حوسەین ڕەزاق، چالاکی میدیایی بەندکراو لە زیندانی ئیڤین لەگەڵ موستەفا تاجزادە، چالاکی سیاسی و جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران لە دەوڵەتی خاتەمی، دەربارەی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان و گۆڕانکارییەکانی دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی وتووێژێکی تێر و تەسەلی لە ناوخۆی زیندان ئەنجام داوە. بەشی یەکەمی ئەم وتووێژە ٢٢ی خەرمانان بڵاو کرایەوە. تاجزادە لە یەکەم بەشی ئەم وتووێژەدا جەختی لەسەر لابردنی ئەسڵی ویلایەتی فەقیه کردووە و وتبووی: "هەر چەشنە چاکسازییەکی سیستمیی سەقامگیر، جگە لە لابردنی ویلایەتی فەقیه لە یاسای بنەڕەتیدا ناکرێت." ئەو هەروەها وتبووی هەر بەو جۆرەی کە بزووتنەوەی مەهسا نیشانی دا دەشێت لە "حیجابی زۆرەملێ تێبپەڕ بین، لە ئێرانی دوای مەهسایشدا دەکرێت لە ئیسلامی زۆرەملێ تێبپەڕ بین." ئەو هاوکات لەگەڵ ئەمە بەڵام جەختی لەسەر دوورکەوتنەوە لە تووندوتیژی، لێبوردەیی و وتووێژ بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن و ئامانجە دێمۆکراتیکەکان کردبوەوە.
نوسخەیەک لە دووهەمین بەشی ئەم وتووێژە بە دەست "ئێرانوایەر" گەیشتووە کە دەتوانن کورت کراوەکەی لە خوارەوە بخوێننەوە.
موستەفا تاجزادە لە وڵام بەم پرسیارەی حوسەین ڕەزاق کە ڕەخنە لە قسەکانی ئەو دەربارەی وشیاری، زانانیی و لێبوردەیی دەگرێت و دەپرسێت: "چاوەڕوانیی فەرەج و ڕزگاری لە ئیستبداد بەم شێوە و ئامرازە کەمێک ڕۆمانتیک نییە؟" دەڵێت: من وشیاری و زانایی بە دەسەڵات دەزانم و داهاتوویش بە هی ئەوانە دەزانم کە گێڕانەوەیەکی باشتر و گونجاوتریان لە بارودۆخی ئەمڕۆ و ئاسۆی دواڕۆژ بە دەستەوە دەدەن. لەگەڵ ئەمەیشدا هەر دوو تێپەڕبوونە چاکسازی و شۆڕشگێڕانەکە بۆ گەیشتن بە دێمۆکراسی لە جیهاندا بینراوە، ئەگەرچی مۆدێلەکانی وتووێژ، بەکاوەخۆ و لێک تێگەیشتن زیاتر و باشتر وڵامیان وەرگرتۆتەوە. هەروەها خۆچاکسازیی دەسەڵاتیش بە بێ ئەگەر و نامومکین نازانم."
ئەو بۆ نموونە ئاماژە بە شۆرشی مەشرووتە دەکات و قسەکەی بەم جۆرە درێژە پێ دەدات:
"شۆڕشی دەورانسازی موشرووتە لە ئێرن لە کۆتاییدا بە ڕێکەوتنی سیلسیلە و سەڵەتەنەتی قاجار ساز بوو و سەرباری هەبوونی کاریگەرییە قووڵ و بەرینەکەی تا ڕادەیەک لە هەموو بوارکانی ژیانی خەڵکی ئێران، هاوشێوە نەبوو لەگەڵ شۆرشە کلاسیکەکانی پێش و پاش خۆی لە فەڕانسا و چین و ڕووسیا و زیاتر بە چاکسازییەکی سیستمی و بنچینەیی دەچوو. کێ دەزانێت، ڕەنگە جارێکی دیکە شایەتی گۆڕانکارییەکی گەورە لە چەشنی بزووتنەوەی مەشڕووتە بین."
ئەو لەم وتووێژەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مەبەستی لە دوورکەوتنەوە لە تووندوتیژی بە مانای پاسیڤ بوون نییە: "مەبەستی من لە خۆچاکسازی و دوور بوون لە تووندوتیژی، هیچ کات بە مانای پاسیڤ دانیشتن و دیاری کردنی سیاسەتی سەبر و چاوەڕوانی نییە تا بۆ نموونە ڕێبەرەکە خەون ببینێت، یاخود دڵی وەڕەحم بێت. بە پێچەوانەوە، دەبێت هەوڵ بدەین کەڵک لە هەموو ئامرازە مدەنی و ئاشتیانەکان وەربگرین، ئاغای خامنەیی کە دوای یەک دەست کردنی حکوومەت و زیاد کردنی کێشەکانی خەڵک، لە لاوازترین پێگەی خۆی دایە، ناچار بکەین مل بە ئەنجام دانی گۆڕانکارییە گەورەکان بدات. هەر لە پێداچوونەوە بە سیاسەتە ماکرۆکانی ئێرانەوە تا بەرێوەبردنی رێفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتی بەپێی خواستی نەتەوە."
تاجزادە لە بەشێکی ئەم وتووێژەدا ئاوڕێک لە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هاوڵاتیان دەداتەوە و دەڵێت: "یەکێک لە مەترسییەکانی بەردەوامیی سیاسەتەکانی ئێستا و بەردەوامیی حکوومەتی یەک دەستی ناکارامە، وشیارم و دەزانم کە نەزانکاریی باڵی ڕێبەری، چ گوشارێکی قورسی خستۆتەسەر هاوڵاتیان؛ لە گرانی و هەڵاوسان و ترافیکەوە تا نەبوونی ئاو و بڕانی کارەبا و تا پیس بوونی هەوا و بڵاو بوونەوەی تۆز و خۆڵ و هەموو جۆرەکانی کێشەی ژینگەیی دیکە. تەنیا لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، هێزی کڕینی خەڵکی ئێران بۆ کەمتر لە نیو دابەزیوە. بەڵام بە ڕوونی دەیبینین کە تێپەڕ بوونی کات لە زیانی دەسەڵاتگەرایی و حکوومەتی تاکە کەسیشە."
بە گوتەی ئەو لاوازییەکان و ناکۆکییەکانی تیۆری ویلایەتی فەقیه وەک حکوومەتی ڕۆحانییەت، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاشکراتر و بەرچاوتر دەبێتەوە: "سیاسەتەکان و کارکردی ڕێبەرایەتی، وڵاتەکەی لەگەڵ ئالنگاریی گەورەتر بەرەڕوو دەکاتەوە. ئالنگاریی گەورە، دژایەتیی زۆرینەی ڕەها و ڕوو لە زیاد بوونی هاوڵاتیان، تەنانەت بەشێکی بەرچاوی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ داسەپاندنی زۆرەملێی سزا فیقهییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە حیجابی زۆرەملێیە."
ئەو لەم وتووێژەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "ئەگەر ڕێبەر بیەوێت بە زۆری پۆلیس بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی "یان ڕووسەری یان تووسەری"، جگە تووڕەیی و هەڵچوونی زیاتری هاوڵاتیان و گەنجان و خستنە مەترسیی بوونایەتیی کۆماری ئیسلامییەوە دەرەنجامێکی دیکەی نابێت و پێ دەچێت ڕێبەر بەم پرسە ستراتێژیکەی زانیوە."
بە گوتەی تاجزادە لە گۆڕانکارییەکانی ئەم دوایانەدا، ڕەوتێک دەتوانێت سەربکەوێت کە هاوسەنگ لەگەڵ بارودۆخەکە و پێویستییە تازەکان قسە و کار بکات. ئەو بۆ تێگەیشتن لەم گۆرانکاریانە دەپەرژێتەسەر باس کردن لە دوو ئەزموونی شەخسیی خۆی لە نامە نووسین بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی: "من لە ساڵەکانی ٨٨-٩٥دا دوو نامەی سەرئاوەڵام بۆ ڕێبەر نووسی کە پیشتوازییەکی زۆری لێ کرا. زۆربەی خوێنەرەکان ئەوانەیان بە نیشانەکانی بوێریی مەدەنی و وەک خۆی بە ڕچەشکێنیان زانی. لە دەستگیرییەکەی ساڵی پاردا، پیش بزووتنەوەی مەهسایش بازجووەکان گەورەترین تاوانی منیان بە لاواز کردنی ڕێبەری لە ڕێگەی ڕەخنەی ڕاشکاوانە لەو دەزانی و ئازادیی منیان بە شێوەی کرداری بەند کرد بە ڕاگرتنی ڕەخنە گرتن لەو. سەیرەکە ئەوەیە دوای بزووتنەوەی مەهسا هەندێک کەس پێان دەگوتم کە نەکا وەک جاری پێشوو، نامە بۆ ڕێبەر بنووسم و بەم کارە ئەو بە فەرمیی بناسم."
ئەو بە دەڕینی داخ و کەسەری خۆی بەرامبەر ئەمەی کە عەلی خامنەیی لە جیاوازیی نێوان ئەم دوانە تێنەگەیشتووە، دەڵێت: "بەداخم کە ڕێبەر لە جیاوازیی ئەم دوو ڕوانگە و پێگەکە تێ ناگات و دامرکانەوەی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام بە نیشانەی سەرکەوتنی حکوومەت یان شکستی ناڕازیان و بزووتنەوەکە دەزانێت. ڕاستە کە کۆمەڵگا بە گشتی بێ هیوا و مت بوو، بەڵام گومانم نییە کە ئەم هەمووە لاساری، نالۆژیکی، ڕواڵەت گەرایی، کورتبینی، ڕاوڕووت، گەندەڵی و هەڵاواردن لە لایەن حکوومەتەوە قبووڵ ناکات و لە یەکەم دەرفەت و یەکم بیانوودا، ڕەنگە بە شێوەیەکی بەرینتر لە ناڕەزایەتییەکانی پیشوو کاردانەوەی ناڕەزایەتی نیشان بدات."
ئەو لە بەشێکی دیکەی ئەم وتووێژەدا خۆی بە لایەنگری گۆرانکارییە بنچینەییەکان دەزانێت بەڵام "بەبێ تووندوتیژی و بەبێ دەستێوەردانی بیانی و بە ڕاگرتنی سەربەخۆیی و تەمامییەتی ئەرزیی وڵاتەکە و بە بەشداریی هەموو هێزەکان." ئەو هەورەها کۆمەڵێک پرسیاریش لە پێوەندیدا بە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان دەهێنێتە ئاراوە: "ڕاستە خەڵک وشیارن و سەرچاوەی کێشەکانیان ناسیوە، بەڵام ئایا گەیشتوونەتە یەک بۆچوون و یەک ڕوانگە دەربارەی ڕێکارە کاریگەرەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەیشی؟ ئایا دەربارەی بەدیلی دۆخی ئێستا گەیشتوونەتە ڕێکەوتن؟ وای دابنێین هەموو خەڵک بێ هیوا بووبێتن لە کۆماری ئیسلامی، ئایا ڕەفتاری ئۆپۆزیسیۆن و دژبەرانی ئەم سیستمە جێگای هیوا بوون؟ بەڵێ، گەنجان توانیان بە مەهساوە سەنگەری حیجاب بگرن، بەڵام بۆ نەیانتوانی سەنگەری کۆماری ئیسلامی بگرن؟ وشیاریی نوێ واتە وتووێژ لەسەر ئەمەی کە بۆچی سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار و خەزەڵوەر و مەهسا، ناڕازیان نەیانتوانی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن؟ گەرینگتر ئەوەیە چی بکەین کە ئەگەر وای دابنێین سەرکەوتین، نەگەینە بەرهەمهێنانەوەی ئیستبداد و جارێکی دیکە گیر نەخۆین و دووبارە بگەڕێینەوە خاڵی یەکەم؟"
تاجزادە بەم جۆرە ڕەخنە لە لایەنگران و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی دەگرێت: "لایەنگران و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، نە کۆماریان دەوێت و نە بڕوایان بە دێمۆکراسی هەیە. یەکەمیان خەونی دامزراندنی ئیمارەتی ئیسلامیی لە جۆری تالیبان هەیە و گرووپی دووهەم، هێشتا نەهاتوونەتە سەر حوکم بەڵێنی دانانی داری سێدارە و وەدواخستنی دە ساڵەی هەڵبژاردن دەدەن و باس لە پێویستیی جەنگی بێ حیجابەکان لەگەڵ خاوەن حیجابەکان دەکەن." ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ڕێفراندۆم ئەم کێشانە چارەسەر دەکات: "هێنانە ئارا و پێشنیاری ڕێفراندۆم ئەم نیگەرانییەی کە هەوڵەکان بۆ لەناو بردنی کۆماری ئیسلامی، ئێران دەکاتە سووریا، چارەسەر دەکات. چونکە یارییەکە سەرکەوتن- سەرکەوتن و ئاشتیانەیە و کەسیش خۆی ناکات بە ڕێبەری خەڵک کە مافێکی تایبەت بۆ خۆی داوا بکات.
ئەو لەو باوەڕەدایە کە "کۆمەڵگا توانیویەتی ئازادیی حیجاب بەسەر حکوومەتدا بسەپێنێت. کەواتە درەنگ یان زوو دەتوانێت گۆڕینی یاسای بنەڕەتی بەسەر دەسەڵاتیشدا بسەپێنێت، ئەگەر بۆخۆی و بە ویستی خۆی ئەوە نەکات."
ئەو بە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان دەڵێت: "ڕێبەری ئێران ئەم جارەیان لەگەڵ ئاخێزێکی ناڕەزایەتیی ڕووتی سیاسیدا بەرەوڕوو نییە کە لە ڕێگەی بەند کردن و زیندان و یاساغ بوونی دەرکەوتنی میدیایی ڕێبەرانییەوە، بتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات و جاڕی سەرکەوتن لێ بدات. ڕێبەر ئەم جارەیان لەگەڵ جیلێکی گەنجدا ڕووبەڕووە کە خواستەکانیان تەواو لۆژیکی، مرۆیی، جیهانی ئەگەردارن و پشتبەستوون بە بنەماڵەکانیان و ڕای گشتییەوە."
ئەو لە کۆتایی ئەم بەشە لە وتووێژەکەدا دەڵێت: "دەسەڵات لە کۆتاییدا هیچ ڕێگایەکی نییە جگە تەسلیم بوون بەرامبەر ئیرادەی باڵای زۆرینەی خەڵک."
تێبینییەکەت بنووسە