ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٢ی ڕیزبەندیی وڵاتی جیهان بۆ ئازادیی ڕاگەریاندنی بڵاوکردەوە، ئێران لەو ڕاپۆرتەدا لە پلەی ١٧٨ـەمدایە لەنێوان ١٨٠ وڵاتدا.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٢ی پەیامنێرانی بێسنوور، تەنیا دوو وڵاتی ئەریترە و کوریای باکور لە پلەکانی خوارتر لە ئێراندان و وڵاتی چینیش بە ١٧٥ـە وڵاتی جیهان دانراوە بۆ ئازادیی ڕاگەیاندن.
"ڕەزا موعینی"، بەرپرسی بەشی ئێران و ئەفغانستانی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە بارەی ئە،م ڕاپۆرتەدا قسەی بۆ "ڕادیۆ فەردا" (بەشی فارسیی ڕادیۆ ئەوروپا) کردووە و توویەتی، بەداخەوە لە ڕاپۆرتی ئەمساڵدا ئێران کەوتۆتە پلەیەکەوە کە پێیان دەوترێت دەروازەی دۆزەخ بۆ ڕۆژنامەنووسان.
سانسۆر و کۆنتڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان، فیلتێرینگ و بڕینی ئینتێرنێت، توندوتیژی لەدژی ڕۆژنامەنووسان، زیندان کردن و کوشتنیان چەند لە پێوەرە سەرەکییەکانن بۆ ڕیزبەندیی ساڵانەی وڵاتانی جیهان لەڕووی ئازادیی راگەیاندنەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لەئێستادا ٢٤ ڕۆژنامەنووس و پەیامنێر لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دان، ئەوەش وای کردووە کە ئێران ببێت بە یەک لە گەورەترین زیندانەکانی جیهان بۆ ڕۆژنامەنووسان.
وڵاتی ئەفغانستان لە ڕیزبەندیی ئەمساڵی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنووردا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە لە پلەی ١٢٢دا بوو ٣٤ پلە دابەزیوە و کەوتۆتە پلەی ١٥٦ـەمەوە.
ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات گرتنی تالیبان لەو وڵاتەدا کە لە پاش ئەو زۆربەی میدیا و ڕاگەیاندنەکان داخران و ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامەنووسانیش دەستگیر کران یان بە ناچار کۆچیان کرد بۆ دەرەوەی وڵات.
نۆروێژ لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٢شدا وەکو پێنج ساڵی ڕابردوو بە ئازادترین وڵات بۆ پەیامنێران و ڕاگەیاندنەکان ڕاگەیەندراوە و وڵاتانی دانیمارک و سوێد لەپاش ئەو لە پلەی دووهەم و سێهەم دان.
تێبینییەکەت بنووسە