close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
هەواڵ

ڕاپۆرتی هەنگاو لە دەستگیریی بەرینی هاوڵاتیان؛ دەستگیریی ١١٨ هاوڵاتی لە یەک مانگ‌دا

۱۳ سەرماوەزی ۱۴۰۲
خوێندنەوەی وتارە لە ۳ خولەکدا
ڕاپۆرتی هەنگاو لە دەستگیریی بەرینی هاوڵاتیان؛ دەستگیریی ١١٨ هاوڵاتی لە یەک مانگ‌دا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو" لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەیی‌دا، ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٣دا لانیکەم ١١٨ کەس لە هاوڵاتیان دەستگیر کراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٤٤ هاولاتیی کورد، ٧ هاوڵاتیی بەلووچ و هەورەها ٤٠ ژن، ٥ منداڵ و ١٨ هاوڵاتیی بەهاییان دەستگیر کردووە یان بە شێوەی نایاسایی ڕفێندراون.

لەم مانگەدا هەروەها لانیکەم ١٦ چالاکی ئایینی دەستگیر کراون کە ١٨ کەسیان هاوڵاتیی بەهایی و ٢ کەسیشیان ڕۆحانیی ئەهلی سونەت بوون. گوشاری سیستماتیک و داسەپاندنی هەڵاواردنە دوو ئەوەندەکان بەرامبەر کەمینە ئایینییەکان بە تایبەت بەهاییەکان، بە درێژایی چل ساڵی ڕابردوو لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تووندتر بۆتەوە.

"ئێران وایەر" لە چەند مانگی ڕابردوودا، چەندین ڕاپۆرتی جۆراوجۆری لە گوشارهێنان بۆ سەر هاوڵاتیانی بەهایی لە ئێران بڵاو کردۆتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە دەست ئێران وایەر گەیشتوون زیاتر لە ٢٤ ڕۆژە کە بە سەر دەستگیریی "ئیرن ڕەحمانی (ئێحسانی)"، هاوڵاتیی بەهایی کە لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە بەرواری ١٦ی خەزەڵوەردا دەستگیر کرابوون، هیچ زانیارییەک لە سەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتە هەڵبەستراوەکانی خۆی و هاوڕێکانی بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە ئێران وایەری وتووە کە: "ئیرن دایکی دوو منداڵی بچووکیی ٢ و ٤ ساڵانە. درێژ بوونەوەی خولی دەستگیریی ئەم هاوڵاتییە بۆ ئەم دوو منداڵە کەم تەمەنە کە هیچ کات لە دایکیان دوور نەکەوتوونەتەوە، زۆر قورس و گرانە و ئەمە لە ڕەفتاریان‌دا ڕەنگی داوەتەوە. ئیرن لە ٢٤ ڕۆژی ڕابردوودا تەنیا دوو جار بە شێوەی تێلێفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی‌دا پێوەندیی گرتووە."

هێزە ئەمنیەتییەکان لە ١٦ی خەزەڵوەردا هێرشیان کردە سەر ماڵی بابەک زەینەلی لە مێهرشەهری کەرەج و ١٠ هاوڵاتیی بەهایان لە ماڵەکانیان‌دا دەستگیر کرد. یەکێک لەو بنەماڵانەی کە لەم هێرشەدا دەستگیر کران کە ئیرن ڕەحمانی و هاوسەرەکەی ئیمان ئێحسانی بوو. هێزە ئەمنییەتییەکان هاوکات لەگەڵ دەستگیر کردنی ئەم دوو هاوڵاتییە هێرشیان کردۆتە سەر ماڵەکانیان و دوای پشکنینی ماڵەکانیان، هەر دووکیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە.

ئیمان ئێحسانی و سێ کەسی دیکە لە دەستگیر کراوەکانی ٤ی سەرماوەز، دوای دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون.

ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هرانا"یش لە زمانی سەرچاویەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ئەم دەستگیر کراوانە رایگەیاندووە کە ڕۆژی چوارشەمە ٨ی سەرماوەز، سەرباری بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاننی ئەم هاوڵاتیانە، لێپرسراوانی پێوەندیدار خۆیان لە وڵامدانەوە دەربارەی دۆخی دۆسییەکانیان بواردووە. هەروەها، بە بنەماڵەی ئەم هاوڵاتیانە ڕاگەیەندراوە کە حەوتووی داهاتوو بۆ بەداواداچوون سەردانی دەزگاکانی دادوەری بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتە لێکۆڵینەوەییەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو لە مانگی زاینیی نۆڤامبردا، لانیکەم ٤٠ ژن و ٥ منداڵ دەستگیر کراون.

سەرباری ئەمانە، دەستگیر کردنی چالاکانی پیشەیی مامۆستایان، کرێکاران، خوێندکاران و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش درێژەی هەبووە و لانیکەم ٢ خوێندکار لە شارەکانی تەورێز و مەشهەد، ٩ مامۆستای قوتابخانە لە شارەکانی ئابدانان، فیرووزئاباد، شیراز، ئەهواز و مەشهەد دەستگیر کراون. هەورەها لانیکەم ٦ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی میدیایی و ٩ هونەرمەند و نووسەر و ئەکتەری سینەما لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران تەنیا لە مانگی نۆڤامبەری ٢٠٢٣دا دەستگیر کراون.

ئەم ناوەندە ئەمنییەتیانەی کە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی لە مانگەکانی ڕابردووی ئەم ساڵی زاینی‌دا دەستگیر کردووە نادیار و لە شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتە هەڵبستراوەکان بە دژیان هیچ زانیارییەک لە بەر دەست‌دا نییە.

وڵام‌نەدانەوەی دام و دەزگا ئەمنییەتی و دادوەرییەکان لە هەمبەر دۆخی دەستگیر کراوەکان، بۆخۆی یەکێکە لە نموونەکانی ئازار و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی زیندانی و بنەماڵەکانیان.

هەر لەم مانگی نۆڤامبرەدا، دادگای شۆڕشی تاران چوار هاوڵاتیی بە ناوەکانی "زەهرا سەفایی" و دوو منداڵەکەی، "پەرەستوو موعینی" و "محەمەدمەسعوود موعینی"ی لەگەڵ "کامران ڕەزایی فەر"ی لە سەر یەک بە بیست ساڵ زیندان سزا داوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەم هاوڵاتیانە دوای ئامادە بوونیان لە لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری"، بە تۆمەتی "هەوڵدانی بە دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" هەر کامەیان بە پێنج ساڵ زیندان و بە گشتی بە بیست ساڵ زیندان سزا دراون. "تەیموور ڕەزاییان"، یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارەکانی ئەم دۆسییەیش بە پێدانی ٥٠ میلیۆن تمەن جەریمەی نەختی سزا دراوە.

لە ئێستادا، زەهرا سەفایی لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین‌دا ڕاگیراوە و محەمەدمەسعوود موعینی لەگەڵ کامران ڕەزایی فەر، لە بەندی ٤ی زیندانی ئێڤین‌دا بەند کراون. ماوەیەک بەر لەمە، پەرەستوو موعینی و تەیموور ڕەزاییان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە زیندان ئازاد کراون.

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

دەستگیریی دوو مامۆستای ئایینی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بۆکان

۱۳ سەرماوەزی ۱۴۰۲
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
دەستگیریی دوو مامۆستای ئایینی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بۆکان