لەسەر چارەنووسی حوسێن ئەداک، نەزیر ئەداک و فەرید ئەداک، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «ژیوار»ی سەوڵاوا کە پێشتر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم گوندە و شاری تاراندا دەستبەسەر کراون، تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، فەرید ئەداک، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «ژیوار»ی سەوڵاوا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کراوە. بنەماڵەکەی بە درێژایی ئەم ماوەیە هەوڵیان داوە لە ڕێگای دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکانەوە لە چارەنووسی منداڵەکەیان ئاگادار ببنەوە، بەڵام هەوڵەکانیان تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی بەدواوە نەبووە.
هەروەها نەزیر ئەداک و حوسێن ئەداکیش ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (٢١ی جولایی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گوندی «ژیوار» دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
تێبینییەکەت بنووسە