بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە سەقزەوە بە دەستی ئێرانوایەر گەیشتووە، سەرەڕای ئەوەی سەقز لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کەشێکی ئارامدا بووە و تەنانەت لە ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی دژە شۆڕش و سەرکوت لە شەقام و مەیدانەکاندا نەبوون، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەمە دەستبەجێ هاتنەوە شەقامەکان و لە مەیدانەکان و ناوشاردا لەوانە مەیدان خورشیدی، کەریمئاوا، شاناز، ئیستقلال، هەڵۆ(جمهوری)، ئازادی، قودس، زیندان (ئینقلاب)، حەلەبچە و مامۆستا هێمن…. جێگیر کران.
لە لایەکی دیکەوە، تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، سامان پاشایی، مامۆستای زانکۆ و پاڵەوانی پێشووی وەرزشی، خەڵکی سەقز دوای ٨۰ ڕۆژ زیندانی بوون بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتیی ئازاد کراوە. بەڕێز پاشایی ئەمڕۆ پێنجشەمە ۳۰ی خەرمانان، لە دوای ئازادایی لە بەردەم زیندانی سەقز لە لایەن چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئەم شارەوە پێشوازی لێ کرا.
دەستگیریی سامان پاشایی لە دەرەوە و ناخوی ئێران شەپۆلێک کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێ کەوتەوە. سەردار پاشایی، چالاکی سیاسی دژبەری حکوومەتی ئێران، و ڕاهێنەری پێشووی تیمی نەتەوەیی زۆرانبازی ئێران و برای سامان پاشایی لە بەرواری ۲۲ی گەلاوێژ بڕایگەیاندبوو کە بنەماڵەکەی بە ئامادەیی بازجووە ئەمنییەتییەکان توانیویانە بۆ ماوەیەکی کورت چاویان بە براکەی بکەوێت. ئەو لە تویتێکدا نووسی بنەماڵەکەی دوای ٤٥ ڕۆژ توانیویانە چاویان بە سامان بکەوێت و بە بینینی دۆخی ئەو تووشی "سەرسووڕمان" بوون.
تێبینییەکەت بنووسە