close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
کەمینە ئاینییەکان

فاروق فەرساد؛ مامۆستایەکی ئاینیی کورد کە بوو بە قوربانیی قەتڵە زنجیرەییەکان

۱۸ ڕێبەندانی ۱۴۰۰
جواد متولی
خوێندنەوەی وتارە لە ۶ خولەکدا
فاروق فەرساد؛ مامۆستایەکی ئاینیی کورد کە بوو بە قوربانیی قەتڵە زنجیرەییەکان
فاروق فەرساد؛ مامۆستایەکی ئاینیی کورد کە بوو بە قوربانیی قەتڵە زنجیرەییەکان
فاروق فەرساد لەگەڵ ئەحمەد موفتی‌زادە
فاروق فەرساد لەگەڵ ئەحمەد موفتی‌زادە

شەوی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٧٤ بەرامبەر بە ٢٧ی ڕەمەزانی ١٤١٦ کۆچیی هەیڤی، تازە بەربانگی کردبوو، ڕووی کردبووە هاوڕێکانی و پێی وتبوون: دەچم تا ئەم دووکانەی نزیک خۆمان، فڵچەیەکی ددان دەکڕم و دەگەڕێمەوە. چوو، بەڵام هەرگیز نەگەڕایەوە. چەند کەسی خەڵکی ئەو ناوە کە دەیانناسی، دواتر وتبوویان کە چەند کەسێکی نەناسراو سەر ئۆتۆمبێلێکیان خستووە و بردوویانە. هەر ئەو شەوە تەرمەکەیان لە کۆڵانێکی چۆڵی دەوروبەری هۆتێلەکە دۆزیبووەوە. هێزە ئەمنییەکان بە کوتانی دەرزیی هەوا کوشتبوویان. ڕۆژێک دواتر لە گۆڕستانی "ئاساوڵە"ی شاری سنە بەخاک سپێردرا."

ئەمە بەشێک بوو لە لێدوانی شاگردێکی "مامۆستا فاروق فەرساد" بۆ ئێڕان‌وایەر، سەبارەت بە چۆنیەتی ڕفێندران و کوژرانی ئەو مامۆستا ئاینییە کوردە.

***

 "فاروق فەرساد" بە بڕیاری دادگای ئینقلابی سنە بۆ شاری ئەردەبیل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران دوورخرایەوە، بۆ ئەوەی چیدی نەتوانێت بەردەوامی بدات بە وتارەکانی لە کوردستان. هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات پێش و پاش لە دوورخرانەوەی فاروق فەرساد چەندین جار هەڕەشەیان لێکردبوو کە کۆتایی بە وتاردانەکانی بێنێت، بەڵام فەرساد هەرگیز بەقسەی نەکردن و هەر ئەوەش بوو بە هۆکاری کوژرانی سیستماتیکی لە چوارچێوەی قەتڵە زنجیرەییەکاندا.

"عمادەدین باقی" لە لاپەڕەی ٢١ی بەرگی دووەمی کتێبی "تراژێدیای دیموکراسی لە ئێران"دا کوژرانی فاروق فەرساد، مامۆستای ئاینیی خەڵکی سەقزی بە یەک لە قەتڵە زنجیرەییەکانی هەفتاکان ناوبردووە. کوتانی دەرزیی هەوا یان پتاسیۆم دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ، بەگوێرەی قسەکانی ئەو شاگردەی مامۆستا فەرساد: "هۆکاری گیان لەدەستدانی فاروق فەرساد لە بەڵگەی پزیشکی دادوەری‌دا جەڵتەی دڵ ڕاگەیەندرابوو."

فاروق فەرساد لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٠ و یەکێک بوو لە شاگردەکانی مامۆستا "ناسر سوبحانی" و مامۆستا "بورهانەدین حەمدی". ئەو کاتەی لە زیندان بوو لای کاک "حەسەن ئەمینی" وانەی ئاینیی خوێندبوو و لەساڵی ١٣٦٩دا لەلایەن "ئەحمەد موفتی‌زادە"ـەوە وەکو یەکێک لە چوار ئەندامی "هەیئەتی ئیفتا و قەزا" هەڵبژێردرابوو.

ئەو مامۆستا ئاینییە پێش ئەوەی بکوژرێت چەندین جار زیندان کرابوو، کاتێکیش کە کوشتیان پێنجەمین ساڵ بوو کە لە کوردستان بۆ ئەردەبیل دوورخرابووەوە. ئەو هۆتێلەی لە شاری ئەردەبیل تیایدا نیشتەجێ بوبوو، شوێنی ژیانی هەندێکی دیکە لە زیندانیانی سیاسی و ئاسایی بوو کە لە شارەکانی خۆیانەوە بۆ ئەو شارە دوورخرابوونەوە.

سەردەمی زیندان

یەک لە ئەندامانی مەکتەبی قورئان کە شاگردی فاروق فەرساد بووە لە لێدوانێکدا بۆ ئێران‌وایەر باسی دەستگیرکران و زیندانکرانی مامۆستاکەی دەکات و دەلێت: "خوالێخۆشبوو کاک فاروق ساڵی ١٣٦١ بۆ یەکەم جار دەستگیرکرا، ئەو کاتە تەمەنی ٢١ ساڵ بوو و ماوەی ٤٠ مانگ لە زینداندا ڕاگیرا. ساڵی ١٣٦٨ بەتۆمەتی داڵدەدانی کاک ناسر سوبحانی لە ماڵەکەیدا گیرا و پاش ٤٠ ڕۆژ ئازادکرا. بەڵام کاک ناسر سوبحانی لە زینداندا مایەوە و ساڵێک دواتر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاند. ساڵی ١٣٧٠ جارێکی دیکە بەهۆی چالاکی مەزهەبی و بەردەوامبوونی لە وتاردان بۆ شاگردەکانی، دەستگیرکرا و پاشان بە بڕیاری دادگای ئینقلابی سنە بۆ ئەردەبیل دوورخرایەوە."

بەردەوامبوون لە چالاکی مەزهەبی لە تاراوگە

بەگوێرەی قسەی شاگردی ئەو مامۆستا ئاینییە، فاروق فەرساد تەنانەت لە تاراوگەش دەستبەرداری چالاکییە مەزهەبییەکانی نەبوو: "لە پەراوێزی شاری ئەردەبیل هەندێک خەڵکی سوننە مەزهەب هەبوون، کاک فاروق لەو شوێنانە چالاکیی دەکرد. کەسایەتییەکی زۆر سەرنجڕاکێشی هەبوو و لە وتاردان و قسەکردندا زۆر بەتوانا بوو. دە بۆ دوازدە خولەک قسەی لەگەڵ هەر کەس بکردایە سەرنجی ڕادەکێشا. لەڕووی زانستی و وتاردانەوە زانایەکی گەورە و بەتوانا بوو."

ئەو شاگردەی مامۆستا فەرساد کە بە هۆکارگەلی ئەمنییەتی ناوی لای ئێران‌وایەر پارێزراوە، لە بەردەوامیدا باسی گەشتەکانی مامۆستاکەی کرد لە تارواگە و وتی: "دەبوو هەموو هەفتەیەک لە پاسگای گەڕەکەیان ئامادە بێت و واژۆ بکات. بەڵام بەهۆی جیاوازییەک کە لەگەڵ سزادراوەکانی دیکە هەیبوو ئەرکداریان کردبوو بەوەی هەفتەی دوو جار بۆ واژۆکردن بچێتە ئەو پاسگایە. پێنجشەممە و شەممە وەک ڕۆژانی واژۆکردن بۆی دیاریکرابوو. ڕۆژەکانی دیکەی هەفتە ئازاد بوو و دەیتوانی بەبێ ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان گەشت بکات بۆ شارەکانی دەوروبەر. هەر بەو شێوەیە سەردانی سەقز و سنەشی کرد و لەگەڵ بەسەرکردنەوەی هاوسەر و منداڵەکانی لە کۆبوونەوە مەزهەبییەکانیشدا بەشداری کرد، ڤیدیۆی وتارێکی ساڵی ١٣٧٣ی ماوە کە هیی ئەو ڕۆژانەیە."

پەرەپێدانی مەزهەبی شیعە و کپ‌کردنی کەشی ناوخۆی وڵات

پێدەچێت گەشتەکان و بەردەوامیدان بە چالاکییەکانی بووبێتە هۆی هەستیاریی زیاتری ناوەندە ئەمنییەکان، بۆیە چەند جارێک بە فەرمی و نافەرمی بانگهێشتان کردبوو و هەڕەشەیان لێکردبوو. ئەەش هاوکات بوو بە کوژرانی دکتۆر "عەلی موزەفەریان"، مامۆستای ئاینیی سوننەی خەڵکی شیراز (گەلاوێژی ١٣٧١)، شێخ "محەمەد زیایی" لە بەندەرعەباس (ساڵی ١٣٧٢) و "دکتۆر ئەحمەد سەیاد" لە میناب (ساڵی ١٣٧٤) کە بوبووە هۆی نیگەرانیی مامۆستایانی ئاینیی سوننە لە ئێران.

ئەو شاگردەی کاک فاروق فەرساد لە بەردەوامیدا ئاماژە بە نیازی کۆماری ئیسلامی دەدات بۆ لاوازکردنی کۆمەڵگای سوننە لە ئێران و دەڵێت: "هەموو ئەم کارانە بۆ ئەوە بوو کە کۆمەڵگای سوننە لە ئێران لاواز بێت و پەرە بە مەزهەبی شیعە بدرێت. یەکێک لە شاگردەکانی "ئایەتوڵا مسباح" لەم دواییانەدا وتوویەتی، ڕەنگە لە ئێران ١٠ ملیۆن کەسمان لەدەست دابێت، بەڵام لە بەرامبەردا ٥٠ ملیۆن کەسی دیکەمان لە سەرتاسەری جیهان کردووە بە شیعە. بەباوەڕی کۆماری ئیسلامی، ئەگەر ڕووناکیە گەورەکانی کۆمەڵگای سوننە بکوژرێنرێنەوە، مۆمە بچوکەکان خۆیان دەکوژێنەوە. هەر بەو مەبەستەش ناوی هەندێک لە مامۆستایانی ئاینیی سوننە خرابووە ڕیزی قوربانیانی قەتڵي زنجیرەییەکانەوە. کاتێکیش ساڵی ١٣٧٧ کە قەتڵە زنجیرەییەکان ئاشکرا بوو، هەمووان پێیان وابوو کە پرۆژەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام هەندێک بەڵگە دەریدەخەن کە ئەو پرۆژەیە بەشێوەگەلی جیاواز بەردەوامیی هەبووە."

لێکۆڵینەوە و دیداری نافەرمی لەگەڵ لێکۆڵەرە ئەمنیەتییەکان

بەگوێرەی قسەکانی ئەو شاگردەی فاروق فەرساد، "لەکاتی کوژرانیدا تەمەنی ٣٤ ساڵ بوو. کەسێکی ئازا و تەندروست بوو. هەرگیز هیچ نەخۆشییەکی ئەوتۆی نەبوو و لە وەسیەتەکانیدا بەڕاشکاوی نووسیویەتی، خۆم ناکوژم، نەخۆشیش نیم. باری تەندروستییەکەی وا نەبوو کە جەڵتەی دڵ لێیدا، ئەو شەوە کاتێک وتبووی دەچم فڵچەیەکی ددان عەیبی نەبووە و تەواو تەندروست بووە. چووبوو فڵچەیەکی ددان بکڕیت، بەڵام هەرگیز نەگەڕایەوە. خەڵکی گەڕەکەکە کە دەیانناسی بینیبوویان چەند کەسێک سەر ئۆتۆمبێلێکیان خستووە و بردوویانە. حاڵەتی وا پێشتریش ڕوویدابوو، هێزە ئەمنییەکان زۆر جار بە بێ ئەوەی پێشتر ئاگاداری بکەنەوە چووبوونە لای و بردبوویان بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکەن. ئەو جارەش چون ناسیبوونی لەگەڵیان سەرکەوتبوو. چەند کاتژمێرێک دواتر هاوڕێکانی تەرمەکەیان لە کۆڵانێکی چۆڵی پشتی هۆتێلەکە دۆزیبووەوە. وەک بڵێی دانیشتبێت و پاڵی بە دیوارەوە نابێت، تەرمەکەی بەم جۆرە دانرابوو. هاوڕێکانی دەڵێن کاتێک دۆزیویانەتەوە چەند کاتژمێرێک بەسەر کوژرانیدا تێپەڕبوبوو."

شاگردەکەی مامۆستا فەرساد بەم جۆرە بەردەوامیی بە قسەکانی دەدات: "کاک حەسەن ئەمینی سبەینێی کوژرانی کاک فاروق بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسەکە لە سنەوە چوو بۆ ئەردەبیل. کاتێک لە ئەردەبیل پرسیاری کاک فاروقی کردبوو، هێزە ئەمنییەکان وتبوویان باسی ئەو کوردە دەکەی؟ مامۆستا فەرساد کەسایەتییەکی ناسراو بوو. وانەبوو خەڵک نەیناسن و ئاگاداری کار و چالاکییەکانی نەبن. لەوێش نە هیچ کێشەیەکی هەبوو و نە هیچ دوژمنێک. پێدەچێت بە کوتانی دەرزیی هەوا یان شتێک لەو بابەتە کوشتبیان، چونکە دواتر پزیشکی دادی ئەردەبیل هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی بە جەڵتەی دڵ ڕاگەیاند."

وەک ئەو شاگردەی فاروق فەرساد دەگێڕێتەوە، پاش ئاشکرابوونی قەتڵە زنجیرەییەکان، عیمادەدین باقی و "ئەکبەر گەنجی" وەک ڕۆژنامەنووس هەندێک ڕاپۆرتیان سەبارەت بەو قەتڵانە بڵاوکردۆتەوە کە لە یەکیاندا هاتووە: "یەک لە بکوژەکان لە دانپێدانانەکانیدا دەڵێت: لە شارێکی زۆر دوور بووم. تەلەفۆنم بۆ شاکلیل کرد و پێم وت ئەم کەسەی بڕیارە من بیکوژم گەنجێکی باش و زانا دیارە، هیی ئەوە نییە بیکوژین. چی بکەین؟ شاکلیل لە وەڵامدا دەڵێت: بڕیاری کوژرانی دەرکراوە و دەبێت حوکمەکەی جێبەجێ بکەن. ئەم گێڕانەوەیە ڕێک چیرۆکی کوژرانی کاک فاروقە."

بەخاکسپاردن

ئەم ئەندامەی مەکتەب قورئان سەبارەت بە گەڕاندنەوەی تەرمی فاروق فەرساد لە ئەردەبیلەوە بۆ سنە و چۆنیەتی بەخاکسپاردنی دەڵێت: "وابزانم هەینی بوو، کاتژمێر حەوتی بەیانیی ڕۆژی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٧٤. لەماڵی خوالێخۆشبوو ئەحمەد موفتی‌زادە بووم کە ئاگادارکراینەوە کاک فاروقیان کوشتووە. ئەو ڕۆژە ئەنجومەنی مەکتەب قورئان کۆبووەوە و لە ئەنجامیدا کاک حەسەن ئەمینی ئەرکدارکرا بەوەی بچێتە ئەردەبیل و تەرمەکەی وەربگرێتەوە. دوایەش بنەماڵەکەی لە سەقز ئاگاداربکەنەوە. کاک حەسەن سەرەتا چووبوو بۆ سەقز و هەواڵەکەی دابووە دایک و باوکی کاک فاروق. دوایەش چووبووە ئەردەبیل بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکە. سەرەتا وابڕیاربوو جەماوەری خەڵک بەپیری تەرمەکەوە بچن، بەڵام بەهۆی کەشی ئەمنیی ئەو ڕۆژانەی شاری سنە بڕیاری ئەنجومەنی مەکتەب قورئان گۆڕا."

لە بەردەوامیشدا دەڵێت: "تەرمەکەیان هێنایەوە مزگەوتی خالیدی کوڕی وەلید لە گەڕەکی سەعدیی شاری سنە، چونکە بنەماڵەکەی دانیشتووی ئەو گەڕەکە بوون. هێزە ئەمنییەکان زۆریان هەوڵدا نەیەڵن خەڵک بە بەرفراوانی بەشداریی بەخاکسپاردنی تەرمەکەی بن، بەڵام نەیانتوانی و جەماوەری خەڵک تەرمەکەیان لە گەڕەکی سەعدیی سنەوە تاوەکو گۆڕستانی ئاساوڵە بەڕێکرد و مەراسیمێکی گەورەیان بەڕێوەبرد. نزیکەی ٦٠ بۆ ٧٠ هەزار کەس لەو مەراسیمەدا بەشدارییان کرد، ئەوەش کەم‌وێنە بوو. ئەوانەی تەرمەکەیان وەرگرتەوە هیچ ئاسەواری ئەشکەنجە یان لێدانیان بەسەر جەستەیەوە نەبینیبوو. هەرچەند تەرمەکەیان بە کفن‌کراوی ڕادەستی کاک حەسەن ئەمینی کردبوو، بەڵام کاک حەسەن و ئەوان لە شاری سەقز کفنەکەیان کردبووەوە و دووبارە شۆردبوویانەوە. لە لێکۆڵینەوەکان و بۆچوونە پزیشکییەکانەوە تەنیا ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە بەڕێزیان بە کوتانی دەرزی کوژراوە."

 

از بخش پاسخگویی دیدن کنید

در این بخش ایران وایر می‌توانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راه‌اندازی کنید

صفحه پاسخگویی

تێبینییەکەت بنووسە

ژنان

دایکی زەینەب جەلالیان: ١٥ ساڵە کچەکەمم نەبینیوە

۱۷ ڕێبەندانی ۱۴۰۰
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
دایکی زەینەب جەلالیان: ١٥ ساڵە کچەکەمم نەبینیوە