هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی "ئیبراهیم ڕەئیسی" بۆ نیۆریۆرک، "ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان"، لە ڕاگەیەندراوێکدا هەوڵەکانی ڕێکخراوی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی بە دژی ناڕازیان لە ساڵوەگەڕی گیان لە دەست دانی ژینا ئەمینی مەحکووم کرد.
لە ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە ڕۆژی سێشەمە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: "لە مانگی ڕابردوودا، کەربەدەستان ژمارەیەک لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤیان دەستگیر کردووە، هەوڵێک بۆ ئەوەی لە ساڵوەگەڕی ناڕەزایەتییەکانی دوای گیان لە دەست دانی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکەن."
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە کاربەدەستانی حکوومەتی ئێران تا ئێستا خۆیان لە ئەنجام دانی توێژینەوەی سەربەخۆ، بێلایەنانە و ڕوون سەبارەت بە مەرگی ژینا ئەمینی بە دوور گرتووە.
ڕۆژی شەمەی ئەم حەوتووە، ٢٥ی خەرمانان، ساڵوەگەڕی گیان لە دەست دانی ژینا ئەمینی لە گرتووخانەی گەشتی ئیرشاد بوو کە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی لە ئێران لێ کەوتەوە و ڕووبەڕووی سەرکوتی بەرینی هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکان بوویەوە.
لە ساڵوەگەری ئەم ناڕەزایەتیانەدا، ناڕازیان بۆ جارێکی دیکە گرد بوونەوەیان بەڕێوە برد بەڵام هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکان بە ئامادەیی بەرین لە شاقامەکاندا ڕووبەڕوویان بوونەوە، و ناڕەزایەتییەکانیان سەرکوت کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندکانی مافی مرۆڤ لە ساڵوەگەڕی ژینادا، لانیکەم ٢٧٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی، سیما هونەری و ئەدەبییەکان و ئەندامانی بنەماڵەی گیان بەخت کردووان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیر کراون.
تێبینییەکەت بنووسە