سارۆ حیسامی، هاوڵاتی پەیامنێر
شایەتحاڵەکان لە مهاباد پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەمە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١ باس لە مانگرتنی گشتیی بازاڕیان و دووکانداران، کەشی تووندی ئەمنییەتی، بڕانی بەرینی کارەبا و بچڕانی بەردەوامی ئینتێرنێت پاش گیانبەخت کردنی "فایەق مامقادری" هاوڵاتیی خەڵکی مهاباد لەم شارەدا دەکەن.
ئەم ڕاپۆرتەی خوارەوە، گێڕانەوەی شایەتحاڵەکانە لە وتووێژ لەگەڵ هاوڵاتیی پەیامنێری "ئێرانوایەر"دا.
***
"فایەق مامقادری"، لە گیان بەختکردوانی مهاباد لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارە پاش تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە هۆی بەرکەوتنی شەش فیشەک لە سەر و پشتی، بە سەختی بریندار و دواتر چووە حاڵەتی کۆماوە. ئەم هاوڵاتییە ناڕازییە کوردەی خەڵکی مهاباد ڕۆژی ڕابردوو ١٨ی خەزەڵوەر بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ورمێ گیانی لە دەست دا و شەوی ڕابردوو، دوای گواستنەوەی تەرمەکەی لە ورمێوە بۆ مهاباد، لە ناو ئاپۆڕا و پێشوازیی گەرم و بەرینی خەڵک و بە وتنەوەی درووشم و خوێندنی سروودی شۆڕشگێڕانە لە قەبرستانی ئەم شارەدا بە خاک سپێردرا.
بازاڕیان و کاسبکارانی مهاباد لە ناڕەزایەتیدا بە کوژرانی فایەق مامقادری، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ دووکان و بازاڕەکانیان داخست و دەستیان دایە مانگرتنی گشتی.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە ڕۆژی ڕابردوویش بازاڕیانی مهاباد دوای بانگەوازی خەڵک بۆ مانگرتنی سەراسەری لە چلەی کوشتاری خوێناویی لە زاهیدان، دووکان و بازاڕەکانیان داخستبوو.
هاوڵاتییەکی مهابادی بە ئاماژەدان بە بەردەام بوونی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە مهاباد، بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ، دەوری کاتژمێر ١١ ژمارەیەکیش لە ژنان و پیاوانی ناڕازی بە وتنەوەی درووشمی مەرگ بەر خامنەیی و مەرگ بەر دیکتاتۆر لە خیابانەکانی سەید نیزام، مەلا جامی، مەیدانی سەعات و چوار چرای ئازادی، گردبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەرپا کرد و ڕێبوارانیش بە لێدانی بۆقی بەردەوامی ماشین، پشتیوانیان لە ناڕازیان کرد."
بە گوتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە دەمەوبەیانی ئەمڕۆوە تا کاتی ئامادە کردنی ئەم ڕاپۆرتە، هاوکات لەگەڵ بچڕانی بەردەوامی ئینتێرنێت، کارەبای شاری مهابادیش بە شێوەیەکی بەرین لە زۆربەی ناوچەکان بڕا.
شایەتحاڵەکان هەروەها باس لە ئامادە و جێگیر بوونی بەرینی هێزە لیباس شەخسی، ئینتزامی و ئەمنییەتییەکان لە زۆربەی میدانەکان و گەڕەکەکانی مهاباددا دەکەن.
یەکێک لە هاوڵاتیانی مهابادی با ئاماژەدان بە کاردانەوەی تووندی خەڵکی ناڕازیی دوای کۆتایی هاتنی ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی تەرمی فایەق مامقادری لە شەوی ڕابردوو لە قەبرانی مهاباد، دەربارەی ئامادەیی هێزە ئەمنییەتییەکان و شێوازی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ناڕازیان بە "ئێرانوایەر" دەڵێت: "هێزە ئەمنییەتییەکان ئامادەییەکی هەست پێکراویان لە کاتی بەڕێوە چوونی ڕێوڕەسمەکەدا نەبوو، چونکە لە خیابانێک خوارتر، لە مەیدانی مەلا جامی و سەعاتدا جێگر کرابوون. ژمارەیەکیشیان بە ماشین خەریکی هاتوچۆ بوون بەڵام هیچ چەشنە تێکهەڵچوونێک لە نێوان هێزە ئەمنییەتییەکان و خەڵکە ناڕازییەکەدا ڕووی نەدا."
ئەم هاوڵاتییە بەڵام لە درێژەدا جگە لە ئاماژەدان بە ئامادەیی، پاڵپشتی و هاوپشتیی خەڵکی مهاباد دوای ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی تەرمی فایەق مامقادری لەگەڵ بنەماڵە داخدارەکەیان دەڵێت: "جەماوەرێکی گەورەی خەڵک کە بۆ بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی فایەق مامقادری هاتبوونە قەبرانی مهاباد، دوای کۆتایی هاتنی ڕێوڕەسمەکە بە نیشانەی هاودەردی و هاوپشتی، گەڕانەوە بەردەم ماڵی مامقادری لە مەیدانی ئیستقلال و بە وتنەوەی درووشمگەلی وەک مەرگ بەر دیکتاتۆر، دایە مەگری بۆ ڕۆڵە شەرت بێ بستێنین تۆڵە، ژن، ژیان، ئازادی و شەهید نامرێ و هەروەها خوێندنی سروودی شۆڕشگێڕانەی ئەی شەهیدان، لەگەڵ بنەماڵەی مامقادریدا هاودڵی و هاوپشتیان کرد."
بە گوتەی شایەتحاڵێک، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەوونی ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی تەرمی فایەق مامقادری، ژمارەیەک لە ناڕازیان لە بڵیندگۆی هەندێک لە مزگەوتەکانی مهابادەوە، داوایان لە خەڵک دەکرد پەیوەست ببن بە ناڕەزایەتییەکانەوە، کچێکی ناڕازیی تووڕەیش بۆ یەکەم جار لە بڵیندگۆی مزگەوتەوە، سروودی شۆڕشگێڕانەی "ئەی شەهیدان"ی خوێند و دواتر داوای لە خەڵک کرد بڕژێنە سەر خیابانەکان.
یەکێک لە هاوڵاتیان هەر لەم بارەوە دەڵێت: "ئەمە یەکەم جار بوو کچێکی ناڕازی لە بڵیندگۆی مزگەوتەوە، سروودی شۆڕشگێڕانەی خوێند و داوای لە خەڵک کرد پەیوەست ببن بە ناڕەزایەتییەکانەوە. شایانی باسە کە داواکاریی لە خەڵک بۆ پەیوەست بوون بە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانەوە لە بڵیندگۆی مزگەوتەکانی مهابادەوە لەوانە مزگەوتەکانی پشتتەپە، بەری مەدرەسە، بەری شیلان و خیابانی مەنبەع لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆتە بەشێک لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارە. زۆربەی شەوان ناڕازیان تووڕە لە بڵیندگۆی مزگەوتەکانەوە سروودی شۆڕشگێڕانە بڵاو دەکەنەوە."
سەرچاەکەی "ئێرانوایەر" هەروەها باس لە دانانی سەیتەرەی گەڕۆک لە سەرەتای شاری مهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکان و لیباس شەخسییەکان بە تایبەت "جاشەکان" دەکەن.
بە گوتەی ئەم شایەتحاڵە، دەوری حەوتوویەکە هێزە ئەمنییەتییەکان بە هاوکاریی جاشەکان لە سەرەتای شاری مهاباددا، سەیتەرەی گەڕۆکیان داناوە و جگە لە پشکنینی ماشینی خەڵک، لە هۆکاری هاتن و چوونی سەرنشینەکان و شۆفیرەکان دەپرسنەوە.
ئەو دەڵێت: "هێزە ئەمنییەتییەکان و جاشەکان لە مهاباد زۆربەی ئێوارەکان ڕێگاکانی مهاباد لەوانە کەڵکی بەگزادان و لە نزیک وسووکەند سەیترەی گەڕۆک دادەنێن و لەگەڵ تاریک بوونی هەوا، سەیتەرەکە کۆ دەکەنەوە و شوێنەکە بەجێ دەهێڵن."
تێبینییەکەت بنووسە