close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ژنان

لەیلا پایمەرد، خەڵکی پیرانشار لە لایەن هاوسەرەکەیەوە ئاگری تێ بەردرا

۲۹ جۆزەردانی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۲ خولەکدا
لەیلا پایمەرد، خەڵکی پیرانشار لە لایەن هاوسەرەکەیەوە ئاگری تێ بەردرا

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ژنە لاوێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بە ناوی "لەیلا پایمەرد" لە خانەباخێکی بچووک لە گوندی "شێلم جاڕان" سەر بە شاری پیرانشار لە لایەن هاوسەرەکەیەوە ئاگری تێ بەردرا و سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣ بە هۆی سەختی برینەکان و زۆریی ڕێژەی سووتانەکەیەوە لە نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ورمێ گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هۆکاری ئاگرتێبەردانی ئەم ژنە لە لایەن هاوسەرەکەیەوە "کێشەی بنەماڵەیی" و "داواکاریی جیابوونەوە" لە لایەن ئەم ژنەوە بووە. بە شێوەیەک کە لەیلا پاش هاوسەرگیری لە لایەن "هاوسەرەکەی و خوشکەکانیەوە" توندوتیژیی بەرانبەر کراوە و ئازار دراوە و بێڕێزیی پێ کراوە، هەر بەم هۆیەوە چەندین جار پرسەکەی بۆ خوشک و براکانی باس کردووە و هەرجار بۆ ماوەیەک ماڵ و هاوسەرەکەی بەجێ هێشتووە تاکوو بتوانێ لێی جیا ببێتەوە، بەڵام کێشەی ئەم ژنە چارەسەر نەبووە و لە کۆتاییدا لە لایەن هاوسەرەکەیەوە ئاگری تێ بەردراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە سەبارەت بە چۆنیەتیی ئاگرتێبەردانی لەیلا لە لایەن هاوسەرەکەیەوە دەڵێ، لەیلا و هاوسەرەکەی بڕیار بووە لە زەمینێکی کشتوکاڵی لە گوندی "شێلم جاڕان" سەر بە پیرانشار کە خانەباخێکی بچووکی تێدایە کار بکەن و لەوێ بژین. لەیلا پێش لەوەی کە بسووتێندرێ، کاتی پارشێو بە مەبەستی ڕۆژووگرتن لە خەو هەستاوە و دوایە خەوتووەتەوە مورادیش پێش لەوە جێگا خەوەکە و دارێکی درێژ بۆ ئاگرتێبەردانی لەیلا ئامادە دەکات و پاش ئەوەی کە بە بەنزین ئاگر لە جەستەی لەیلا بەر دەدات، هەڵدێت. دواتر کەسێک کە لەو نزیکانەوە بووە بە ئاگرەکە دەزانێ و خۆی دەگەیەنێتە خانەباخەکە و دەنگی هاواری لەیلا دەبیستێ کە دەڵێ "موراد لە خەودا ئاگری تێبەردام."

بەپێی ئاخرین ڕاپۆرتەکان، موراد پاش ئاگرتێبەردانی لەیلا هەڵهاتووە و تاکوو ئێستا دەستبەسەر نەکراوە. کچەکانی لەیلا لە کاتی ڕووداوەکەدا لە ماڵەبابی باوکیان دەبن.

لەیلا پایمەرد دوو کچی تەمەن ١٣ و ٩ ساڵانی هەیە. ناوبراو هەتا قۆناغی سەرەتایی دەرسی خوێندووە و ژنێکی ماڵدار بووە. لەیلا لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لەگەڵ موراد هاوسەرگیری کردووە و لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا لە لایەن ئەم کەسەوە سووتێندراوە.

لەیلا پایمەرد، خەڵکی گوندی "خورینج" سەر بە شاری پیرانشار بووە و باوک و دایکی چەند ساڵ پێش کۆچی دواییان کردووە.

مورادیش خەڵکی گوندی "شێلم جاڕان" سەر بە شاری پیرانشار بووە.

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

گیان لەدەستدانی لانیکەم ٩ کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەک لە شاری ڕەشت

۲۹ جۆزەردانی ۱۴۰۳
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
گیان لەدەستدانی لانیکەم ٩ کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەک لە شاری ڕەشت