پەرستارانی نەخۆشخانەی وەلیعەسری نوورئابادی مەمەسەنی و نەخۆشخانەی ڕەهنموونی یەزد تەڤڵی مانگرتنی سەرتاسەریی پەرستاران و کارمەندانی بەشی تەندروستی و دەرمانی ئێران بوون.
شۆرای هەماهەنگیی ناڕەزایی پەرستاران لە ئێران ئەم هەواڵەی ڕاگەیاندووە و جەختی لە سووربوونی پەرستارانی ناڕازی بۆ دەستبەرەکردنی داواکارییەکانیان کردۆتەوە
ئەم شۆرایە هەروەها ئاماژەی بە کاری لەڕادەبەدەری پەرستاران داوە و ئەمەی بەجۆرێک بێگاری کێشان لە کۆمەڵگەی پەرستاریی ئێران بەناو کردووە.
شۆرای هەماهەنگیی پەرستاران هەروەها ئاماژەی بە موچە و هەقدەستی کەمی پەرستاران سەرەڕای قورسیی کارەکەیان داوە و ئەمەی بە هۆکاریی سەرەکیی بەرفراوان بوونەوەی مانگرتنی ناڕەزایی پەرستاران زانیوە.
مانگرتنی سەراسەریی پەرستاران سەرەتا هەفتەی ڕابردوو لەلایەن پەرستارانی ناڕازیی حەوت نەخۆشخانەی گەورەی شاری شیرازەوە دەستی پێکرد و بەرە بەرە بە شار و شارۆچکە جیاکانی ئێراندا بڵاو بووەوە.
بەگوێرەی دوایین هەواڵەکان، تاوەکو ئێستا پەرستارانی دەیان نەخۆشخانەی دیکە لە شارەکانی تەورێز، فەسا، ئابادە، زەنجان، یەزد، نوورئابادی مەمەسەنی، کەرەج و شابادی کرماشان تەڤڵی ئەم مانگرتنە بوون.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پەروانە ماندەنی، پەرستاری تەمەن ٣٢ ساڵی نەخۆشخانەی شاری سێپیدانی پارێزگەی فارس بەهۆی قورسیی فشاری کارەوە گیانی لەدەستدا.
لە گوتاری پزشکیدا بەم جۆرە مەرگە بە سیندرۆمی کارۆشی ناودێر دەکرێت، کە لە زمانی ژاپۆنیدا بەواتای گیان لەدەستدان لە ئەنجامی کاری قورس و زۆر دێت.
تێبینییەکەت بنووسە