بەگوێرە هەواڵی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی سزای سێدارەی شەش زیندانیی سیاسیی دیکەی پشتڕاست کردۆتەوە.
ناسنامەی ئەم شەش زیندانییە لەو ڕاپۆرتانەدا بە "مالک عەلی فەدایی نەسەب، فەرهاد شاکری، عیسا عەیدمحەمەدی، عەبدولحەکیم عەزیم گورگیج، عەبدولڕەعمان گورگیج و تاج محەمەد خورماڵی" ڕاگەیەندراوە.
ئەم زیندانییانە کە لە زیندانی وەکیلئابادی مەشهەددا ڕادەگیرێن لە ساڵی ١٣٩٨ـەوە بە تۆمەتی "بەغی" لەڕێگەی "ئەندامێتی دەستە و گروپە سەلەفییەکان و بەرەی یەکگرتووی ئەهلی سوننەی ئێران"ـەوە بە سێدارە سزادراون.
سەرچاوەگەلی نزیک بە بنەماڵەی ئەو هاوڵاتیانە ئاشکرایان کردووە کە کە لەژێر ئەشکەنجەی سەختدا ناچار کراون بە دانپێدانانی لەدژی خۆیان.
دادگای باڵای ئێران لەکاتێکدا سزای سێدارەی شەش زیندانیی سیاسیی پشتڕاست کردۆتەوە کە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژ، لانیکەم ٢٩ زیندانی لە قزڵحەساری کەرەج لەسێدارە دران.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو" لەم دواییانەدا بەبڵاو کردنەوەی ڕاپۆرتێکی ئاماری ڕایگەیاندووە، کە لە ڕۆژی پاش هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێرانەوە تاکو ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژ، لانیکەم ٨١ زیندانی لەو وڵاتەدا لەسێدارە دراون.
تێبینییەکەت بنووسە