بەپێی ئەو زانیاریانەی بە دەستی "ئێرانوایەر" گەیشتووە، "فروغ سەمیعنیا"، "سارا جیهانی" و "زوهرە دادڕەس"، سێ چالاکی مافی ژنان کە لە گیلان دەستبەسەرکراون، سەرەڕای دەرکردنی بارمتە، دوای چل ڕۆژ هێشتا دەستبەسەرن.
لە مانگی گەلاویژ و لە سەروبەندی ساڵوەگەڕی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان و کوشتنی حکوومەتی "ژینا (مەهسا) ئەمینی"، "جیلوە جەواهیری، فروغ سەمیعنیا، مەتین یەزدانی، یاسەمین حەشدەری، نگین ڕەزایی، زەهرا دادڕەس، زۆهرە دادڕەس، واحدە خۆشسیرەت، شیوا شاسیا، سارا جیهانی، ئازادە چاوشیان، مەهسا بەسیر توانا و هوومەن تاهیری"، لە پارێزگای گیلان دەستگیر کران.
لە ماوەی چل ڕۆژی ڕابردوودا بەشێکیان بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی تا کاتی پێکهێنانی دادگا لە زیندان ئازاد کراون، بەڵام سێ چالاکی مافی ژیان کە بریتین لە فروغ سەمیعنیا، سارا جیهانی و زوهرە دادڕەس، تا ئیستا لە گرتووخانە و هەڵپەسێراندا بەسەر دەبەن.
لەگەڵ بەدواداچوون و سەردانی بنەماڵەکان و بەپێی وتەی لێکۆڵەرەکانی دادگای گشتی و شۆڕشی ڕەشت لە بەرواری ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٢دا، بۆ سەرجەم دەستگیر کراوان بڕیاری دانانی بارمتە بە بڕی ٥٠٠ میلیۆن تمەن دەرکراوە، بەڵام بەرپرسانی دۆسیەکە لە دوایین کاتژمێرەکانی ئەو ڕۆژەدا، وەرگرتنی بەڵگەیان بۆ ئەم سێ کەسە ڕەت کردۆتەوە و هۆکاری بەردەوامیی دەستبەسەربوونیان بە یەکلایی نەبوونەوە و نەناردنی ڕاپۆرتی کار لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕاگەیاندووە و بەڵێنیان داوە دوای حەوتوویەک ئەم سێ کەسە ئازاد بکرێن.
ئێرانوایەر ئاگادار بۆتەوە کە لە ڕۆژی ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بنەماڵەکانی فروغ سەمیعنیا، سارا جیهانی و زوهرە دادڕەس سەردانی دادگای گشتی و شۆڕشی ڕەشتیان کردووە، دوای ئازادیی و پڕۆسەی دانانی بارمتەیان بۆ ئازیزانیان کردبوو کە جارێکی دیکە لێکۆڵەری دۆسیەکە نەناردنی ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعاتی کردبووە بیانوویەک بۆ ئازاد نەکردنی ئەم سێ کەسە.
ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای گیلان، سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات، پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستگیرکراوانی بە ڕێگە خۆشکەر و "ئامادەکاری نائارامیی و نائەمنی لە ئاستی پارێزگای گیلان و هەندێک لە شارەکانی پارێزگای کوردستان" تۆمەتبار کردبوو.
بەهۆی تەواوبوونی فەرمانی دەستگیرکردن لە ٢٦ی خەرمانان و دەرکردنی بڕیاری بارمتە لە هەمان ڕۆژدا، دەستگیر کردنی نایاسایی ئەم سێ ژنە چالاکوانە بەردەوامە.
تێبینییەکەت بنووسە