حکومەتی کۆماری ئیسلامی لەماوەی ٥٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٦٤ هاوڵاتی باوەڕمەند بە ئاینی بەهاییی دەستگیر کردووە و کەسب و کاری پێداخستوون. "کۆمەڵەی جیهانیی بەهاییان" لەسەر هەڵکشانی لەڕادەبەدەری فشارەکان بۆسەر باوەڕمەندانی ئەو ئاینە لە ئێران هۆشداریی دا.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی "کۆمەڵەی جیهانیی بەهاییان" بڵاوی کردۆتەوە، لە ڕۆژی ١١ی جۆزەردانەوە بۆ ٩ی پووشپەڕی ئەمساڵ ٤٤ هاوڵاتی بەهایی و لە ١٠ی پووشپەڕیشەوە بۆ ٣٠ی پووشپەڕ ٢٠ هاوڵاتیی بەهایی دیکە لە شارە جیاکانی ئێران دەستگیر کراون، شوێنی ژیان و کارەکەیان پشکنراوە و لە هەندێک حاڵەتدا کەسبوکارەکەیان پێداخراوە.
"بانی دوگاڵ"، نوێنەری باڵای کۆمەڵەی جیهانیی بەهاییان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، زیادبوونی ڕێژەی دەستگیر و دادگایی و زیندانی کرانی هاوڵاتیانی بەهایی لە ئێرانی بە "کەرەسەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی سیستماتیک"ـی ئەو کەمینە ئاینییە ناوزەد کردووە.
دوگاڵ هەروەها ڕایگەیاندووە، کە بەهاییەکان ماوەی ٤٤ ساڵە تەنیا بەهۆی باوەڕیانەوە بەهەموو جۆرێک سەرکوت کراون، بەڵام ئەم شەپۆلەی ئازار و ئەزیەتەکان لەدژی هاوڵاتیانی بەهایی، لەڕادەبەدەر نیگەرانکەرە.
حکومەتی ئێران ئاینی بەهایی بە ئاینێکی ڕەسمی دانانێت و باوەڕمەندانی ئەو کەمینە ئاینییە بە بەردەوامیی بە "دوژمن و سیخوڕ" ناودەبات.
کەمینەی بەهایی گەورەترین کۆمەڵگەیە لەناو ئاینە ناڕەسمییەکانی ئێراندا و لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا لەژێر سێبەری یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا بەشێوەی سیستامتیک لە زۆربەی مافەکانیان وەک دامەزران لە ئیدارە حکومییەکاندا، مافی خوێندنی باڵا و مافی کار و کەسابەت بێبەشکراون.
تێبینییەکەت بنووسە