هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی میلیۆنان خوێندکار لە ئێران، سێ ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان لەوانە "ڕێکخراوی مامۆستایانی ئێران، ئەنجومەنی ئیسلامی مامۆستایان و ئەنجومەنی مامۆستایان"، بەرامبەر بە "سنووربەندی و گوشارە سیاسییەکان"ی حکوومەت بۆ سەر مامۆستایان ناڕەزایەتیان دەربڕی.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەم سێ ڕێکخراوە پیشەیی مامۆستایاندا هاتووە "گوشار خستنە سەر مامۆستایان و ڕووبەڕوو بوونەوەی دادوەری و ئەمنییەتی بەرامبەریان"، "دەرکردنی سزای زیندانی درێژە ماوە" و "دۆسیەسازی لە دادگاکانی شۆڕش" بۆ مامۆستایان وەک بەشێک لە ڕوو بەڕوو بوونەوەکانی حکوومەت بە دژی مامۆستایان ئاماژەی پێکراوە.
هەروەها ئەم سێ ڕێکخراوە پیشەییە جەختیان کردۆتەوە بەشێکی دیکەش لە سەرکوتی مامۆستایان لە لایەن وەزارەتی پەروەردە و لە ڕێگەی "دۆسیەسازی بۆ مامۆستایان لە دەستەی سەرپێچی ئیدارییەکان و سەپاندنی سزای دەرکردن، خانەنشینی پێشوەختە، خانەنشینی زۆرەملێ، دوور خستنەوە، بڕینی مووچە، لابردنی پلەبەندی و دەرکردنی ژمارەیەک لە مامۆستایانی چالاکی پیشەیی، سیاسی لە کارەکانیان" ئەنجام دەدرێت.
"ڕێکخراوی مامۆستایانی ئێران، ئەنجومەنی ئیسلامی مامۆستایان و ئەنجومەنی مامۆستایان" لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیاندا جەختیان کردۆتەوە ئەوان چاوەڕوانی ئەوەیان هەیە کە "ساڵی نوێ ساڵی کۆتایی هاتن بە گوشار، سنووربەندییەکان، دۆسیەسازی و سەپاندنی گوشارەکان بە دژی مامۆستایان بە تایبەت چالاکانی پیشەیی و سیاسی" بێت.
ئەم ڕێکخراوانە لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەیاندا ئاماژەیان بە قووڵ بوونەوەی "قەیرانەکانی بەڕێوەبردنی سیستمی پەروەردەی وڵات" کردووە و وتوویانە: "ناکارامەیی بەڕێوەبردنی پەروەردە و بارهێنان بۆتە هۆی دروست بوونی قەیرانی کوالیتی، دادپەروەری و شەرعیەت" لە سیستەمی پەروەردەدا.
ئەوان بە جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەی کە جگە لە "قەیرانی کوالیتی" لە سیستمی پەروەردەدا کە بۆتە هۆی دابەزینی ئاستی پەروەردەیی میلیۆنان قوتابی لە ئێراندا، هەروەها "قەیرانی دادپەروەری" لە سیستمی پەروەردەدا "زیاد بوونی کەلێنی چینایەتی و نایەکسانی کۆمەڵایەتی، وازهێنانی خوێندکارانی هەژار و کەم داهات" و "جیاوازی لە کوالیتی پەروەردە لە ناوچە هەژار و دەوڵەمەندەکاندا" لێکەوتۆتەوە.
لە ڕاگەیەندراوی "ڕێكخراوی مامۆستایانی ئێران، ئەنجومەنی ئیسلامی و ئەنجومەنی مامۆستایان" جەخت کراوەتەوە "ناڕەزایەتی بەرینی بنەماڵەکان لە سیستمی پەروەردە، پەنا بردنی بەشێک لە خەڵک بۆ قوتابخانە ناحکوومییەکان و پەروەردەی تایبەت، متمانە نەکردن بە کوالیتی پەروەردەی حکوومەتی و پەرەپێدانی ناوەڕۆکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکیش" ئاماژەیە بۆ هەبوونی "قەیرانی شەرعیەت" لە سیستمی پەروەردەی ئێراندا.
ئەوان هەروەها بەرامبەر فرۆشتن و ڕادەست کردنی "داراییەکانی سیستمی پەروەردە" لە ژێر ناوی پلانی کاربەدەستە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی بە ناوی "بەرهەمهێنان"، بەرامبەر "مەترسی ناکارەمیی و گەندەڵی" هۆشداریان داوە.
ئەم سێ ڕێکخراوەیە جەختیان کردۆتەوە "مڵکی پەروەردە و بارهێنان بەشێکن لە دارایی گشتیی و لە حاڵێکدا زۆربەی ناوچە شارییەکان ڕووبەڕووی چڕی پۆلی سەروی ٣٠-٤٠ خوێندکار دەبنەوە، فرۆشتن، ڕادەست کردن و بەرهەمهێنانی مڵکی ئە ڕێکخراوە، جێگەی پرسیار و نیگەرانییە."
ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای فارس، لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە پەیامێکدا نووسی: "مانگی ڕەزبەر و بەجێماوان لە ڕەزبەر؛ لە مانگی ڕەزبەر و کرانەوەی قوتابخانەکان لە حاڵێکدا دەست پێدەکەین کە چەندین هەزار منداڵ بە هۆکارگەلی جیاواز لە خوێندن دواکەوتون."
هەروەها ئەم ئەنجومەنە باسی لەوە کردووە "منداڵانی کار، قوربانیانی بچووکی هەژار، لەو دەستە قوتابیانەن کە لە خوێنن بەجێماون" لە حاڵێکدا بەپێی یاسای بنەڕەتی ئێستا "حکوومەت پابەندە کەرەستەی پەروەردە و بارهێنان تا کۆتایی خولی ناوەندی بۆ هەموو میلەت دابین بکات."
ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن جەختیان کردۆتەوە "ناکارامەیی دەستوپێوەنەکانی سیستمی پەروەردەی وڵات لە ئاستی شار، پارێزگا و نەتەوەیی هێز و بڕستی لە پەروەردە و بارهێنان" سەندۆتەوە.
ئەم ئەنجومەنە ئاماژەی بە بەرین بوونەی کەلێنی چینایەتی و نادادپەروەری و هەروها وازهێنان لە خوێندنی ٩٦٠ هەزار منداڵ و گەنج کردووە و لە لایەکی دیکەوە ناڕەزایەتیان بەرامبەر "ئەمنییەتی کردنەوەی کەشی قوتابخانەکان" لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەتییەکانەوە دەربڕیوە.
هەروەها ناوەندی مامۆستایانی پارێزگای ئیسفەهان لە ڕاگەیەندراوێکدا هیواداری دەربڕی کە لە ساڵی نوێی خوێندندا "ستەمکاری و چەوساندنەوە، نەزانی، هەژاری و نادادپەروەری" لە ئێراندا "لە ناو ببرێت".
لە دەست پێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ساڵی ڕابردووەوە قوتابخانەکان بووە بە یەکێک لە ناوەندەکانی دەربڕینی ناڕەزایەتی. بەڵام حکوومەت وەک شوێنەکای دیکە بە تووندترین شێوە قوتابخانەکانی سەرکوت کرد. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ٩ مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١١٠ قوتابی و ٤٧ مامۆستا دەستگیر کراون و ژمارەیەک خوێندکار و مامۆستاش سزای "زیندان و قامچی لێدان"یان بەسەردا سەپێنراوە.
تێبینییەکەت بنووسە