"سۆهەیلا حیجاب"، ژنەزیندایی سیاسیی کورد لەگەڵ ١٣ بەندکراوی دیکە لە بەندی ژنانی زیندانی کرماشان تووشی کۆرۆنا بوون.
ئاژانسی هەواڵی "کوردپا" لەسەر زاری سەرچاوەیەکەوە نووسیویەتی، ناوەندی دەرمانی زیندانی کرماشان ماوەیەکە داخراوە و بەرپرسانی زیندانەکە مەگەر لەحاڵەتی زۆر دەگمەندا دەنا ڕێگەنادەنە هیچ زیندانییەک بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بکرێت.
سۆهەیلا حیجاب مانگی جۆزەردانی ١٣٩٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ بە دانانی بارمتەی سێ ملیاردتمەنی بەشێوەی کاتی لە زیندانی "ئێڤین"ـی تاران ئازادکرابوو.
دواتر دادگای ئینقلابی تاران بە ١٨ ساڵ زیندان سزای دا کە بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی پێنج ساڵ لەو سزایە جێبەجێ دەکرێت.
سزای ئەو هاوڵاتییە کوردە ڕۆژی ٣ـی جۆزەردانی ١٣٩٩ لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاستکرایەوە و دواتر بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی قەرچەکی وەرامین کرا.
سۆهەیلا حیجاب ماوەیەک پێش ئێستا لەو زیندانەوە بۆ زیندانی ژنانی سنە (ناوەندی چاکسازی و پەروەردە) گوازرایەوە و لە ڕۆژی ١٧ی بەفرانباریشەوە لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی کرماشاندا ماوەی بەندکرانەکەی تێپەڕدەکات.
تێبینییەکەت بنووسە