ئەکاونتی یوتیوبی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ماوەیەک دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بە زمانی ئینگلیزی لە ژێر ناوی "بەرخۆدان، تەنیا بەربژێری فەلەستین"، بەهۆی پێشێلکردنی ڕێساکانی یوتیوب، سڕایەوە.
ئاژانسی هەواڵدەری "تەسنیم" پەیامی یوتیوبی بۆ وەزارەتی دەرەوە، بڵاوکردەوە. به پێی ئەم پەیامە، یوتیوب بەهۆی ئەوەی پێشێلکردنی ڕێساکان ناوی بردووە، ئەکاونتی وەزارەتی دەرەوەی سڕیەوە.
پێشتریش کۆمپانیای گووگڵ سڕینەوەی ٤٠ کەناڵی پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوبی ڕاگەیاندبوو. بە پێی ڕاپۆرتی گووگڵ کە لە ڕەشەممەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی بڵاوکرایەوە، ئەم کەناڵانە کە بە زمانەکانی فارسی، ئینگلیزی، هیندی و ئوردو چالاکیان دەکرد، بۆ پشتیوانی لە سیاسەتەکانی نیزام و ڕەخنەگرتن لە ناڕازییان لە ئێران، ناوەڕۆکیان بەرهەم دێنا.
بەپێی ئەو ئامارەی لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڵاوکراوەتەوە، فەیسبووک تا ئەم ڕێکەوتە بە گشتی نزیکەی دوو هەزار و ٢٠٠ لاپەڕە، ئەکاونت و گروپی پەیوەندیدار بە چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی لە لاپەڕەی خۆی سڕیبۆوە.
تویتەریش هەر لەو ماوەیەدا، هەشت هەزار ئەکاونتی بە نزیکەی هەشت ملیۆن و نیو نامەی بڵاوکراوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی سڕیبۆوە.
هەبوونی بەرپرسان و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کاتێک دایە کە خۆیان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەڕووی خەڵکی ئێراندا داخستووە.
تێبینییەکەت بنووسە