close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
کەمینە ئاینییەکان

سی ساڵ پاش کۆچی دوایی ئەحمەد موفتی‌زاده؛ پرسیارە بێ‌وڵامەکان

۱۵ ڕێبەندانی ۱۴۰۰
جواد متولی
خوێندنەوەی وتارە لە ۱۱ خولەکدا
سی ساڵ پاش کۆچی دوایی ئەحمەد موفتی‌زاده؛ پرسیارە بێ‌وڵامەکان
سی ساڵ پاش کۆچی دوایی ئەحمەد موفتی‌زاده؛ پرسیارە بێ‌وڵامەکان
ئەحمەد موفتی‌زادە پێش و پاش لە بەندکران
ئەحمەد موفتی‌زادە پێش و پاش لە بەندکران
ئەحمەد موفتی‌زادە و کوڕەکەی پێش ئەوەی بەندبکرێت
ئەحمەد موفتی‌زادە و کوڕەکەی پێش ئەوەی بەندبکرێت
محەمەدژیان موفتی‌زادە لەلای باوکی لە نەخۆشخانەی ئاسیا
محەمەدژیان موفتی‌زادە لەلای باوکی لە نەخۆشخانەی ئاسیا
هەواڵی گیان‌لەدەستدانی ئەحمەد موفتی‌زادە لە ڕۆژنامەی ئیتلاعاتدا
هەواڵی گیان‌لەدەستدانی ئەحمەد موفتی‌زادە لە ڕۆژنامەی ئیتلاعاتدا

بیستی ڕێبەندانی ١٣٧١ پێرسێنێلی نەخۆشخانەی ئاسیا لە تاران، شایەتی مەرگی گوماناویی نەخۆشێکی ٥٨ ساڵان بوون کە نزیک مانگێک پێش ئەوە بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ ئەوەێ گوازرابوەوە. دوای لێکۆڵینەوەکان لەسەر هۆکاری لاوازی و بێ‌حاڵیی گشتت، پزیشکەکان پێیان وابوو ئەم نەخۆشە کە تووشی شێرپەنجەی بەدخیمی گورچیلەیشە؛ شێرپەنجەیەک کە چارەسەرکردنەکەی زۆر دوا کەتبوو.

ئەم نەخۆشە کە دە ساڵی کۆتایی ژیانی بە خراپ‌ترین ئەشکەنجە ڕۆحی و جەستەییەکانەوە لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا تێپەڕ کردبوو، ناوی "ئەحمەد موفتی‌زادە" بوو. موفتی‌زادە، نووسەر، ئیسلام‌ناس و لە ڕیزی زانایانی ئەهلی سونەتی ئێران‌دا بوو کە تەرمەکەی ڕۆژی ٢١ی ڕێبەندان هەمان ساڵ گوازرایەوە بۆ شاری سنە و لە ناو کۆڕی یاران و خەڵکی شارەکەدا ئەسپەردە کرا. لایەنگرانی ئەحمەد موفتی‌زادە بە هۆی زاڵ‌بوونی ئەو بەسەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی زانستە ئایینییەکان‌دا، نازناوی عەلامەیان بۆ ئەم زانای ئەهلی سونەتە بەکار دەهێنا.

***

موفت‌زادە کێ بوو و بۆچی کەوتەبەر ڕقی کۆماری ئیسلامی؟

"لە باری شەخسییەوە زۆر کەم پێویستم بە دیداری کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکانی ئێران هەیە. بەڵام پتر لە حەتوویەکە کە کۆردستان ڕوو لە هەڵچوونم بەجێهێشتووە و لەگەڵ بەرپرسانی ناوەنددا لە گفت‌وگۆدام. بە ڕاست، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی هەست دەکەم کە شۆڕشی ئیسلامی بە خێرایی بەرەو لاوازی دەچێت و بە بەردەوامی مەترسیدارترین دوژمنی ئیسلام لە بەهێزبوون‌ دایە. کاریگەرییەکانی ئەم ڕەوتە هەموو ئێران بەرەو لەناوچوون دەبات."

ئەم ڕستانە بەشێکە لە یەکەم ناڕەزازایەتیی نووسەراوەی "ئەحمەد موفتی‌زادە" لە بەرواری ١٢ی ڕەشەمەی ١٣٥٧دا. ئەو دامەزرێنەری ڕەوتی ئایینیی "مەکتەبی قورئان"، دامەزرێنەری "شورای ناوەندی [مەرکەزی] سونەت" (شمس) و حیزبی "یەکسانی [مساوات] ئیسلامی" لە ساڵی ١٣٥٩ و یەکێک لە ڕێبەرانی ئەهلی سونەتی ئێران بوو کە کۆمەڵێک بەرپرسیارێتیی وەک "حاکمی شەرعی خەڵکیی کوردستان"، "مامۆستای بەناوبانگ‌ترین مەدرەسەی ئەهلی سونەت"، مزگەوتی دارولئێحسانی سنە" و "بێژەریی ڕادیۆ لە بەشی کوردیی ڕادیۆ ئێران لە ساڵی ١٣٣٧"دا بووە و حوکمی زانایاتییەکەیشی لە تەمەنی ١٨ ساڵی‌دا بە فەرمی ناسرا.

موفتی‌زادە پێش شۆڕش لە ساڵی ١٣٤٢دا بۆ ماوەی ساڵێک لەبەر ئەندامەتی لە "حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران"دا تامی زیندانەکانی ئەو کاتیشی چێشتبوو. تەبابوونی سەرەتایی و ڕەخنەکانی دواتری لە ئایەتوڵا "خومەینی" و شۆڕشگێڕەکانی دیکە و ئامادەبوونی لە شوورای شەمس‌دا، بوو بە هۆی ئەوەی بە گوتەی "موحسێن کەدیوەر" بە بڕیاری خومەینی لە خەرمانانی ١٣٦١دا دەسگیر و زیندانی بکرێت؛ زیندانێک کە بەپێی بەڵگەکان، پتر لە شەش ساڵ و سێ مانگ لە ژووری تاکەکەسی‌دا تێیپەڕاند.

ئەو ئەم ماوەی لە زیندانەکانی "کومیتەی موشتەرەک"، "قزڵ‌حەسار"، "گەوهەردەشت"، "ئێڤین" و ماویەکیشی لە بەندی گشتی‌دا تێپەڕاند. پاشان بە گوازستنەوەی بۆ زیندانێکی شاراوە لە کۆڵانی "بنبەستی پژمان"، لە گەڕەکی فەرمانییەی تاران، بە جۆرێک لە بەندکرانی لە ماڵ-زیندان و دوورخرانەوەیشی ئەزموونی کرد. دە ساڵ زیندان کە لە کۆتایی‌دا ئەنجامەکەی مەرگی گوماناویی ئەو بوو.

موفتی‌زادە، سەرباری دوو ساڵ ئەشکەنجە لە دەسگیرکردنی کاتیی سەرەتایی بۆ دانپێدانانی زۆرەملیی تێلێڤیزیۆنی، تەنانەت وشەیەکیشی بەپێی خواست و ڕای بازجووەکان بە زمانی‌دا نەهات. لە کۆتایی‌دا دەزگای دادوەری لە ساڵی ١٣٦٣دا ناچار بوو بە بەڕێوەبردنی دادگایەک بە سەرۆکایەتیی "حسێن‌عەلی نەیری" کە تێی‌دا ئەوەیان بە تۆمەتگەلێک کە وردەکارییەکانی لە ئارادا نییە، بە پێنج ساڵ زیندان مەحکووم بکەن.

ئەم ڕوحانییە کە تا مانگی سەرماوەزی ١٣٦٧ لە ژوورە تاکەکەسییەکان‌دا زیندانی کرابوو، سەرباری ئەوەی سزاکەی کۆتایی هاتبوو، نەک هەر ئازاد نەکرا؛ بەڵکوو بۆ بەندی گشتیی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.

ئەو بە درێژایی ساڵانی زیندانی‌کرانی لە ژوورە تاکەکسییەکان‌دا جگە لە دیداری دوو حەوتوو جارێک لەگەڵ بنەماڵەکەی‌دا هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ شوێنکەوتوانی‌دا نەبوو. تەنانەت داخوازییەکانی "حسێن‌عەلی مونتەزری" وەک قایم‌مقامی ڕێبەری، "عەبدولعەزیز مەلازادە" لە سیما ناسراوەکانی ئەهلی سونەتی ئێران و ئەندامی پێشووی مەجلیسی خوبرێگانی یاسای بنەڕەتی، "نوێنەرانی ئەهلی سونەتی مەجلیسی شورای ئیسلامی" و شوێنکەوتوانی "مەکتەبی قورئان"یش بۆ ئازادیی ئەو بێ‌وڵام مانەوە.

تەنیا پاش ٢٢٥٠ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکسی بە گواستنەوەی بۆ بەندی گشتی [لە زیندانی ئێڤین]، ڕێگای دیدار لەگەڵ خزمان و نزیکان و هەندێک لە ئەندامانی مەکتەبی قورئانی پەیدا کرد. لەم ماوەیەدا، هێدی هێدی، نامەی ئایینیی قوتابییەکانی لە ژێر چاودێریی بەرپرسانی ئەمنییەتی و زیندان‌دا پێدەدرا و ڕێگەی درایە وڵامی شوێنکەوتوانی بداتەوە. سەدان لاپەڕە پرسیار و وڵام بە ئەهلی سونەتی ئێران، بەرهەمی چوار ساڵی کۆتایی تەمەنی ئەو لە زیندان‌دا بووە.

دانیشتوانی ماڵ-زیندانی شاراوەی فەرمانییە کێ بوون؟

"مەحموود ئێعتمادزادە" (به آذین)، نووسەر و وەرگێڕی چەپی ئێرانی یەکێک لەو کەسانەیە کە لە ماوەی بەفرانباری ١٣٦٦ تا ڕێبەندانی ١٣٦٩ لە ماڵ-زیندانی فەرمانییەدا بەند کرابوو. ئەو لە کتێبی یادەوەرییەکانی‌دا لە ژێر ناوی "جارێکی‌تر و ئەم جارەیان"، ئاماژەی بەم زیندانە کردووە.

مەفتی‌زادە ماوەی ٢٠ مانگ لەم شوێنەدا ڕاگیرابوو و هەر لەوێ‌دا لەگەڵ "سەعید شەعبان" لە زانایانی خەباتکاری ئەهلی سونەتی لوبنان و دامەزرێنەری جەمعییەتی "حەرەکەی ئەلتەوحید ئیسلامی" و "راشد غەنووشی" لە ڕێبەرانی موسوڵمانانی ئەهلی سونەتی توونس دیداری کردووە کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی‌دا پێوەندیی باشیان هەبوو. شوێنێک کە ڕواڵەتێکی ئابڕوومەندانەتری بۆ نمایشی زیندانی بە کەسایەتییە بیانییەکان هەبوو. ماڵێک کە بەپێی دوو گێڕانەوەی مەحموود ئێعتمادزادە و "سەعید حەجاڕیان" دەزانن کە زیندانێک بووە بە چەندین ژوورەوە بۆ زیندانیانی سیاسی.

سەعید حەجاڕیان، یەکێک لە سیمای ئەمنییەتیی پێشوو، لە وتووێژێک‌دا دەڵێت: "دواتر کە نوورەدین کیانووری و مەریەم فیرووز (هاوسەری کیانووری) بۆ ماڵێک گوازرابوونەوە؛ لە دەیەی ٧٠دا، هەندێک جار سەردانم دەکردن. لەو ماڵەدا جگە لە کیانووری و مەریەم فیرووز، عەباس ئەمیر ئینتزانم و موفتی‌زادەیش ڕاگیرابوون. کیانووری لە گفت‌وگۆکانمان‌دا (ئێوە دایبنێن لێپرسینەوە یا بازجوویی) بە دژی ئەمیرئینتزام و موفتی‌زادە قسەی خراپی دەکرد."

موفتی‌زادە لە نووسینەکانی‌دا لە زیندان چی نووسی؟

مەفتی‌زادە لە مەودای ٥ی خەزەڵوەر تا خەزەڵوەری ١٣٧١ کە بەربەستی کەم‌تری هەبوو، بە گشتی ٥٢ نامەی ڕوو لە بنەماڵەکەی، شوێنکەوتوانی و شورای بەڕێوەبەرایەتیی مەکتەب قورئان نووسی. لە چل نامەدا کە وڵامی پرسیارە شەرعییەکانی قوتابیانی داوەتەوە، باس لە پرسە سیاسییەکان ناکات.

بەڵام لە دوو توێی دوازدە نامەکەی دواتری‌دا، هەندێک ئاماژە بە دوایین بۆچوونەکانی لەمەڕ "سیاسەت و چۆنییەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی شوێنکەوتوانی لەگەڵ سیاسەت" دەکات. لە نامەیەک‌د لە بەرواری ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٦٩دا دەڵێت کە لە ساڵی ١٣٤٣ەوە ئەو هیڵە هەنووکەییەی هەڵبژاردووە و لە بەرەبەری شۆڕش‌دا بەم ئەنجامە گەیشتووە: "چالاکییە سیاسییە پێویستەکان بۆ لەگەڵ خستن[ی خەڵک] لە ئێستادا بە قازانجمان نییە، بەڵام بە حوکمی پێویستی و وەک ئەرکێک دواتر دەبێت بچینە نێویەوە." [کتێبی نامەکانی کاک ئەحمەد موفتی‌زادە، بەشی یەکەم: ڕوو لە شورای بەڕیوەبەرایەتیی مەکتەب قورئان، ئامادەکردنی شورای بەڕێبەرایەتیی مەکتەب قورئان، مێژووی پێشەکی؛ ٢٧ی گوڵانی ١٣٨٧]

ئەو لە نامەی ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٧١ لە حالێک‌دا کە بە زەحمەت توانای نووسینی هەبووە، دەنووسێت: "ئەگەر خودای مودەبیرولئەمر بیەوێت خولی زیندان کۆتایی پێبێت، هەر لە ئێستاوە پێویستە هەموان، خۆمان بۆ ڕەچاوکردنی کۆمەڵێک ڕێسا ئامادە بکەین کە پێش بە کەوتنی ڕواڵەتی و دەڕوونی دووبارەی عومووم لە بارودۆخی بکوژی عومر و غافڵکەری دڵ بگرێت. گرینگ‌ترینی ئەم ڕێسایانە بریتین لە حەزەرکردنی جیدیی هەموان لەو سەرهەڵدان سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی بە هەر شێوەیەک تا کاتێک کە بتوانین بۆ هەر کەس لە ئاستی پاکێتی و شیاویی، بەرنامە و سنوورەکانی دەعوەتی خێر دیاری بکەم."

دەبێت سەرنج بەوە بدرێت کە موفتی‌زادە دەیزانی ئەم نامانە تەنیا دوای پشکنینی هێزە ئەمنییەتییەکان بەڕێ دەکرێن و هەر لەبەر ئەوە بە تێبێنییەوە دەینووسین.

مونتەزری چی بۆ موفتی‌زادە کرد؟

"سەعدی قوڕەیشی"، ئەندامی شوورای بەڕیوەبەرایەتیی مەکتەب قورئان کە دەربارەی موفتی‌زادە وتووێژێکی لەگەڵ موحسین کەدیوەردا کردووە، دەڵێت: "لە خەزەڵوەری ٦٧ەوە دیدارەکان کراوەتر بوونەوە. جگە لە ٨ مانگ کە دیدارەکان بە تەواوەتی وەستێندران و هیچ هەواڵێکیمان لە کاک ئەحمەد نەبوو، چووینە دیداری بەڕێز مونتەزری. بەڕێز مونتەزری و موفتنی‌زادە یەک‌تریان خۆشدەویست. بڕیار بوو ئایەتوڵا مووسەوی ئەردەبیلی، سەرۆکی دیوانی بالای وڵات سەردانی قایم‌مقامی ڕێبەری بکات. داوامان کرد تا داوا لە کەسی یەکەمی دەزگای داد بکات تاکوو هەواڵێکی موفتی‌زادەمان پێبدەن. بەڵام بەڕێز مونتەزری وتی: بە سەرووی ئەویش وتراوە و دەنگێک نەبووە!‌ ٨ مانگ دواتر زانیمان، ئەو بە هۆی ئەوەی خومەینی داوای لێکردووە کێشەکەی سەلمان ڕووشدی مەحکووم بکات و لە زیندان‌دا ڕازی نەبووە، بە ماوەی ٨ مانگ لە ژوورێکی تاکەکەسیی زیندانی ئێڤین‌دا زیندانی دەکرێت. ئەم ژوورە تاکەکەسییە و بێبەش‌کردنی لە دیدار تا چەند مانگ دوای مردنی خومەینی درێژەی هەبوو."

ئەو لە درێژەی ئەم گفت‌وگۆیەدا ئاماژەی داوەتە دیداری خۆی لەگەڵ "ئیبراهیم ڕەیسی" و دەڵێت: "من و خوارزاکەی، بۆ بەدواداچوون چووینە ئێڤین. مانگی موحڕەم و هاوین بوو. مانگی گەلاوێژی ١٣٦٨ لەگەڵ ئیبراهیم ڕەیسی‌دا دیدارمان کرد. [ئەو لەم دیدارەدا] مەعەمەم نەبوو. قبووڵی کرد کە موفتی‌زادە لە ئێڤین‌ دایە. وای نیشان‌دا چونکە ئەو ڕۆژە بەرپرسەکان لەوێ نین، بەیانی بچینەوە. [بەڵام] بەیانییەکی هەر ڕێگەیان پێنەداین."

لە لاپەڕەی ٣٤٧ی کتێبی یادەوەریی ١٣٦٨ی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی لە ژێر ناوی "بووژانەوە و بیناکردنەوە" کە لە ١٣٩١دا بڵاو کرایەوە؛ هاتووە: "چوارشەمە ١٢ی ڕەزبەری ١٣٦٨دا چوومە ئۆفیسەکەم. ئەندامانی سیمیناری ئەفغانستان هاتن. دوکتۆر ویلایەتی و بەڕێزان سەبغوڵا موجەدەدی، وتەبێژی یەکێکتیی حەوت‌قۆڵیی جێگیرکراو لە پیشاوەری پاکستان و محەمەد موحەقق، وتەبێژی هاوپەیمانیی هەشت‌قۆڵیی شیعەکانی ئەفغانستان قسەیان کرد. منیش بە کورتی قسەیەکم کرد. پاشان لەگەڵ بەڕێز موجەدەدی‌دا دیداری تایبەتم هەبوو کە داوای یارمەتی و شیفاعەتی بۆ ئازادکردنی بەرێز ئەحمەد موفتی‌زادە و هەروەها ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ گفت‌وگۆ لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت‌دا کرد."

"سەبغوڵا موجەدەدی" یەکێک لە فەقیهانی ئەهلی سونەت و یەکێک لە بە دەسەڵات‌ترین موجاهیدانی ئەفغانستان بوو کە لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی‌دا ماوەیەک سەرۆک‌ کۆماری ئەفغانستان بوو. نەدەکرا داخوازییەکەی ئەو ڕەچاو نەکرێت. بەڵام سەرەڕای شەفاعەتی بەڕێز موجەدەدی بۆ ئازادکردنی موفتی‌زادە، داخوازییەکەی ئەو تەنیا بوو بە هۆی هەڵوەشانەوە بڕیاری یاساغ‌کردنی دیدار و مانەوەی لە ژووری تاکەکەسی‌دا.

نەخۆشی و مەرگی گوماناوی

ئەگەر وێنەکانی موفتی‌زادە لە پێش و پاش زیندان‌دا ببینن، ئەو وێنانە شایەتین لەسەر ئەو ئەشکەنجانەی کە لەماوەی زیندانی‌کردنی‌دا کراوە. ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ئەهلی سونەتی ئێران وەک "شەهید کاکە ئەحمەد موفتی‌زادە" ناوی دەهێنن.

بنەماڵەی موفتی‌زادە لە بەفرانباری ١٣٧٠دا بە نووسینی ناو نامەکەنی لە زیندان‌دا دەزانن کە لە بێهداریی زیندان‌دا خەواندوویانە. ئەوان ساڵێک دواتر زانیان کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی گورچیلە بووە. ئەو لە دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی‌دا دەڵێت: "چەندین جار دوای خواردنی چێشتی زیندان لەسەر خۆم چووم و ڕۆژی دواتر لە بێهداریی زیندان‌دا وەهۆش خۆم هاتوومەتەوە." ئەو بە شین‌هەڵگەڕانی جەستەی‌دا زانیویەتی کە لە کاتی بێهۆشبوونی‌دا مادەیەکیان پێ تەزریق کردووە. تێگەیشتنی ئەو لە وتوێژ لەگەڵ بەماڵەکەی‌دا ئەوە بووە کە: "حکوومەت دەیەوێت مردنەکەم وەپێش بخات." دوای ئەوە قوتابییەکانی داواین کرد تا لە ژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا چارەسەری پزیشکیی بۆ بکرێت. بەڵام، بەرپرسانی حکوومەت تەنیا کاتێک ڕێگەیان بەوە دا کە بە هۆی تەشەنەسەندنی نەخۆشینەکەی، ئیدی کار لە کار ترازبوو.

سەعدی قوڕەیشی لە وتووێژ لەگەڵ موحسێن کەدیوەردا باسی لە بەستەری‌کردنی ٢٠ ڕۆژەی ئەم زانای ئەهلی سونەتە دەکات بە هۆی ئێش و ژانی شکانی مۆرەی گەردنی لە نیوەی دووهەمی جۆزەردانی ١٣٧١ لە نەخۆشخانەی دادگوستەریی تاران‌دا. بە گوتەی ئەو لە پووشپەڕی ١٣٧١ و پاش هاتنەدەرەوەی لە نەخۆشخانە، لە حاڵێک‌دا کە پاشماوەکانی لاوازی و بێ‌حاڵی بە جەستەیەوە دیار بوو، تا کاتی ئازادیی تەواوەتی لە تاران گوازرایەوە بۆ ماڵی خوشکی.

بە زۆربوونی گوشارە نێونەتەوەییەکان بۆ ئازادکردنی ئەو و هەروەها تەشەنەسەندنی ئەو نەخۆشینانەی کە لە زیندان‌دا تووشی ببوو، ئازاد کرا. بەڕێز قوڕەیشی دەڵێت: "ناوەڕاستی مانگی گەلاوێژی ١٣٧١ حکوومەت بانگی کردین و وتی: مامۆستا موفتی‌زادە بە مەرجەی لە تاران نەچێتە دەرەوە، ئازادە. بەڵام ڕێگای نەبوو لە شار بچێتە دەرەوە؛ جۆرێک دوورخرانەوە بۆ تاران."

داخوازیی بەنەماڵەکەی بۆ چارەسەر پزیشکی لە دەرەوەی وڵات ڕەت کرایەوە. بە گوتەی بەڕێز قوڕەیشی بارودۆخی ئەو، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپ‌تر دەبوو. هەر لەبەر ئەمە پووشپەڕی ١٣٧١ لە نەخۆشخانەی ئاسیا عەمەلیاتی پزیشکی بۆکرا: "کاتێک لە نەخۆشخانەی ئاسیا خواندمان، دەرکەوت کەر جگە لە شکانی مۆرەی گەردن و لاوازیی گشتی؛ تۆمۆرێکی سەرەتانی بە گەورەیی ١٣ لە ٨ لە ٦ سانتیم لە گورچیلەی‌دایە." بە داخەوە تاز درەنگ بوو بۆ چارەسەرکردنی و نەخۆشینەی گەلێک تەشەنەی سەندبوو. بە پێچەوانەی ئەم پرسە، موفتی‌زادە تا کاتی کۆچی دوایشی، ڕێگەی پێنەدرا بگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

لە کاتی بەستەری‌کردنی‌دا لە نەخۆشخانەی ئاسیا و لە ماڵی خوشکەکەی‌دا، تەنیا "دوکتۆر حەبیبوڵا پەیمان"، "عێزەتوڵا سەحابی" و موستەفا حسێنی تەباتەبایی وێرابوویان بچنە بۆ لای و سەردانی بکەن.

 

 

کاردانەوە میدیاییە ناوخۆییەکان بە هەواڵی کۆچی دوایی موفتی‌زادە چی بوو؟

تەرمی ئەحمەد موفتی‌زادە پاش کۆچی دوایی، گەڕێندرایەوە بۆ سنە و بۆ نوێژی مەییەت بە هەزاران کەس لە حەوشە، سەربان و کۆڵانەکانی دەوروپشت،  لە ڕۆژی چوارشەمە ٢١ی ڕێبەندانی ١٣٧١ لە ماڵەکەی خۆی‌دا کۆبوونەوە.

ڕێ‌وڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ئەم زانا ئایینییەی ئەهلی سونەت بە بەشداریی هەزاران کەس لە بێدەنگیی تەواودا بەڕێوەچوو و تەرمەکەی لە گۆڕستانی تەپەی شێخ محەمەد باقری سنەدا بە خاک سپێردرا.

تا حەوتوویەک دوای ئەسپەردەکردنەکەی، هیچ هەواڵێک لە کۆچی‌کردنی دوایی ئەو لە میدیا ناوخۆییەکان‌دا بڵاو نەکرایەوە. تەنانەت دوای ئەوەیش، میدیا حکوومەتییەکان دەربارەی ئەو هەواڵی درۆیان بڵاو کردەوە.

حەتوونامەی کەیهان هەوایی بۆ ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات بە بەرپرسیارێتیی "عەباس سەلیمی نەمین" بڵاو دەکرایەوە، ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندان نووسی: "ئەحمەد موفتی‌زادە بەرپرسی ڕێکخراوی شەمس و یەکێک لە بانگ‌خوازانی ئایینی ئەهلی سونەت لە کوردستان سێ‌شەمەی ڕابردوو لە شاری بۆکان [؟؟؟]دا کۆچی دوایی کرد. موفتی‌زادە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لە ڕووداوەکان و پێکدادانەکانی کوردستان‌دا کاریگەریی هەبوو و زۆرجاران هەڵوێستگەلێکی نزیکی هەبوو لەگەڵ دژە شۆرشەکان و گرووپە جیایی‌خوازەکان‌دا. بەڵام بە هۆی پەشیمان‌بوونەوە لە ڕەوتەکان و گرووپە وابەستەکان ئازاد کرا."

هەواڵی کۆچی دوایی ئەو لە ڕۆژنامەی کەیهان لە بەرواری ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٧١یش‌دا بەبێ ئاماژەدان بە دە ساڵ ڕاگرتنی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا بەم جۆرە بڵاو کرایەوە: "عەلامە ئەحمەد موفتی‌زادە یەکێک لە زانانیانی ئەهلی سونەتی کوردستان دوای چارەسەریی پزیشکی لە نەخۆشخانەیەکی تاران‌دا کۆچی دوایی کرد."

ڕۆژی ٢٧ی ڕەەشەمەیش ڕۆژنامەی ئیتلاعات لە دوو توێی هەواڵێکی درێژتردا نووسی: "تەرمی عەلامە ئەحمەد موفتی‌زادە یەکێک لە زاناکانی ئەهلی سونەتی کوردستان لە سنە ئەسپەردە کرا و لە تەپەی شێخ محەمەدباقر‌دا بە خاک سپێردرا. عەلامە ئەحمەد موفتی‌زادە دوای چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەیەکی تاران‌دا کۆچی داوایی کرد. تەرمەکەی بۆ ئەسپەردەکردن گوازرایەوە بۆ سنە." ئەم ڕۆژنامەیش لە درێژەی هەواڵەکەی‌دا، درۆکەی کەیهانی وەک خۆی دووپات‌ کردۆتەوە و دەڵێت: "ئەو بە هۆی پەشیمان ‌بوونەوە لە ڕەوتەکان و گرووپە وابەستەکان ئازاد کرا."

هیچ کام لە میدیاکان، ڕوون‌کردنەوەکیان لەسەر ١١ ساڵی کۆتایی ژیانی ئەو نەنووسیبوو.

ئێرانی فەردا بە بەرپرسیارێتیی "عێزەتوڵا سەحابی" تاقە گۆڤارێک بوو کە لە لاپەڕەی ٦٠ی ژمارەی پێنجەمی ساڵی یەکەمی بڵاوکراوەکەدا، هەواڵی مەرگی ئەوی لەگەڵ وێنەیەک لە دوایین ڕۆژەکانی ژیانی‌دا بڵاو کردەوە.

پرسیارە بێ‌وڵامەکان

جگە لە بانگەشە ناڕاستەکانی میدیا حکوومەتییەکان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی فەرمی تا ئێستا ڕوونیان نەکردۆتەوە کە تۆمەتەکانی ئەو چی بووە و بەپێ کام بڕگەی یاسایی بە پێنج ساڵ زیندان سزا درابوو؟ بۆچی لەم ماوەیەدا لە ژووری تاکەکەسیی زیندان‌دا ڕاگیرابوو؟ بۆچی زیاتر لە پێنج ساڵ و سزاکەی خۆی لە زیندان‌دا ڕاگیرا؟ بۆچی دوای ئازادکردنی ڕێگەی پێنەدرا بگەڕێتەوە بۆ کوردستان؟ بەپێی کام یاسا، چارەسەرکردنی پزیشکی بۆ گەڕاندنەوەی تەندرووستیی ئەویان وەدوا خست؟

 

 

تێبینییەکەت بنووسە

بابەتە پەیوەندیدارەکان

ئابووری

فەرماندەیەکی سوپا پاش بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکە بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا

۱۵ ڕێبەندانی ۱۴۰۰
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
فەرماندەیەکی سوپا پاش بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکە بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا