دەوڵەتی نیوزلەندا ڕایگەیاند کە ٢٨ کەس و ١٤ دامەزراوەی پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی، بە تاوانی هاوکاری کردنی ڕوسیا بۆ هێرش بردنە سەر ئۆکرانیای خستووەتە ناو لیستی سزاکانییەوە.
وینستۆن پیتێڕز، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی نیوزلەندا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ڕایگەیاندووە کە کەس یان کەسان و دامەزراوە سزادراوەکان لە "ماشێنی سەربازی- پیشەسازی ڕووسیا لە دەستدرێژی نایاسایی بۆ سەر ئۆکرانیا کە هێرش بۆ سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتەیە" پشتیوانی دەکەن.
لە بەشێک لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی نیوزلەندا هاتووە کە سزا نوێیەکانی ئەم دەوڵەتە لە دژی کەسان و دامەزراوەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بە هۆی گواستنەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕووسیا و پشتگیری ئەم وڵاتە لە شەڕی نایاسایی دژی ئۆکرانیا ئەنجام دراوە.
دەوڵەتی نیوزلەندا پێشتر و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە دوو نۆرەدا دە کەس و شەش دامەزراوەی سەر بە کۆماری ئیسلامی کە لە دروستکردن و گەیاندنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا دەستیان هەبووە، سزا دراون.
نانایا ماهوتا، وەزیری پێشووی دەرەوەی نیوزلەندا لە بەیاننامەیەکدا گوتبووی: "دابینکردن و دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا هەڕەشەیە بۆ سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا. ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە خەڵکی مەدەنی و ژێرخانەکانی گرنگ دەکەنە ئامانج کە دەبێتە هۆی وێرانی و ئازاری خەڵکی ئۆکرانیا".
تێبینییەکەت بنووسە