close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرتی تایبەت

باوکی ژینا ئەمینی؛ نەورۆزی ١٤٠٢ لەسەر مەزارکەی دەبین

۲۷ ڕەشەمەی ۱۴۰۱
هاوری یوسفی
خوێندنەوەی وتارە لە ۵ خولەکدا
گڵکۆی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە ئارامگەی ئایچی شاری سەقز
گڵکۆی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە ئارامگەی ئایچی شاری سەقز
ئەمجەد ئەمینی: بەداخەوە هێشا دەزگای دادوەری هیچ وڵامێکی پێ‌نەداوینەتەوە.
ئەمجەد ئەمینی: بەداخەوە هێشا دەزگای دادوەری هیچ وڵامێکی پێ‌نەداوینەتەوە.

"ئەمجەد ئەمینی"، باوکی "ژینا (مەهسا) ئەمینی"، سەرباری تێپەڕبوونی زیاتر لە ٦ مانگ بەسەر کوشتنی کچە گەنجەکەی‌ و لە تازیەی ڕۆڵە لە دەست چوو و جێگا بەتاڵەکەی‌دا، هەموو ڕۆژێک بۆ بینینی دەچێتە سەر مەزارەکەی لە گۆڕستانی "ئایچی"ی شاری سەقز. ئێستا باوکی ژینا و باقیی ئەندامانی بنەماڵەی ئەمینی خەریکی ئامادەکارین بۆ بەڕێوەبردنی ڕێ‌وڕەسمی نەورۆز و ساڵی نوێی ١٤٠٢ لەسەر مەزاری کچێک کە ناوەکەی بووبە ڕەمزی خۆڕاگریی ژنان لە ئێران و گرێ درا بە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"یەوە.

ئەوەی لە خورەوە دەیخوێننەوە وتووێژی تایبەتیی "ئێران‌وایەر"ە لەگەڵ "ئەمجەد ئەمینی" باوکی ژینا.

***

هاوکات لەگەڵ بەرفراوان بوونەوەی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ١٤٠١ بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە کاتی دەستگیر بوونی لە گەشتی ئیرشاددا، بنەماڵەکەیشی وەک یەک لە بنەماڵە دادخواز و داخ‌دارەکان دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ هێشتا هەر چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی شەفانن لەسەر دۆسییەی ئازیزەکەیان لە لایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە.

ئەمجەد ئەمینی هەر لەم پێوەندییەدا بە "ئێران‌وایەر" دەڵێت: "بەداخەوە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە تاکوو ئێستا دەزگای دادوەریی ئێران هیچ وڵامێکی بە سکاڵا و داخوازییەکانی ئێمە و هەروەها پارێزەرانی دۆسییەکەی ژینا نەداوەتەوە. لە لایەکی‌ترەوە، ئێمە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە کە سکاڵاکەمان تۆمار کرد، خوازیاری بینینەوەی دووبارەی فیلم کامێرای سەر جل‌وبەرگی ئەو پۆلیسەین کە ژینای دەستگیر کردووە لەناو وەنەکە و هەروەها کامێرای چوونە ژوورەوەی بینای گەشتی ئیرشاد و خوازیاری کۆپیی بەڵگەنامەکانی دۆسییەکە لەوانە ڕاپۆرتی پزیشکی و ئەو لێکۆڵینەوانە بووین کە تاکوو ئێستا ئەنجام دراون. ئێمە هەروەها خوازیاری بەشداری کردنی پارێزەرانی دۆسییەکەین لە توێژینەوەکان و وتووێژ لەگەڵ ئەو ژنانەی کە لەگەڵ ژینا لە ناو وەنەکەی گەشتی ئیرشاددا دەستگیر کرابوون. بەڵام تاکوو ئێستا هەموو ئەم داخوازیانەی ئێمە لە لایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بێ وڵام ماونەتەوە و ڕازی نەبوون بە هیچ کام لە داخوازییەکانمان."

بەڕێز ئەمینی، جگە لە دەربڕینی داخ و پەژارەی خۆی لە بابەت کوژرانی ناڕازیان لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان بەرامبەر کوشتنی ژینا ئەمینی دوای سەرکوتی تووندوتیژانەی خۆپیشاندانەکان لە لایەن هێزە چەکدارە حکوومەتییەکانەوە، وتی: "پاش ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی کە بەسەر کچەکەمان‌دا هات زۆر ئاسایی بوو کە خەڵک لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات بەرامبەر ئەم ڕووداوە کاردانەوەیان هەبێت و ناڕەزایەتی دەرببڕن. بەڵام لە ڕاستی‌دا چاوەڕێی ئەوەمان نەدەکرد ئەم ناڕەزایەتی و کاردانەوانە هێندە گران بشکێتەوە بەسەر خەڵک‌دا. دەکرا لە ڕێگەی هەڵ‌سوکەوتی گونجاوەوە، لێبوردەیی و پلانەوە پێش بەم ڕووداوە دڵتەزێنانە بگیرێت و ناڕەزایەرتییەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن. ئەم ڕووداوانە زۆر کاریگەریی لەسەر ئێمە هەبوو و دڵگران و بێ تاقەتی کردین و خۆزگە تەنیا جەرگی ئێمە دەسووتا و زیانێک وەبەر کەس نەکەوتبا بۆیە بەم بۆنەوە زۆر خەمبارم."

ئەمجەد ئەمینی لە وڵامی ئەم پرسیارەی "ئێران‌وایەر"دا کە چ هەستێکیان هەیە بەرامبەر بینین و بڵاوکردنەوەی بەرینی وێنەکانی ژینا وەک رەمزی خۆڕاگریی ژنانی ئێران لە میدیاکانی جیهانی ئازاددا، وتی: "بە دیتنی بەردەوامی وێنەی کچەکەمان لە لایەکەوە خۆشحاڵ دەبین و لە لایەکی‌تریشەوە داخ و پەژارەی مردنەکەی بۆ ئێمە تازە دەبێتەوە. بەڵام بە گشتی من و دایکی ژینا لەوەی کە هەموو جیهان مەزڵوومیەتی کچەکەمان هاوار دەکەن خۆشحاڵ و بەختەوەرین. هەورەها لەوەی کە خوێنی بە ناحەق ڕێژراوی کچەکەمان ژینا بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئێران خواستەکانیان بهێننە ئاراوە شانازی بە خۆمانەوە دەکەین."

باوکی ژینا ئەمینی وەک یەکێک لە بنەماڵە دادخوازەکان دەربارەی پێوەندیی خۆی لەگەڵ باقیی بنەماڵە دادخوازەکان و داخ‌دارەکان لە کاتی سەرکوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دەڵێت: "ئێمەی بنەماڵەی گیان بەخت کردوان ژانێکی هاوبەشمان هەیە و ئاساییە کە لە حاڵ و دۆخی یەک‌تر بپرسینەوە. زۆربەی بنەماڵەکان پێوەندیان پێوە گرتووم و داخ و پەژارەی خۆیان دەربڕیوە. تەنانەت ژمارەیەک لە بنەماڵە دادخوازەکان لە سنە کە [ئازیزەکانیان لەم بزووتنەوەدا] شەهید بوون پێوەندیان پێوە گرتووم و پێشنیاریان داوە کە لە لایەن هەموو ئەو بنەماڵانەی کە منداڵەکانیان یاخود ئازیزانیان لە دەست داوە، دەقی سکاڵایەک ئامادە بکەین و بینێرین بۆ ناوەندە باڵا دادوەرییەکانی وڵاتانی بیانی. من بۆخۆم ئەم پێشنیارەم قبووڵ نەکردووە و وتوومە کە من بە شێوەی تاکە کەسی سکاڵام تۆمار کردووە و چاوەڕێی وڵامم. بەڵام هەروەک پیش‌تر ئاماژەم پێدا [دەزگای دادوەریی ئێران] تا ئەم بەروارە هیچ وڵامێکی بە ئێمە نەداوەتەوە."

ئەمجەد ئەمینی، جگە لە ئاماژەدان بە هاوپشتی و هەستی هاوخەمیی لە ناو بنەماڵە دادخوازەکان‌دا، سەبارەت بە شێوازی هەڵس‌وکەوتی هاوشێوەی دەزگای دادوەریی ئێران لەگەڵ دۆسییەی باقیی گیان بەخت کردوانی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ١٤٠١ و وڵام نەدانەوە بۆ بنەماڵەکانیان، بە ڕاشکاوی وتی: "بنەماڵە دادخوازەکان بە تێکڕا لەم دۆخە ناڕزای و خەمبارن و تا جێگایەک کە من بزانم هەموو بنەماڵەکان سکاڵایان تۆمار کردووە بەڵام سکاڵاکەی ئەوانیش وەک دۆسییەکەی ئێمە سەرباری بەدواداچوونەکانی پارێزەرەکان بێ وڵام ماونەتەوە و هیچ کەسێک بەرامبەر ئێمە وڵام‌دەر نییە. لێرەوە، ئەگەر ئەم ڕەوتە درێژەی هەبێت ناچارین لە ڕێگەی دیکەوە هەوڵ بدەین."

باوکی ژینا ئەمینی هەر لەم بارەوە زیادی کرد: "ئێستا بژاردە و مەسڵەحەتی ئێمە بەدواداچوونی سکاڵاکە و بە ئەنجام گەیاندنییەتی لە دەزگای دادوەریی ئێران‌دا. بەڵام ئەگەر لەم ڕێگەوە بە ئەنجام نەگەیشتین چیتر ناچارین لە ڕێگەی ناوەندە دادوەرییە نێونەتەوەییەکانەوە سکاڵاکەی خۆمان تۆمار بکەین."

لەم ڕۆژانەدا کە هەر چرکەیەک لە نەورۆز و ساڵی نوێی ١٤٠٢ نزیک‌تر دەبینەوە، ئەمجەد ئەمینی قسە لەسەر هەستی خۆی و موژگان ئێفتخاری، دایکی ژینا لە ماڵێک‌دا دەکات کە هەموو شوێنێکی بۆ ئەوان وەبیرهێنەرەوەی یاد و بیرەوەرییەکانی ئازیزە لەدەست چووەکەیانە: "لە ڕاستی‌دا هیچکات ناتوانین یاد و یادەوەرییەکانی ژینا فەرامۆش بکەین. چاو لە هەر شوێنێکی ئەم ماڵە دەکەین یاد و بیرەوەرییەکانی ژینامان وەبیر دەخاتەوە بە تایبەت بۆ هاوسەرەکەم لەگەڵی‌دا هاوڕێ و دۆستی نزیک بوو؛ نەبوونی ژینا داخێکی گەورەیە کە هیچکات فەرامۆش ناکرێت. خەمبارم، بەڕاستی خەمبارم. جێگاکەی بەتاڵە، زۆریش بەتاڵ."

ئەمجەد ئەمینی کە دوای مەرگی ژینا هەموو ڕۆژێک بۆ بینینی کچەکەی سەردانی گۆڕستانی ئایچیی سەقز دەکات تاکوو کچەکەی ببینێت و هێندێک ئارام ببێتەوە، بەم جۆرە باسی لە هەستی قووڵی هاوپشتی و هاوخەمیی خەڵکی لەگەڵ بنەماڵەی خۆی‌دا کرد: "هەموو ڕۆژێک کاتێک سەردانی مەزاری ژینا دەکەم، ئامادەیی هەمیشەیی خەڵکێک کە هاتون بۆ بینینی کچەکەم مایەی ئارامی و دڵگەرمیی منە. بە درێژایی شەش مانگی ڕابردوو تەنانەت ڕۆژێک نەبووە خەڵک بۆ بینینی ژینا سەردانی گۆڕستانی ئایچی نەکەن. دەستە دەستە گوڵ دەهێنن. ڕێز و گەورەیی ئەو خەڵکە نەک خۆشحاڵی کردووین بەڵکوو مایەی ئارامی و دڵگەرمیی ئێمەیە."

باوکی ژینا ئەمینی بە ئاژادەدان بە نزیک بوونەوە لە نەورۆز و ساڵی نوێی ١٤٠٢، وتی: "بێ‌گومان نەورۆز و لە کاتی پێشوازی کردن لە ساڵی ١٤٠٢دا دەچینە سەر مەزارەکەی ژینا لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز و لە لای ئەو دەبین. تەنانەت بڕیارمان داوە لەگەڵ بنەماڵە و کەس و کار و خزمان سفرەی حەوت سین لە پاڵ مەزارەکەی ژینای ئازیزمان‌دا بچنین."

از بخش پاسخگویی دیدن کنید

در این بخش ایران وایر می‌توانید با مسوولان تماس بگیرید و کارزار خود را برای مشکلات مختلف راه‌اندازی کنید

صفحه پاسخگویی

تێبینییەکەت بنووسە

بابەتە پەیوەندیدارەکان

ئەمانەش ببینە

هەواڵ

ڕاگەیەندراوی بەکۆمەڵی ژنە بەندکراوە پێشووەکان؛ ئازادی بابەتێکی جەمعییە

۲۷ ڕەشەمەی ۱۴۰۱
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
ڕاگەیەندراوی بەکۆمەڵی ژنە بەندکراوە پێشووەکان؛ ئازادی بابەتێکی جەمعییە