دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان دژ بە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان لە ئێران، "ئەنجوومەنی پێنووسی فەڕەنسا" بە پشتیوانیی لە "بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی "پەخشان عەزیزی"، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی زیندانیکراو لە ئێران بوو.
ئەنجوومەنی پێنووسی فەڕەنسا بە ئاماژەدان بەوەیکە "ڕۆژنامەنووسان، نووسەران و هونەرمەندان یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامین" ڕایگەیاند: "ئێرانییەکان لە ئێستادا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ناڕەزایەتی دەردەبڕن و لە ڕێگای بەدەست هێنانی ئازادی، بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ و دێمۆکڕاسی و بەرگری لە ئازادی قسەکردن کە دوای ئینقلابی ئیسلامی ئێران لێیان زەوت کراوە، گیانیان دەخەنە مەترسییەوە".
هەروەها ئەم ئەنجوومەنە بە ئاماژەدان بە زیندانیانی سیاسی، بە تایبەت ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە ئێران، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان و ئازادکردنی پەخشان عەزیزی بوو کە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا دوای شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری زیندانیکراو، بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.
"پەخشان عەزیزی" زیندانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی ئێڤین کە نزیکەی یەک ساڵی ڕابردوو لە دەستبەسەری دابووە، ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی بە حوکمی "ئیمان ئەفشاری" دادوەری لقی ٢٦ی دادگای ئینقلاب، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
خاتوو عەزیزی پێشتر بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک لە زیندانی ئێڤینەوە ئاشکرای کردبوو کە: "چەندین جار لە لایەن لێکۆڵەرانەوە هەڵواسراوە".
ناوبراو لەم نامەیەدا نووسیبووی: "تا ژیانێک نەدرێت، ئازادی بەدەست نایەت. بەهای ئازادی قورسە. تاوانمان پێوەند دانی ژن، ژیان، ئازادییە".
ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە سەرەکی ترین مافەکان وەک مافی سەردانکردن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.
تێبینییەکەت بنووسە