فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشان ئاشکرای کرد، "پووریا نەزەری"، ئەندامێکی پۆلیسی ئەو پارێزگایە لەمیانەی تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لەگەڵ چەند کەسی نەناسراو کوژراوە.
"عەلیئەکبەر جاویدان" شەوی ڕابردوو هەینی ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ وتی، ئەو ڕووداوە بەیانیی هەینی لە چوارڕێیانی ئاگرکوژێنەوەی کرماشان هاتۆتە ئاراوە.
بەگوێرەی قسەکانی جاویدان، چەند پۆلیسی گەشت لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا گومانیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە و بۆ ئەوەی ڕایبگرن و لێکۆڵینەوەی زیاتر بکەن فەرمانی وەستانیان پێداوە.
فەرماندەی پۆلیسی کرماشان هەروەها وتی، سەرنشینانی ئەو ئۆتۆمبێلە دەستیان کردووە بە تەقەکردن و لەمیانەی تێکهەڵچوونەکەدا گولـلەیەک بەر سەری پوریا نەزەری کەوتووە.
عەلیئەکبەر جاویدان ڕاشیگەیاند، پووریا نەزەری پاش ئەوەی برینداربووە براوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام هەوڵی پزیشکان لە ئەنجامدا کاریگەر نەبووە و گیانی لەدەستداوە.
فەرماندەی پۆلیسی کرماشان لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوەش دا کە هەرچەند بکوژەکان توانیویانە هەڵبێن لە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامیی هەیە و بەم زووانە دەستگیردەکرێن.
تێبینییەکەت بنووسە