ئەسعەد ئەفرەنجە، کۆڵبەری لاوی خەڵکی مەریوان، لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و گیانی لە دەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە نزیک گوندی «ئەسکۆڵ»ی مەریوان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی ئەسعەد ئەفرەنجە دەسبەجێ کوژراوە.
جێگای ئاماژەیە،ئەسعەد ئەفرەنجە تەمەن ٢٥ ساڵان، خەڵکی گوندی «سیاناو»ی مەریوان و باوکی منداڵێک بوو.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی ئەرکان باڵواسە، ئەیوب محەممەدی و کیان زەینی بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، نەوسوود و سەردەشتدا کوژران.
تێبینییەکەت بنووسە