دوای بانگەوازی جەماوەری بۆ مانگرتنی سەراسەری لە شارەکانی کوردستان بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ژینا (مەهسا) ئەمینی، لانیکەم ١٧ شار لە شارەکانی کوردستان لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا دەستیان دایە مانگرتن و دووکانەکانی خۆیان داخست.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە ئەمڕۆ شەمە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢،بە دەست "ئێرانوایەر" گەیشتووە، بازاڕیان و دووکاندارانی شارەکانی سەقز، سنە، مەریوان، مهاباد، کامیاران، دیواندەرە، بانە، ڕوانسەر، میاندوا، دێولان، کرماشان، پیرانشار، بۆکان، پاوە، ئیلام شنۆ دووکانەکانیان داخستووە و پەیوەست بوون بە مانگرتنی سەراسەرییەوە.
بەپێی ئەم گرتە ڤیدیۆیە داوی بانگەوازی گشتیی بۆ مانگرتنی سەراسەری بە بۆنەی ساڵوەگەی ژینا ئەمینی، ئەمڕۆ ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢، سەرەڕای کەشی قورسی ئەمنییەتی شاری #سەقز و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، دووکانداران و بازاڕیانی ئەم شارە بە شێوەی سەراسەری مانیان گرتووە.#مهسا_امینی pic.twitter.com/PoOsPuiPPz
— ئێرانوایەر (@kurdishiranwire) September 16, 2023
ئەم مانگرتنە لە حاڵێکدا بەڕێوە دەچێت کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دووکانداران و بازاڕیانی شارە جیاوازەکانی کوردستان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە کە لە ئەگەری داخستنی دووکان و بازاڕەکانیاندا ڕووبەڕووی سزای قورس دەکرێنەوە و تەنانەت لە بڵێننامەی نووسراوە لە ژمارەیەک لە دووکانداران وەرگیراوە.
"ئێرانوایەر" پێشتر بڵاوی کردبوەوە کە ئیدارەی ئەماکن و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی شاری سەقز، لە چەند بەشی سەرەکیی بازاڕی ئەم شارەدا و بە ئامادە بوون لە کۆمەڵێک دووکان لە بازاڕەکە، گوشاریان خسۆتەسەر دووکاندارەکان کە وەک ساڵی ڕابردوو نابێت بەشداریی لە مانگرتنە سەراسەرییەکاندا بکەن و لە درێژەی گوشارەکانیاندا بەڵێننامەی نووسراویان لێ وەرگرتوون کە ڕۆژی شەمە دووکانەکانیان دانەخەن.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگەی تێلێفۆنەوە هۆشداریان بە دووکاندارەکانی سەقز دابوو کە لە ڕۆژانی داهاتوودا واتە ساڵوەگەڕی ژینا بەم لاوە خۆیان لە داخستنی دووکانەکانیان ببوێرن.
شایانی باسە چڕ بوونەوەی کونتڕۆڵی ناو شارەکان هەر بەو هەڕەشانەوە نەوەستاوە و لە دەروازەی شارەکاندا خاڵی پشکنین دانراوە و هێزی زۆری سەربازی و دژە شۆڕش لە زۆربەی مەیدان و گەڕەکەکاندا جێگیر کراون.
سەرچاوەکانی ئێرانوایەر باس هەروەها لەوە دەکەن هێزە ئەمنییەتییەکانی شاری سەقز بۆ ڕێگری کردن لە خەڵک و جەماوەری ناڕازیی شارەکە بۆ چوون بۆ سەرگۆڕستانی ئایچی سەرجەم ئەو ڕێگانەی دەگەنەوە بەم گۆڕستانە دایخستووە و تەنانەت دەرچەی ئاوی بەنداوی چراغوەیسی کردۆتەوە بۆ ئەوەی لەم ڕێگایشەوە ڕێگری بکات لە خەڵک تا نەتوانن خۆیان بگەیەننە گۆڕستانی ئایچی.
بەپێی ئەم گرتە ڤیدیۆیە هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی ژینا ئەمینی، و بانگەوازی گشتی بۆ مانگرتنی سەراسەری ئەمڕۆ ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢، سەرەڕای هەڕەشە و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان دووکانداران و بازاڕیانی شاری #کرماشان مانیان گرتووە.
— ئێرانوایەر (@kurdishiranwire) September 16, 2023
#ناڕەزایەتی_سەراسەری #مانگرتنی_سەراسەری pic.twitter.com/zivs5D4BS6
ئەمە لە حاڵێک دایە کە بەپێی سەرچاوەکانی ئێرانوایەر، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ، شەمە ٢٥ی خەرمانان هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، "ئەمجەد ئەمینی"، باوکی ژینا لە ماڵەکەی خۆیدا بەند کراوە.
ئێرانوایەر چەند کاتژمێر بەر لە ئێستا ڕایگەیاندبوو کە لە ساڵیادی کوژرانی "ژینا"دا ئەمجەد ئەمینی لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی سەقزەوە دەستگیر کراوە و دوای چەند کاتژمێر ئازاد کراوە. پێی ڕاگەیاندراوە کە بۆی نییە لە ماڵکەی خۆی بچێتەوە دەرەوە.
بەپێی زانیارییە خۆجێییەکانی ئێرانوایەر، سەرۆکی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، بۆخۆی ئەمجەد ئەمینیی دەستگیر کردووە و بۆخۆیشی گەڕاندوویەتەوە بۆ ماڵەو و هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە بۆی نییە لە ماڵەکەی خۆی بچێتە دەرەوە.
تێبینییەکەت بنووسە