بەپێی هەواڵی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی ڕابردوو ١٧ی گەلاوێژ، "نەرگس محەمەدی"، براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە زیندانی ئێڤینی تارانەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
هەرچەند "شیرین ئەردەکانی"، پارێزەری بنەماڵەی ڕەحمانی کە دانیشتووی پاریسی پایتەختی فەرانسەیە، ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردۆتەوە، بەڵام تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی دیکە سەبارەت بە باری تەندروستیی نەرگیس محەمەدی بڵاو نەکراوەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژ، زیندانیانی بەندی ژنانی ئێڤین وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر بە لە سێدارەدانی "ڕەزا ڕەسایی"، هاوڵاتی کوردی یارسان گردبوونەوە و دروشمیان وتەوە.
هەر بەو هۆیەشەوە پاسەوان و هێزە ئەمنییەکانی زیندان هەڵیانکوتابووە سەر ئەو بەندە و لەئەنجامیدا ژمارەیەک لەو زیندانییانە بریندار بوبوون و ڕەوانەی دەرمانخانەی زیندانەکە کراون.
"ڕەزا ڕەسایی"، هاوڵاتیی کوردی باوەڕمەند بە ئاینی یاری کە لەمیانەی ناڕەزاییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان دەستگیر کرابوو، بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژ بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکەی لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان لەسێدارەدرا.
ئەم سزایە بەتۆمەتی "بەشداری لە کوشتنی بە ئەنقەستی سەرۆکی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە" بەسەر ڕەزا ڕەساییدا سەپێندرابوو.خۆی ڕەسایی لە دانیشتنی دادگاکەیدا ئەم تۆمەتەی ڕەت کردبووەوە.
تێبینییەکەت بنووسە