بەهرام عەینوڵاهی، وەزیری تەندروستیی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی، کۆتاییهێنانی خۆویستی دووگیانی لە لایەن ژنانەوە بە "جەنایەت" ناودێر کرد و وتی ناو و ناونیشانی ژنانی دووگیان تا کاتی منداڵ بوونیان بە هۆی ڕێگری کردن لە لەناوبردنی کۆرپەڵە تۆمار و کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
عەینوڵاهی، ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان، لە دیدار لەگەڵ نوێنەری عەلی خامنەیی لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاریدا، جگە لە هەڕەشە کردن لە ژنانی دووگیان وتی: "لەناوبردنی کۆرپەڵە پێویستی بە بەڵگەی یەکلایی کەرەوە هەیە، هەر کەسێک بە شێوەی نایاسایی کۆرپەڵە لەناوبەرێت بە تووندی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەین."
وەزیری تەندروستی داوای لە دەزگای دادی کۆماریش ئیسلامیش کرد کە لە بابەت پرسی لەناوبردنی کۆرپەڵە بە شێوەی "جیدی" بێتە مەیدانەوە و ئەو کەسانەی کە بە شێوەی نایاسایی ئەم کارە دەکەن، بەدواداچوونی قەزاییان بۆ بکات.
ئەو هەروەها دانی نا بە شکستی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە زیاد کردنی حەشیمەتی ئێران و وتی لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییەوە گەشەی حەشیمەتی ئێران گەیشتۆتە لە سەتا ٤، بەڵام ئەم ژمارەیە گەیشتۆتە ١.٥.
وەزیری تەندروستی بەم بانگەشەوە کە ئێران لە چەند ساڵی داهاتووا بەرەو پیر بوونی حەشیمەت دەڕوات و بێ گومان ئەم بابەتە قەیرانێکە، داوای لە "زاایانی ئایینی" کرد کە داوا لە "هێزە ئاییندار و شۆڕشگێڕە" بکەن منداڵیان ببێت.
دابەزینی ڕادەی گەشە کردنی حەشیمەت لە ئێراندا یەکێکە لە نیگەرانییەکانی حکوومەت بە تایبەتی عەلی خامنەیی. ئەو لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام ئاماژەی داەوەتە پێویستیی زیاد کردنی حەشیمەتی ئێران و دەربارەی پیر بوونی حەشیمەتی ئەم وڵاتە هۆشداریی دابوو.
هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێ کردنی سیاسەتە حەشیمەتییەکانی عەلی خامنەیی، مەجلیسی شورای ئیسلامی و شورای نیگابان لە خەزەڵوەری ١٤٠٠ یاسایەک ناسراو بە "گەنجێتیی حەشیمەت و پاڵپشتی لە بنەماڵە"یان پەسەند کرد.
بەپێی ئەم یاسایە، پێدانی حەبی ڕێگری کردن لە منداڵ بوون لە دەرمانخانەکان سنووردار بکرێت و هەر جۆرە بڵاو کردنەوەیەکی بێ بەرامبەر و پێدانی ئەم جۆرە حەبانەی ڕێگری کردن لە منداڵ بوون، دانانی لەمپەر و هاندان بۆ بەکارهێنانیان لە تۆڕی تەندروستیی وڵاتدا قدەغە کراوە.
ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی پێشتر یاسای "گەنجێتیی حەشیمەت و پاڵپشتی لە بنەماڵە"ی بە پیشێل کردنی مافەکانی ژنان و وەک مەترسی بۆسەریان وەسف و داوای لە بەرپرسانی ئێران کردبوو بە "خێرایی" نموونەکانی پیشێل کردنی مافەکانی مرۆڤی ئەم یاسایە هەڵبوەشێننەوە.
تێبینییەکەت بنووسە