close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
بەندکراوان

زیندانییەکی سیاسی کورد وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە گوشار و ئەشکەنجە کۆتایی بە گیانی خۆی هێنا

۷ ڕەشەمەی ۱۴۰۲
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی ناوەندی ورمێ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی ناوەندی ورمێ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

"شاهین گەلەدار" زیندانیی سیاسیی کوردی کە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ سزای ٢ ساڵ بەندکرانی تێدەپەڕاند، بە هۆی "گوشار و ئەشکەنجە"ی  وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەستی دایە خۆکوشتن و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەم زیندانییە سیاسییە لە بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ناوەندیی ورمێدا خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو تۆڕە دەلێت لە کاتی گواستنەوەی تەرمی ئەم زیندانییە سیاسییەدا بۆ نەخۆشخانەکەی زیندان، یەحیا سوڵتانی و حەمیدعەلی حیکمەتی، بەرپرس و یاریدەری ئەم بەندە، پەلاماری زیندانییە سیاسییەکانیان داوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردوون.

لە هەمانکاتدا ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆف دەڵێت کە "شاهین گەلەداری، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە بەشێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گیانی لە دەستداوە". بەڵام ئەم ڕێکخراوەیە زانیاری وردتری ئاشکرا نەکردووە.

بە گوتەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان شاهین گەلەدار "لەم حەفتانەی دواییدا چەندین جار ڕەوانەی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات لە زینداندا و هەروەها دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو و لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خرابووە ژێر گوشار و ئەشکەنجەوە تاکوو لەگەڵ ئەم دەزگا ئەمنییەدا هاوکاری بکات. لێپرسەوە ئەمنییەکان بە مەبەستی بێڕێزیکردن بەم زیندانییە سیاسییە سمێڵیان تاشیبوو. هاوکات لەم مانگانەی ڕابردوودا هەندێ لە ئەندامانی بنەماڵەکەیشی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کرابوو".

شاهین گەلەدار، ٥٠ ساڵان و خەڵکی گوندی "هەکی"ی شاری ورمێ، لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٧دا دەستبەسەر کرا و دوای ٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە و دوای ماوەیەکیش بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ.‌ک.‌ک) سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەم حوکمە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا گۆڕدرا بۆ ٢ ساڵ بەندکران و لە ڕەشەمەی ١٤٠١دا (فێبرییەی ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراو، لەوانە زیندانیانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا نیگەرانییان لە پەرەسەندنی ڕێژەی خۆکوشتنی بەندکراوان بە هۆی گوشاری بەرپرسانی زنیدانەوە دەربڕیبوو و داوایان کردبوو پەیمان خانزادە، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە، لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە.

زیندانییەکان لە نامەکەیاندا وتبوویان: «ژمارەیەک لە بەندکراوان لە چەند مانگی ڕابردوودا و بە هۆی گوشارەکان و دۆخی دژواری مانەوە لە بەندە جیاوازەکانی زینداندا، هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و چەند مانگ جارێک تەرمی زیندانییەک ڕادەستی بنەماڵەیەکی ئازیەتبار دەکرێتەوە. هەموو جارێکیش لەبەر زەخت و گوشارەکان هیچ هەواڵێک لەسەر خۆکوشتنەکان ناگاتە ئەودیوی دیوارەکانی زیندان. هەر ئێستا زیاتر لە ١٠ بەندکراو کە لە ناو زیندانی ناوەندیی ورمێدا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، گوازراونەتەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان».

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

سێ زیندانیی کورد بەر لەوەی لە سێدارە بدرێن ئەشکەنجە دراون

۷ ڕەشەمەی ۱۴۰۲
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
سێ زیندانیی کورد بەر لەوەی لە سێدارە بدرێن ئەشکەنجە دراون