وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێکەوە گەمارۆدانی حەوت کەس و چوار ناوەندی لە ئێران، چین، ڕووسیا و تورکیەی بە هۆی پێوەندی بە بەرنامەی درۆنیی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند.
بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە کۆمپانیای هەسا، سەر بە وەزارەتی بەرگری کۆماری ئیسلامی کە بە پشتیوانی سپای پاسداران، درۆنی "ئەبابیل" و "شاهید" بەرهەمدەهێنن. لە لیستی ئەم گەمارۆیانەدان.
حکوومەتی ئەمریکا بانگەشەی کردووە کە ئەو کەس و ناوەندانەی بە تازەیی گەمارۆ دراون ڕۆڵیان لە ئاسانکاری بۆ ناردنی پارچە و ئەنجامدانی مامەڵەیی دارایی بۆ کۆمپانیای پیشەسازی فڕۆکەسازی ئێران و هەوڵەکانی ئەم ڕێکخراوە بۆ دروست کردنی درۆن و فڕۆکەی نیزامی هەبووە.
جێگری وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا لەم ڕاگەیەندراوەدا وتوویەتی "درێژەدانی هەوڵە بە ئانقستەکانی ئیران لە فراوان کردنی بەرنامەی درۆنی خۆی، ڕووسیا، هێزە بە وەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆکارە ناسەقامگیرییەکانی دیکە وا لێ دەکات سەقامگیری جیهانی لاواز بکات."
برایان نێلسۆن، بە جەخت کردنەوە لە سەر پێداگری ئەمریکا بۆ هەوڵدان بە دژی دابینکردنی درۆنی کۆماری ئیسلامی وتوویەتی ئەمریکا هانی وڵاتانی جۆراوجۆر دەدات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی پێش بە هەناردەکردنی پارچەی درۆن بۆ ئێران بگرن.
گەمارۆ نوێکانی ئەمریکا بە دژی ئێران لە حاڵێکدا ڕاگەیەندراوە کە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا سێشەمە لە دیدار لەگەڵ ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە نیۆیۆرک، داوای لە ئێران کرد هاوکارییە نیزامییەکانی خۆی لەگەڵ ڕووسیا لە شەڕی ئەم وڵاتە بە دژی ئۆکراین ڕابگرێت.
سەرەڕای هەموو هەوڵەکان وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەمە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٢ لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی عەرەبی زمانی ئەلوێفاق، بە تەواوی لێداوانەکانی جۆزێپ بۆرێلی بە "بێ بنەما" وەسف کرد و وتی ئێران هیچ درۆنێکی بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکراین بە ڕووسیا نەداوە.
جەختیشی کردەوە کە داوای لە جۆزیپ بۆرێل کردووە ئەو قسانە دووپات نەکاتەوە.
لە ماوەی ١٨ مانگی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراین، کییەف و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکایی چەندین جار سەبارەت پشتیوانیی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە مۆسکۆ و ناردنی درۆن بۆ هێرش بە خاکی ئۆکراین هۆشداریان داوە.
دوایین نموونەی هێرشی درۆن کە بە پشتیوانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە لایەن ڕووسیا بۆ سەر شاری کییەف ئەنجامی گرت سەر لە بەیانی ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٢، ڕووی داوە و لەو ماوەیەدا هێزی ئاسمانی ئۆکراین توانی ٢٦ درۆنی هێرشبەری "شاهید" دروست کراوی ئێران لە ناو ببات.
ئەمریکا، بریتانیا، یەکێتیی ئەورووپا، ئوسترالیا و نیوزیلەند تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بە هۆی دابین کردنی درۆن بۆ ڕووسیا لە شەڕێ ئۆکراین، چەندین جار گەمارۆ داوە بەڵام ئەم سزایانە نەبووەتە هۆی ئەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پشتیوانی چەکدارانەی خۆیان لە ڕووسیا بۆ شەڕ لەگەڵ ئۆکراین ڕابگرن.
بوونی ڕاوێژکارە نیزامییەکانی ئێران لە کریمە بۆ ڕاهێنانی کار بە درۆن بە هێزەکانی ڕووسیا بۆ هێرش کردنە سەر ئۆکراین و هەروەها بڕیاری کۆماری ئیسلامی بۆ دروست کردنی هێڵی بەرهەمهێنانی درۆن لە ڕووسیا و هەروەها نمایشی مووشەکی بالستیک و مۆسکۆ چەندین جار لە میدیاکاندا باسی لێ کراوە. ئەو هەوڵانەی کە چەندین جار لە لایەن کۆماری ئیسلامی ڕەت کراوەتەوە.
تێبینییەکەت بنووسە