تارا هەورامی، هاوڵاتی پەیامنێر، سەقز
زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ لە کوشتنی "ژینا (مەهسا) ئەمینی" و ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ١٤٠١ تێدەپەڕێت و خاکی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران کوژراوەکانی ئەم ئاخێزە جەماوەرییەیان گرتۆتە خۆیان. لە دەیەی یەکەمی پاش ڕاپەڕینی ١٣٥٧، دایکانی هەزاران زیندانیی سیاسی شوێنی ناشتنی منداڵەکانیان نەدەزانی و زۆربەی پێدەشتەکان لە سەرتاسەری ئێران بە "خاوەران" ناودێر کران. لە شاری "سەقز" شوێنی ئەسپەردە کردنی ژینا ئەمینی و باقیی کوژراوانی ئەم شارە، لە گۆڕستانی "ئایچی" بەڵام چیرۆکی کوشتنەکان بۆ ڕێبواران بەرجەستە دەکاتەوە.
***
گۆڕستانی ئایچی لە سەقز پێشینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە بیست ساڵ بەر لە ئێستا، بەڵام لە سەت ڕۆژی ڕابردوودا کەمتر کەسێک هەیە ناوی ئەم گۆڕستانەی نەبیستبێت. دوای ئاخێزی جەماوەری لە پاش کوشتنی ژینا ئەمنیش، کەم کەس هەیە ڕێی کەوتبێتە ئەم سەری ئێرانەوە و سۆراخی شوێنی ئەسپەردە کردنی ژینا ئەمینیی نەگرتبێت.
مەیدانی "زیندان" یان هەمان "ئینقلاب" کە ناوە حکوومەتییەکەیەتی، بەرەو گۆڕستانەکە بسووڕێنەوە، بۆلڤارێک هەیە کە ئێوە بەرەو جادەی سەرەکیی سەقز بۆ بانە دەبات. دەبێت ڕێگایەکی حەوت کیلۆمەتری تا گۆڕستانەکە ببڕدرێت. هەمان ڕێگا کە لە ڕێوڕەسمی چلەی ژینا ئەمینی، بووە ڕایەلی ئەو حەشیمەتە گەورەیە.
بۆ چوونە نێو گۆڕستانەکە دەبێت ژێرگوزەرێک ببڕین. "ئایچی" لە لای چەپی ڕێگای سەقز بۆ بانەدایە. بەرامبەرەکەی واتە لای ڕاستی ئۆتوبانەکە، گوندێک هەر بەم ناوە هەیە. زەویی گۆڕستانەکە زەویی کشتوکاڵ و هی کەسێکی دەستڕۆیشتووی هەر ئەم گوندە بوو کە ڕادەستی شارەداریی کرد بۆ بینا کردنی گۆڕستان.
ژینا؛ گۆشەی باشووری ئایچی

پێش نیوەڕۆیە. گۆڕستانەکە تا ڕادەیەک چۆڵە. کەس بە دوای قەبرە کۆنەکاندا ناگەڕێت. بەڵام بەشی خوارینی گۆڕستانە چیرۆکێکی جیاوازی هەیە. هەرچی لەو شوێنە نزیک دەبینەوە، ئەگەرچی حەشیمەتەکە پەرتەوازەترە بەڵام خەڵکەکە لەوێ زۆرترن. لە مەیدانی کۆتایی گۆڕستانەکە نزیک دەبینەوە، وێنەی ژینا ئەمینی لە گۆشەی باشووری ئایچیدا خۆی دەنوێنێت.
ڕێبوارەکان کە لە گۆڕستانەکەدا دێن و دەچن، کاتێک دەگەنە شوێنی ناشتنی ژینا ئەمینی، بۆ چەند چرکەیەک ڕادەوەستن. ئەو هێمای ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ١٤٠١ی ئێرانە و ئێستا خەڵکێک تەنانەت لە ڤشارەکانی دەوروبەروە سەردانی مەزارەکەی لە ئایچی دەکەن.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بە دەستی ئێرانوایەر گەیشتووه خەڵکێکی زۆر لە گۆڕستانی ئایچی گردبوونەتەوە و دروشمی " کوردستان، کوردستان گۆڕستانی فاشیستان" و " هەتا کوردێک بمێنێت کوردستانیش ئەمێنێت" دەڵێنەوە.#ناڕەزایەتی_سەراسەری #مهسا_امینی pic.twitter.com/vbc0feuTKb
— ئێرانوایەر (@kurdishiranwire) October 26, 2022
پاوێک نزیک ٤٥ ساڵان لەگەڵ کچە گەنجەکەیدا لە شوێنی ئەسپەردە کردنی ژینا ئەمینی نزیک دەبنەوە و دوای سڵاو کردن لە ئامادە بوانی نزیک مەزارەکەی، فاتێحایەک دادەدەن. کچە گەنجەکە بوغز گەرووی دەگرێت، هەر لەو سووچە دادەنیشێت و چاو دەبڕێتە وێنەکەی ژینا.
لە شاری "سنە"وە هاتوون و بە هاوڵاتی پەیامنێرەکەی "ئێرانوایەر" دەڵێن: "میوانی خزمانی سەقز بووین و پێمان خۆش بوو سەردانی مەزارگەی ژینا بکەین."
فەرەیدوون مەحموودی؛ گۆشەی ڕۆژهەڵاتی ئایچی

بەردی کێلەکەیان بە پلاستیک داپۆشیوە. زستانە و بۆ پاراستنی بەردەکان وەک قەدیم دایان پۆشیون و بە ڕێسمان پێچاویانە.
لە پشت بەردی قەبرەکەی فەرەیدوون، لەوحێکی شێوەکاری هەیە کە تێیدا سێ کەس دستی یەکتریان گرتووە. یەکێک لە ئامادە بوان لە گۆڕستانەکە لە پاڵ مەزاری فەرەیدووندا ڕاوەستاوە و فاتێحا دەخوێنێت. مۆبایلەکەی دەدات بە گەنجەکەی تەنیشتی بۆ ئەوەی وێنەی بگرێت و بە دەنگێکی تا ڕادەیەک بەرز دەڵێت: "ئەم شێوەکارییە کوڕەکەی فەریدوون کێشاویەتی و وتوویەتی ئەمانە من و باوک و دایکمین."

"فەرەیدوون مەحموودی" لە یەکەم کوژاروانی دوای ژینا ئەمینی بوو کە ٢٨ی ڕەزبەر، لە دەوروبەری خیابانی "جومهووری"ی سەقز، بەر فیشەک کەوت و کوژرا.
فەرەیدوون فەرەجی؛ باوکێک کە شیعری خوێندەوە

چەند ڕیز خوارتر لە مەزارەکەی فەریدوون مەحموودی، قەبرەکەی "فەرەیدوون فەرەجی"یە. ئەو گەنجێکی سەڵت بوو کە بۆ کار لە ڕیستۆران، بە ڕۆژدا دەچووە "بانە" و شەویش دەگەڕایەوە. ٥ی خەزەڵوەر و یەک ڕۆژ دوای چلەی ژینا ئەمینی بوو کە لە بانە کوژرا.
تەرمەکەی فەرەیدوون شەوانە و لە ژێر گوشاری ئەمنییەتیدا بە خاک سپێردرا. باوکی فەرەیدوون لە ڕێوڕەسمی چلەکەیدا بە خوێندنەوەی شیعر یادی کوڕەکەی کردەوە. مەزارەکەی ئەویش وەک باقیی قەبرەکانیتر بە پلاستیک داپۆشراوە. لەسەر کێلی قەبری هەر دوو فەرەیدوونەکە، شیعری کوردیی شۆڕشگێڕانە نووسراوە.
دانیال پابەندی؛ لاوێکی ١٦ ساڵان

جگە لە مەزارگەی ژینا ئەمینی، مەزاری باقیی کوژراوەکان لە نزیک یەکتردان. لە قەبری فەرەیدوونەکان، چەند ڕیز سەرووتر، مەزاری دانیال، لاوە کوژراوە ١٦ ساڵانەکەیە. دانیال منداڵی کار بوو و ٢٥ی خەزەڵوەر، لە گەڕەکی "کەریماوا"ی سەقز بە فیشەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان کوژرا.
تەرمی دانیال پابەندی بە شەو لە نەخۆشخانەی "تەئمینی ئیجتماعی" گوێزرایەوە بۆ گۆڕستانی ئایچی، بنەماڵەکەی کاتێک لە نەخۆشخانە بوون ئاگاداری ئەم ڕاگواستنە دەبن. ئەوان لە دوا چرکەکاندا و بۆ ماڵئاوایی دەگەنە گۆڕستانی ئایچی.
باوکی دانیال کرێکارە و خۆیشی دوای تەواو کردنی قۆناغی سەرەتایی دەستی لە خوێندن هەڵگرتوە و کار دەکات.
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردە کردنی #دانیال_پابەندی، منداڵێکی ١٧ ساڵان خەڵکی #سەقز کە شەوی ڕابردوو ٢٥ی خەزەڵوەر، لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی خەڵکی ئەم شارەدا بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکانەوە گیانی لەدەست دا. #مهسا_امینی #ناڕەزایەتی_سەراسەری pic.twitter.com/LPHdrmCoVY
— ئێرانوایەر (@kurdishiranwire) November 17, 2022
عەبدولڕەحمان بەختیاری؛ دواین کوژراوی سەقز

عەبدولڕەحمان مامۆستای خانەنشینی پەروەردە و بارهێنان بوو کە شەوێک دوای کوژرانی دانیال، لە بەر ماڵەکەی خۆیدا بەر فیشەکی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان دەکەوێت و گیان لە دەست دەدات. تەرمەکەی ئەویش هەمان شەو، بە شێوەیەکی شارەوە و بە ئامادە بوونی ژمارەیەکی کەمی ئەندامانی بنەماڵەکەی بە خاک سپێردرا.
قەبرەکەی ئەو چوار ڕیز لە خوار قەبەرەکەی دانیالەوەیە. حەریرێکی سوور، کە ئێستا یەکێکە لە ناسنامەکانی ئاخێزی سەراسەری بە تایبەت لە کوردستان، قەبەرەکەی داپۆشیوە. هێشتا بەردی قەبری بۆ دانەنراوە بەڵام لەسەر مەزارەکەی نووسراوە: "شەهید"
ئەو شەهیدانەی کە منداڵی دایکیشن
سەرباری ئەو گوشارانەی کە شارەداری دایناوە، بنەماڵەی کوژراوەکان ناوی "شەهید" لەسەر بەردی مەزاری ئازیزانیان زیاد کردووە.
ناوی دایکانیش لەسەر قەبرەکان بەرچاو دەکەوێت. ڕووداوێک کە دەوترێت لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا زیاتر لە هەموو کات ڕووی داوە؛ هەوڵێکی دایکانە لە بزووتنەوەیەکدا کە بە مافەکانی ژنانەوە دەستی پێکرد.
لە کاتی گەڕانەوە لە گۆرستانی ئایچی، هێشتا نەگەیشتبوومە خاڵی دەرچوون سەیارەیەکی پلاکی "سنە" ڕایدەگرێت. شۆفیرەکە جامەکەی دەهێنێتە خوارەوە و دەپرسێت: "ببوورن، قەبرەکەی ژینا لە کوێیە؟"
تێبینییەکەت بنووسە