کەسێک لە شاری فاریاب سەر بە پارێزگای کرمان لە ناوەڕاستی ئێران "لە ئەنجامی ناکۆکی بنەماڵەیی"، ١٢ ئەندامی بنەماڵەکەی کە چوار منداڵ، باوکی، براکەی و هاوسەری براکەی لەناویدان کوشت. ئەم کەسە لە کاتی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنیدا لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.
بە وتەی سەرۆکی دادوەری کرمان، ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە شاری فاریاب کە دەکەوێتە باشووری ئەم پارێزگایە، کەسێک ١٢ ئەندامی بنەماڵەکەی لە نێویاندا باوک و برا و هاوسەری براکەی کوشت.
ئیبراهیم حەمیدی، سەرۆکی دادوەری پارێزگای کرمان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکان، وێڕای بە "ترسناک" ناو بردنی ئەم تاوانە، وتی کە ئەم ڕووداوە لە "گوندی مەزرەعە و ئیمام ئەدۆری، شاری فاریاب، بە پاڵنەریی کێشەی بنەماڵەیی" ڕوویداوە.
بەرپرسانی پۆلیسی کرمان ڕایانگەیاندووە کە "چوار منداڵ لە نێو کوژراوەکاندا بوون". هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.
هێرشبەرەکە دوای ئەنجامدانی ئەم تاوانە هەڵدێت. بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرمان ڕایگەیاند کە "لە کۆتاییدا، ناسنامەی تۆمەتباری هەڵاتوو لە گوندی مێهرۆیێی هەمان شار کەشف کرا و لە کاتی ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرکردندا کوژرا".
شاری فاریاب بە دووری ٣٣٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری کرمان هەڵکەوتووە.
تێبینییەکەت بنووسە