کامران شێخە، زیندانیی مەزهەبیی کوردی مەحکووم بە لەسێدارەدان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە لە زیندانی مەهابادەوە گوازراوەتەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ورمێ و بەرپرسانی ئەم زیندانە بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە بەرەبەیانی سبەینێ پێنجشەممە ٤ی گەلاوێژ لە سێدارە دەدرێت.
لە چەند مانگی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی شەش بەندکراوی دیکەی ئەم دۆسیەیە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ ئەم بەندکراوە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە زیندانی مەهابادەوە گوازرایەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ و بەرپرسانی زیندان ڕایانگەیاندووە کە بەرەبەیانی سبەینێ لە سێدارە دەدرێت.
دەوترێت دوای گواستنەوەی کامران شێخە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، بنەماڵەکەی توانیویانە دوادیداری لەگەڵدا بکەن. ئەم بەندکراوە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان بە هۆکاری نادیار لە زیندانی قزلحەساری کەرەجەوە ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.
کامران شێخە، هاووڵاتیی ٣٩ ساڵانی خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٨٨ (٧ی دیسامبەری ٢٠٠٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا.
لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) کامران شێخە لەگەڵ هەر شەش هاودۆسیەکەی دیکەیدا، قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فیالارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران.
ئەم دادگایە ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ بە فەرمی پێی ڕاگەیاندن کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
تێبینییەکەت بنووسە