بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژی پێنجشەمە لە لایەن لێژنەی بەدواداچوونی دۆخی دەستگیرکراوان بڵاو کراوەتەوە، تەنیا لە ساڵوەگەڕی گیان لە دەست دانی ژینا ئەمینیدا لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان، لانیکەم ٦٠٠ ژن لە تاران دەستگیر کراون.
لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە ئەم ژمارەی دەستگیر کراوانە، لە ئێستادا ١٣٠ ژن لە بەندی کەرەنتینەی زیندانی قەرەچەک چاوەڕێن دۆخەکەیان بە لایەکدا بخرێت.
لێژنەی بەدواداچوونی دۆخی دەستگیرکراوان لە زمانی بەشێک لە بنەماڵەی دەستگیرکراوانەوە لەم ڕاپۆرتەدا نووسیویەتی زۆربەی دەستگیرکراوان بە وەرگرتنی بەڵێننامە لە گرتووخانەی پۆلیس ئازاد کراون و هەروەها ئەو ژنانەش کە لە ئێستادا لە زیندانی قەرەچەک دەستبەسەرن دۆسیەکانیان ڕەوانەی دادگا کراوە و هیوادارن بە دانانی بارمتە یان کەفالەت ئازاد بکرێن.
هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا باسی وردەکاری دەستگیرییەکان لە شارەکانی دیکەی ئێران کراوە بۆ نموونە نووسیویەتی لە پارێزگای یەزد، شاری ئەبەرکوە، لانیکەم ١٢ کەس لەو گەنجانەی شەوی ٢٥ی خەرمانان لە مەیدانی سەرەکی شاردا گرد بوونەوەی ناڕەزایەتیان ڕێکخستبوو، لە شوێنی نیشتەجێ بوونیان دەستگیر کراون.
جگە لەمە لێژنەی بەدواداچوونی دۆخی دەستگیرکراوان لەم پێوەندییەدا نووسیویەتی ئەم لێژنەیە تا ئێستا ناوی ٢٠ کەس لە دەستگیرکراوانی دێهدەشتی تۆمار کردووە. پێشتر جەواد هاشمیمێهر، جێگری سیاسی و ئەمنییەتی پارێزگای کۆهکیلۆیە و بۆیرئەحمەد وتبووی شەوی ٢٥ی خەرمانان لە دێهدەشت ١٥ کەس کە بریتی بوون لە ١٣ پیاو و دوو ژن دەستگیر کراون و ژمارەیەکی دیکە "دەستنیشان کراون".
بە گشتی، لێژنەی بەدواداچوونی دۆخی دەستگیرکراوان لە مەوداوی نێوان ١٩ تا ٢٩ی خەرمانان، ناوی ١١٨ کەس لە دەستگیرکراوانی تۆمار کردووە.
تێبینییەکەت بنووسە