هاوکات لەگەڵ زیاد بوونی گوشار و هەڕەشە لە بنەماڵە دادخوازەکان لە ساڵوەگەڕی کوشتاری ناڕازیان لە ساڵی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەمڕۆ ٣٠ی خەرمانان بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی "جەواد حەیدەری"، یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی قەزوێن و ئەندامانی بنەماڵەکەیان بە "بارمتە" گرتووە.
ئەکاونتی ١٥٠٠ تەسویر، ڕۆژی پێنجشەمە لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی منداڵێک لە بنەماڵەی حەیدەری نووسیویەتی: "بە فیشەک و گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی جەواد حەیدەری. لە ساڵوەگەڕی ئازیزانیان لە بنەماڵەکەیان داوە و لە ئێستادا لە ماڵەکەیاندا بە بارمتە گیراون."
هەروەها فاتمە حەیدەری، خوشکی جەواد لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی ساتی هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسی: "هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هێشتا بنەماڵەکەمیان بە بارمتە گرتووە و ئینتێرنێتی گوندەکەمانیان پچڕاندووە و ناتوانم پێوەندی بە بنەماڵەکەمەوە بگرم."
این وضعیت خانوادهم هست در سالگرد برادرم که با گلولهی جنگی کشتنش. مامورای جمهوریاسلامی هنوز خانوادم رو گروگان گرفتن و اینترنت روستامون قطع شده و ارتباطم با خانوادم از دست رفته. نمیدونم دارن چه بلایی سر خانوادم میارن. #جواد_حیدری pic.twitter.com/FalrhsAS96
— فاطمه حيدرى (@fatemehheydari8) September 21, 2023
خاتوو فاتمە پێشتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس نووسیبووی: "بە مەبەستی گوشاری زیاتر بۆ سەر بنەماڵەکەم و ڕێگری کردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی براکەم لە ڕۆژانی داهاتوودا لەشکەرکێشیان بۆ گۆندەکەمان کردووە و ڕوحوڵای برامیان دەستبەسەر کردووە. هەروەها چەند کەسێک لە کەسوکارەکەمیان دەستگیر کردووە."
جەواد حەیدەری ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ناڕەزایەتییەکانی شاری قەزوێن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژرا و لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە گوشار خراوەتە سەر بنەماڵەکەی.
سەرەتا خوشکەکەی، فاتمە حەیدەری لە سەر کارەکەی وەک "شارەزای هەڵسەنگاندن و کارکردی" ڕێکخراوی نەخشەسازی ئێران دەرکرا و دواتر بنەماڵەکەی دەستگیر کران.
ڕوحوڵا حەیدەری، برای جەواد حەیدەری، لە ڕۆژی ١٤ی خاکەلێوە دەستگیر کرا و دوو ڕۆژ دواتر لە ١٦ی خاکەلێوەیش باوکە تەمەن ٧٠ ساڵانەکەی ئەم ناڕازییە کوژراوە دەستگیر و بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرا.
فاتمە حەیدەری لە مانگی خاکەلێوەدا لە تویتێکدا نووسی: "باوکە تەمەن ٧٠ ساڵانەکەم کە زەخت و شەکرەی خوێنی هەیە بردوویانە بۆ ژووری تاکەکەسی. هەروەها براکەم ڕوحوڵایش لە ژووری تاکەکەسی دایە. تەنانەت وێنا کردنی دۆخی باوک و دایکم ئاگر لە جەستەم بەر دەدا بەڵام هەزار جار وتمان و دووپاتی دەکەینەوە ئێمە لە پای خوێنی براکەم جەواد وەستاوین و پاشگەز نابینەوە"
زیاد بوونی گوشارەکان لەسەر بنەماڵەی جەواد حەیدەری لە حاڵێک دایە کە لە کرماشانیش ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ساڵوەگەڕی گیان لە دەست دانی مینو مەجیدی کراوە و ڕاپۆرتەکان باس لە "گەمارۆدانی" ماڵی بنەماڵەکەی دەکەن.
فاتمە موجتەبایی، دایکی غەزالە چەلابیش لە پۆستێکی ئینستاگرامیدا نووسیویەتی: "ساڵێک تێپەڕیی و هیچ کەسێک وڵامدەرەوە نییە. سەرجەم بەڵگەکانیان لە ناو برد تا هیچ بنەماڵەیەک نەتوانێت تاوانەکانتان بسەلمێنێت، دەزگای داد، پۆلیس، دەزگای ئەمنییەت هەمووان هاودەستی دەکەن تا بنەماڵە داخدارەکان بترسێنن."
هەروەها ڕۆژی ڕابردوویش دایکی نیکا شاکەرەمی، گەنجێکی کوژراو لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا، لە پۆستێکی ئینستاگرامیدا هەڵوەشاندنەوەی ساڵوەگەڕی نیکای ڕاگەیاند و نووسی: "بڕیار وابوو لە یەکەمین ساڵوەگەڕی کوژرانی نیکا منداڵی ئازیزم ڕێوڕەسمێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی بەڕێوەبەرین بە لەبەر چاو گرتنی ئەو کێشانەی هاتوونەتە پێشەوە"، "بە ناچاری ڕێوڕەسمەکە بەڕێوەنابەین". پێشتر ئاتەش شاکەرەمی، پووڕی نیکا شاکەرەمی، لە پۆستێکی ئینستاگرمیدا، باسی "هەڕەشە و بەندکرانی خۆی لە ماڵەوە بەبێ بڕیاری دادگا" بڵاو کردبووەوە.
پێشتر ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە هەڵەمەتی ئازاری بنەماڵەی قوربانیانی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئێران لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە چڕتر کراوەتەوە، داوای لە کۆماری ئیسلامی کردبوو "ڕێز لە مافی ئەو بنەماڵانە بگرێت بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئازیزە گیان بەخت کردووەکانیان."
لە ڕاگەیەندراوی ئەم ڕێکخراوەدا کە لە ڕۆژی ٣٠ی گەڵاێژ بڵاو کراوەتەوە هاتووە: "دەبێت بۆ بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە بە شێوەی نایاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێران لە کاتی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی ڕابردوودا کوژراون، ڕێگە بدرێت ڕێز لە ساڵوەگەڕی گیان لە دەست دانیان بگرن."
تێبینییەکەت بنووسە