ڕێوڕەسمی پرسەی "ئیبڕاهیم ڕەئیسی" و شاندی هەشت کەسی یاوەری، کە بەهۆی کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەر کوژران، لە تەورێز بەڕێوەچوو.
ئەو وێنانەی لە لایەن ئاژانسە هەواڵدەرییەکان بڵاوکراونەتەوە، گرووپێک لە خەڵک نیشان دەدات کە بەرەو "مێعڕاجی شەهیدان"ی تەورێز چوونە..
بەپێی بەرنامەی دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی، ئەم ڕێوڕەسمە لە کاتژمێر ٩:٣٠ی سەرلەبەیانی ١ی جۆزەردانی ١٤٠٣، لە مەیدانی "شەهیدان" تا "موسەلای تەورێز" بەڕێوەچوو و چەند کاتژمێرێکی خایاند. بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە شارەکانی قوم، تاران و مەشهەدیش مەڕاسیمی هاوشێوە بەڕێوەبچێت.
"ئەحمەد وەحیدی" وەزیری ناوخۆی ئێران، لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ڕەئیسی لە تەورێز، گووتی "خەڵکی ئێران نیشانیان داوە کە لە هەموو بەڵایەک پلیکانەیەک بۆ شکۆمەندییەکی نوێ بۆ ئەم سیستەم و نەتەوەیە دروست دەکەن".
سەرۆکی لێژنەی بەخاکسپاردنی تەرمی ڕەئیسی و شاندی یاوەری، گوتوویەتی کە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و شاندی یاوەری، بڕیارە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە مەزارگەی ئیمامی هەشتەمی شیعە مەزهەبەکان بەڕێوە بچێت.
دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی چووارشەممەی لە هەمووی ئێران داخست.
میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی هەواڵی ئەم ڕێوڕەسمەیان لە ژێر ناوی "شەهیدی خزمەت" بڵاو کردەوە. ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە پەیامێکدا کۆچی دوایی ئیبڕاهیم ڕەئیسی بە "شەهیدبوون" ناوبرد.
بەڕێوەچوونی پرسەی ئەو کەسانە لە تەورێز لە کاتێک دایە کە ژمارەیەکی بەرچاوی ئێرانییەکان لە وڵاتانی جیاواز خۆشی دەردەبڕن لەبەر مردنی ڕەئیسی و یاوەرەکانی.
تێبینییەکەت بنووسە