"ناسر عەتەباتی" سەرۆکی گشتیی دادگوستەری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، دەرکردنی خوازەنامەی بۆ ٦ ئەندامی شوڕای شاری سەردەشت بە تۆمەتی وەرگرتنی ٣٢ هەزار دۆلار بەرتیلی ڕاگەیاند.
بە پێی ڕاپۆرتی "ئیسنا"، لێکۆڵینەوە سەبارەت بە پرسی وەرگرتنی بەرتیل لە لایەن ٩ کەسەوە لە سەردەشت کە ٦ کەسیان ئەندامی شوڕای شاری سەردەشت بوون، لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردووەوە خراوەتە ناو بەرنامەی کاری دادستانی ئەم شارەوە و دوای لێکۆڵینەوەی قەزایی، ئەو کەسانە بە تاوانی بەرتیل وەرگرتن خراونەتە ژێر چاوەدێری و دەستگیر کراون.
بە وتەی سەرۆکی گشتیی دادگوستەری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لە پرسگەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەردەشت، دەرکەوت کە ٦ کەس لە ئەندامانی شوڕای شاری سەردەشت بە گشتی ٣٢ هەزار دۆلار بەرتیلیان لە ٣ تۆمەتباری دیکە وەرگرتووە. دوای ئەوە و بەپێی ڕاپۆرتی دەسەڵاتی ئەمنی، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەنجام دران، تاوانی ئەو کەسانە پشتڕاستکرایەوە و دۆسیەکە بە دەرکردنی خوازەنامە بە مەبەستی دەرکردنی حوکم بۆ تۆمەتباران، ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی دوو کرا.
عەتەباتی جەختی لەوەکردەوە کە بە پێی یاسا و بە ئاماژەدان بە دەرکردنی خوازەنامە، لەسەر کار وەلانانی تۆمەتباران ڕاگەیێندراوە و ئەو کەسانە لە ڕێکەوتی دەرکردنی ئەم خوازەنامەوە لە ئەندام بوونی شوڕای شار دور خراونەتەوە.
٩ی بانەمەڕی ڕابردوو، سەرۆکی گشتیی دادگوستەری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستگیرکردنی شەش ئەندامی شوڕای شاری سەردەشتی بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لەگەڵ بەرپرسی یەکێک لە ئیدارەکانی سەر بە شارەداری سەردەشتی ڕاگەیاندبوو.
تێبینییەکەت بنووسە