close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
بەندکراوان

زیندانیی مەزهەبیی کورد کامڕان شێخە لە سێدارە درا

۴ گەلاوێژی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۳ خولەکدا
کامڕان شێخە
کامڕان شێخە

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی (٢٥ی جولای) کامڕان شێخە، زیندانیی مەزهەبیی کورد، دوای ١٤ ساڵ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درا.

کامڕان شێخە پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ٦ زیندانیی مەزهەبیی کوردی دیکەدا بە ناوەکانی قاسم ئابستە،  ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو. لە چەند مانگی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی ئەو شەش بەندکراوەکەی تر لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ ئەم بەندکراوە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە زیندانی مەهابادەوە گوازرابوویەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ و بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سێدارە دراوە.

ڕۆژی ڕابردوو دوای گواستنەوەی کامران شێخە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، بنەماڵەکەی بۆ دوادیدار بانگهێشتی ئەو زیندانە کرابوون و توانیبوویان بۆ چەند ساتێک دیداری لەگەڵدا بکەن. ئەم بەندکراوە مەزهەبییە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان بە هۆکاری نادیار لە زیندانی قزڵحەساری کەرەجەوە ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.

کامڕان شێخە، هاووڵاتیی ٣٩ ساڵانی خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٨٨ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٨ مانگ لەو دەستبەسەرگەیەدا بە تۆمەتی «موحارەبە» خرایە بەر لێپرسینەوە و پاشان ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا. لەم زیندانەیشدا بۆ ماوەی ٦ مانگ لە بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩دا لێپرسینەوەی لێ کرا و ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١دا گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا کامڕان شێخە لەگەڵ هەر شەش هاودۆسیەکەی دیکەیدا، قاسم ئابستە،  ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فی‌الارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران.

ئەم دادگایە ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ بە فەرمی پێی ڕاگەیاندن کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕازینی و لە کۆتایی ١٣٩٥دا  حوکمەکە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران.

لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەر کامڕان شێخە و هاودۆسیەکانیدا سەپاندەوە. ئەم جارە دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە و بە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران سزاکەی وەک خۆی پەسەند کردەوە و لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٨دا  بڕیارەکە بە شێوەی فەرمی بە پارێزەرەکەیان، مەحموود عەلیزادەی تەباتەبایی، ڕاگەیەنرا.

هەروەها کامڕان شێخە لەگەڵ دوو هاودۆسیەی دیکەیدا بە ناوەکانی ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٦دا  بە مەبەستی دادگاییکردن بە تۆمەتی «کوشتنی سەربازێک لە مەهاباد» لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. دادگای ئەم سێ کەسە لە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٧دا  لە لقی ١٢ی دادگای پیاچوونەوەی ورمێ بەڕێوە چوو. لەم دادگایەدا کامڕان شێخە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای «قەساسی نەفس»ی بەسەردا سەپا.

دوای تانەدان لەو سزایە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لە ڕێبەندانی ١٣٩٧دا بەپێی مادەی ٤٦٩ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری، لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵاوە هەڵوەشایەوە و جارێکی تر نێردرایەوە بەردەم یەکەم دادگای بڕیاردەر.

لە گەڵاڕێزانی ١٣٩٩دا لقێکی دیکەی دادگای کەیفەریی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا تەنها بەپێی ڕێسای «عیلم و تێگەیشتنی دادوەر» جارێکی تر سزای «قەساسی نەفس»ی بەسەر ئەم زیندانییە مەزهەبییەدا سەپاندەوە.

کامران شێخە لە گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢دا دوای داخستن و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، لەگەڵ هەر شەش هاودۆسیەکەی دیکەیدا گوازرایەوە بۆ زیندانی قزلحەسار.

تێبینییەکەت بنووسە

ژینگە

دەستبەسەرکردنی لانیکەم شەش چالاکی مەدەنی دوای ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئیسماعیل کەریمی

۴ گەلاوێژی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
دەستبەسەرکردنی لانیکەم شەش چالاکی مەدەنی دوای ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئیسماعیل کەریمی