"ئەمیر شەهیدی نژاد" باوکی "مێهرشاد شەهیدی نژاد" ڕایگەیاند کە بنەماڵەی ئەم گیان بەختکردویەی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، پشتیوانی لە هیچ یەک لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری داهاتوو ناکات.
باوکی مێهرشاد لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس (تویتەری جاران) نووسیویەتی: "بە پێی زانیاری گەیشتوو، هەندێک لە بزووتنەوە سیاسییەکان دەیانهەوێت کەڵکی نابەجێ لە نێوی مێهرشادی ئازیز وەربگرن و بنەماڵەی شەهیدی لە هیچ یەک لە بزووتنەوە سیاسییەکان یان کاندیدەکانی سەرۆک کۆماری پشتیوانی ناکات و کەڵک وەرگرتنی نابەجێ لە نێوی مێهرشاد شەهیدی بە بێ ئەخلاقی سیاسی دەزانێت".
هاوکات پارێزەری بنەماڵەی شەهیدی لەو بارەیەوە نووسیویەتی: "وەک پارێزەری بنەماڵەی شەهیدی ڕایدەگەیەنم، لە کاتی دووبارە کەڵک وەرگرتن لە ناوی مێهرشاد شەهیدی لە لایەن هەر کۆمەڵێک کەس و لایەنی بەشدار لە هەڵبژاردنەکاندا، کردەوەی یاسایی و سکاڵا لە دژی ئەو کەسانە تۆمار دەکرێت".
مێهرشاد شەهیدی نژاد، لە دایکبووی ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی، خوێندکاری زانکۆی زانستە بەکارهێنەرەکانی ئەراک و چێشتلێنەری چێشتخانەی بوتەی ئەراک، ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ شەوی چلەی "مەهسا (ژینا) ئەمینی"، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری ئەراک لە لایەن هێزە ئەمنییەتێکانی کۆماری ئیسلامی کوژرا.
لە میانەی بانگەشەی خولی یەکەمی هەڵبژاردنە ناوەختەکەی سەرۆک کۆماری، "مەسعوود پزشکیان" کاندیدی بزووتنەوەی چاکسازیخواز، لە چەند گەشتێک بۆ پاریزگاکان سەردانی گۆڕی قوربانیانی فڕۆکەی مسافیربەری ئۆکراینی کردبوو کە ئەم کارە، لە لایەن بنەماڵە دادخوازەکان و کۆمەڵەی فڕۆکەوانی ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا.
تێبینییەکەت بنووسە