بەڕێز غەفووری هەڵوەشاندەوە و فیدراسیۆنی فوتباڵ فەرمانی بە هەموو یانەکان کرد کە خۆیان لە واژۆ کردنی گرێبەست لەگەڵ ئەم یاریزانە بەدوور بگرن.
تێبینییەکەت بنووسە