"عیرفان مورتەزایی"، پوورزای ژینا ئەمینی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بۆ "ئێرانوایە"ر دەڵێت، دایک و باوکی ژینا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە خراونەتە ژێر فشارەوە بۆ ئەوەی لە بەردەم کامێرای میدیای حکومەتدا ئامادە بن و بڵێن کچەکەیان پێش ئەوەی بکوژرێت نەشتەرگەریی مێشکی بۆ ئەنجام دراوە.
پوورزای ژینا هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بنەماڵەی ئەمینی تاوەکو ئێستا دژی ئەو پیلانەی حکومەت وەستاونەتەوە.
بەگوێرەی قسەکانی عیرفان مورتەزایی، لە سیناریۆی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیدا هەوڵ دراوە ژینا بە چالاکییە سیاسییەکانی پوورزاکەیەوە گرێ بدرێت کە ئەندامی "کۆمەڵە"، ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانە.
لە هەڤپەیڤینەکەدا هەروەها دەخرێتە ڕوو، کە پوورزایەکی نەوجەوانی ژینا بەناوی "ئەرکان مورتەزایی" لە یەکەم ڕۆژی ناڕەزاییەکانی خەڵکی سەقزدا دەستگیرکراوە و سەرەنجام ڕۆژی ڕابردوو ٣٠ـی خەرمانان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کراوە.
ئەمڕۆ ٣١ی خەرمانان، ناڕەزاییەکانی دژی کوژرانی ژینا ئەمینی لە کوردستان و ئێران پێ دەنێتە شەشەمین ڕۆژییەوە، لەکاتێکدا ئەگەر خۆی هێشتا زیندوو مابا هەنووکە یەکەم ڕۆژی ٢٣ساڵانی ژیانی بوو.
بەڕێز مورتەزایی لەدرێژەی هەڤپەیڤینەکەیدا بۆ ئێرانوایەر هەروەها دەڵێت، دایک و باوکی ژینا بەهۆی لەدەستدانی کچەکەیان و فشاری ناوەندە حکومیەکان بۆ سەریان، باری تەندروستیی جەستەیی و دەروونییان باش نییە.
پوورزای ژینا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەڕێگەی هێزە سایبێرییەکانیانەوە دەستیان کردووە بە بڵاو کردنەوەی دەنگۆ و زانیاریی نەڕاست سەبارەت بە ژیانی ژینا.
وەک ئەو دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ژینا بە هاوکاریی عیرفانی پوورزای چۆتە دەرەوەی وڵات و لەوێ لەڕووی هەواڵگری و سیاسییەوە ڕاهێندراوە، پاشانیش هەر عیرفان خۆی هێناویەتەوە بۆ ئێران.
ئیتلاعات لەو دەنگۆیانەدا هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات، کە وێنە و ڤیدیۆکانی چەند خولەکێک پێش دەستگیربوونی ژینا لە میترۆی تاران، کاری عیرفانی پوورزای بووە.
ژینا کێ بوو؟
لەپاش کوژرانی ژینا ئەمینی، تەنیا چەند ڤیدیۆ و وێنەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە، لە یەکیاندا هەڵدەپەڕێ و چۆپی دەکێشێت، لە یەکی دیکەیاندا فوو لە گوڵەپاییزە دەکات و پەڕەکانی دەوەرێنێت. کەمیی وێنە و ڤیدیۆکانی ژینا لەسەر ویستی دایک و باوکی بووە، کە لەپاش کوژرانی کچەکەیان باری تەندروستییان لەڕووی دەروونی و جەستەییەوە تێکچووە و هیچ باش نین.
دایک و باوکی ژینا سەرەتا کوڕێکیان بوو و ناویان نا "ئارمین"، بەڵام تەمەنی ئارمین زۆر کورت بوو و هەر بە منداڵی گیانی لەدەستدا.
وەک خۆیان دەڵێن، دواتر کە ژینا لەدایک بووە شادی و بەختەوەریی لەگەڵ خۆی هێناوەتە ناو ژیانیانەوە.
نزیکترین کەسی ژینا برا بچوکەکەی بوو؛ کیاڕەش کە لەکاتی دەستگیر بوونیدا لەگەڵی بوو بەڵام هیچی لەدەست نەهات بۆ ڕزگار کردنی، هەر خۆیشی بێدەنگ نەما و بۆ هەموو جیهانی ئاشکرا کرد، چییان بەسەر خوشکەکەی هێناوە.
عیرفان مورتەزایی سەبارەت بە ژینای پوورزای دەڵێت، دەم بەپێکەنین و پڕجۆشوخرۆش و تامەزرۆ بوو بۆ گوێدان بەمیوزیک، گەشت کردن، کتێب خوێندنەوە و پۆشینی جلوبەرگی کوردی.
ژینا پێش ئەوەی لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادەوە بکوژرێت، فرۆشگەیەکی جلوبەرگی ژنانی کردبووە لە شاری سەقز و تازە دەستی کردبوو بەوەی خۆی خەرجی خۆی دەربهێنێت و لەڕووی مادییەوە سەرجەخۆ بێت.
ئەگەر ژینا هێشتا زیندوو مابا، هەنووکە ٣١ی خەرمانان یەکەم ڕۆژی ٢٣ساڵانی ژیانی بوو و دوێنێ ڕۆژبوونی بەبێجەژنی، کەتێپەڕبوو و خۆی نەبوو ئیتر.
هەرچەند ژینا نەما چیتر لەژیاندا، بەڵام ناوەکەی بۆتە سیمبۆل بۆ سەرهەڵدانی ژنان لە سەرتاسەری کوردستان و ئێران و وێنەکانی هەموو جیهانیان تەنیوە، ئەمەش نیشانەیەکە بۆ ڕاستیی ئەو بەڵێنەی لەسەر کێلە بچوکەکەی دانرابوو:
"ژینا گیان
تۆ نامری
ناوت ئەبێتە ڕەمز!"
📸 وێنەی ڕۆژ
— ئێران وایەر (@kurdishiranwire) September 17, 2022
"ژینا گیان
تۆ نامری
ناوت ئەبێتە ڕەمز" pic.twitter.com/1dVcn8FdDK
از بخش پاسخگویی دیدن کنید
در این بخش ایران وایر میتوانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راهاندازی کنید
تێبینییەکەت بنووسە