close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
کەمینە ئاینییەکان

خەسرەو بەشارەت، زیندانیی مەزهەبیی کورد لە سێدارە درا

۲۶ گوڵانی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
خەسرەو بەشارەت، زیندانیی مەزهەبیی کوردی خەڵکی مەهاباد، دوای ١٤ ساڵ بەندکران لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا
خەسرەو بەشارەت، زیندانیی مەزهەبیی کوردی خەڵکی مەهاباد، دوای ١٤ ساڵ بەندکران لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی خەسرەو بەشارەت، زیندانیی مەزهەبیی کوردی خەڵکی مەهاباد، دوای ١٤ ساڵ بەندکران لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا.

ئەم زیندانییە مەزهەبییە ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی ئەنوەر خزریدا، کوڕەپوور و یەک لە هاودۆسیەکانی، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوو.

لە چەند مانگی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی پێنج بەندکراوی دیکەی ئەم دۆسیەیە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی و ئەنوەر خزری جێبەجێ کرابوو.

ڕۆژی ١٦ی بانەمەڕ بنەماڵەی خەسرەو بەشارەت کە بە مەبەستی ئەنجامدانی دواهەم دیدار لە مەهابادەوە بۆ زیندانی قزلحەساری کەرەج بانگهێشت کرابوون، نزیکەی ٢٠ خولەک و لە نزیکەوە چاویان بە کوڕەکەیان کەوت و دوادیداریان لەگەڵ کرد.

پاش دوادیداری ئەم زیندانییە مەزهەبییە کوردە، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە مەترسیی لەسێدارەدانی خێرای ئەم هاووڵاتییە کردبوو.

خەسرەو بەشارەت، هاووڵاتیی ٣٩ ساڵانی کوردی خەڵکی مەهاباد، لە ڕێبەندانی ١٣٨٨دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا خەسرەو بەشارەت لەگەڵ هاودۆسیەکانی دیکەیدا بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فی‌الارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕازینی و لە کۆتایی ١٣٩٥دا حوکمەکە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران.

لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەر خەسرەو بەشارەت و هاودۆسیەکانیدا سەپاندەوە. ئەم جارە دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە و بە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران سزاکەی وەک خۆی پەسەند کردەوە و لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٨دا بڕیارەکە بە شێوەی فەرمی بە پارێزەرەکەیان، مەحموود عەلیزادەی تەباتەبایی، ڕاگەیەنرا.

خەسرەو بەشارەت لەگەڵ دوو هاودۆسیەی دیکەیدا بە ناوەکانی ئەنوەر خزری و کامران شێخە لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٦دا بە مەبەستی دادگاییکردن بە تۆمەتی «کوشتنی سەربازێک لە مەهاباد» لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. دادگای ئەم سێ کەسە لە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٧دا  لە لقی ١٢ی دادگای پیاچوونەوەی ورمێ بەڕێوە چوو. لەم دادگایەدا خەسرەو بەشارەت بە تۆمەتی «یارمەتیدان و بەشداریکردن لە کوشتندا» سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە لە گەلاوێژی ساڵی ڕابردوودا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای داخستن و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گوازرانەوە بۆ زیندانی قزلحەسار.

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

پەرلەمانی ئێران پشووی ڕۆژانی شەممەی پەسەند کرد

۲۶ گوڵانی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
پەرلەمانی ئێران پشووی ڕۆژانی شەممەی پەسەند کرد