هاوکات لەگەڵ ئامادە بوونی هەیئەتی دەوڵەتی ئێران لە نیۆیۆرکی ئەمریکا بۆ کۆ بوونەوە لە کۆمەڵی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆیتێرز بانگەشەی ئەوەی کردووە کە قەتەر دانوستانی ئەتۆمی و درۆنیی لەگەڵ ئێران و ئەمریکادا دەست پێ بکات.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زمانی دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە نووسی کە قەتەر ئەم حەوتووە کۆبوونەوەیەکی دوو لایەنەی جیاوازی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان و ئێراندا بەڕێوە بردووە و تێیدا دەربارەی دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران و نیگەرانییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان سەبارەت بە گواستنەوە و پێدانی درۆن بە ڕووسیا هەندێک دانوستان کراوە.
لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە ئەم دیدارانە چەشنێک دیپلۆماسیی شاتلییە کە ئەم ساڵ قەتەر لە دەوحە بەدواداچوونی بۆ دەکات و لەم پێوەندییەدا دیپلۆماتە قەتەرییەکان بە هات و چۆ لە نێوان ئەم دوو لایەنە، لە کۆتاییدا ڕێکەوتنی گۆڕینەوەی زیندانیانی ئێران و ئەمریکایان بە ئەنجام گەیاند.
پێشتر ڕۆیتێرز لە زمانی سەرچاەکانی خۆیەوە نووسیبووی کە قەتەر هەر دوو لایەنەکەی بۆ بەشداریی لە دانوستانێکی بەرینتر و گەیشتن بە "تێگەیشتنی دو لایەنە"ی خستۆتە ژێر گوشارەوە. سەرچاوەیەک بە ڕۆیتێرزی وتووە کە چەند دیدارێک لە ڕۆژانی دووشەمە و سێشەمە لە نیۆیۆرک لە پەراوێزی کۆمەڵی گشتیی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوون.
دیپلۆماتێکی وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، ڕوونی کردۆتەوە کە دانوستانێکی دوو لایەنە لەم حەوتووەدا ئەنجام دەدرێت. ئەم دیپلۆماتە، دیدارەکانی نیۆیۆرکی "وتووێژ بۆ دانوستان" وەسف کردووە و وتی: "ئایدیاکە ئەمە بوو کە بوار بۆ کۆمەڵێک وتووێژی ناڕاستەوخۆی لە داهاتوودا بۆ گەیشتن بە لێک تێگەیشتن دەربارەی پرسی ئەتۆمیی ئێران خۆش بکات."
بەرپرسانی ئەمریکایی لە وڵام بەم پرسیارەدا کە ئایا دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئەمریکا و ئێران لەم حەوتووەدا ئەنجام دەدرێت، بە ڕاشکاوی وڵامیان نەداوەتەوە و ئەم ئەگەرەیان بە تەواوەتی ڕەت نەکردۆتەوە، ئەگەرچی وتوویانە کە واشینگتۆن لە ئێستادا سەرقاڵی وەها دیپلۆماسییەک نییە.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەمە وتی: "کاتێک کە لەوانە بێت بابەتی نیگەرانیی ژمارە یەک، واتە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بێتە ئاراوە، ئێمە بەردەوام لەسەر ئەو باوەڕەین کە دیپلۆماسی باشترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێکی سەقامگیر و کاریگەرە." ئەو هەروەها زیادی کرد: "ئێمە بەردەام دەبینین کە ئایا دەرفەت ماوە بۆ ئەوان یان نا. لە ئێستادا، ئێمە بەمەوە سەرقاڵ نین، بەڵام لە داهاتوودا دەبینین کە ئایا دەرفەت ماوە یان نا."
دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەنجێتیی قەتەر لە حاڵێکدا بەردەوامە کە ڕێکەوتنی گۆڕینەی زیندانیانی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕەخنەی تووندی بەشێک لە سیاسەتوانان بە تایبەت کۆماریخوازانی لێ کەوتۆتەوە. زۆربەی ڕەخنەگران بە ئاماژەدان بە ئازاد کردنی شەش میلیارد لە داراییە بلۆکە کراوەکانی ئێران، ئەم ڕێکەوتنەی دەوڵەتی ئەمریکایان بە هۆکاری بەردەوامیی کەڵکوەرتن لەم شێوازە نامرۆڤانەی بارمتەگرتن بۆ باج وەرگرتن لە لایەن دەوڵەتانی وەک ئێرانەوە دەزانن.
سەفەرەکەی ئیبراهیم ڕەیسی و هەیئەتە یاوەرەکەی بۆ کۆ بوونەوەی کۆمەڵی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێت کە حکوومەتی ئێران هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا ژمارەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیانی ناڕازیی دەستگیر کردووە کە ئەم بابەتە تەنانەت ناڕەزایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێ کەوتەوە.
تێبینییەکەت بنووسە